<

بەیاننامەی " پشتگیریكردن لە گۆڕینى سیستمى حوكمڕانى لە هەرێمى كوردستان"

31/01/2011, 12:00 (GMT+1)
ئێمە وەكو كۆمەڵێكى زۆر لە خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى كە خەڵكى ناوچە جیاجیاكانى كوردستانین، زۆر بە بایەخەوە سەیرى ئەو شەپۆلە لە ناڕەزایەتى و ڕاپەرینە جەماوەریانە دەكەین كە ماوەیەكە لەوڵاتانى ناوچەكە لەئارادایە،نمونەكانى وڵاتانى تونس و میسر و یەمەن و لوبنان ...هتد، ئەوەمان بۆ دووپات دەكەنەوە، كە لەسەرانسەرى ئەم جیهانەدا هەر ڕژێمێك هەرچەند دیكتاتۆر و ستەمەمكار بێت بەرگەى ڕق و توڕەى جەماوەر ناگرێت، هەروەها ئەم ڕوداوانە ڕاستى ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن كە فەرمانڕەوایان و حوكمڕانە دیكتاتۆر و دەست و پێوەندەكانى ئەم ناوچەیە تەنها لەپێناو ناو و ناوبانگ، پلەو پایە، سەروەت و سامان و بازرگانى كردن بەسیاسەتەوە دەیانەوێت حوكمڕانى بكەن و لەكاتى هاتنە ئاراى مەترسى بۆسەر سەرو ماڵیان ئامادەنین چركەیەك لەناو خەڵك و خاكى خۆیاندا بمێننەوە و بەرەو ئەو وڵاتانە دەڕۆن كە بە پارەى میللەتەكەیان كۆشك و باڵەخانەیان تێدا بونیاد ناوە.
بەرێزان، خەڵكى بەشمەینەت و خێر لەخۆنەدیووى كوردستان، ئەى ئەو خەڵكەى بەدرێژاى مێژوو لەژێر چەوساندنەوەى وڵاتانى داگیركەردابووى، چەندین قوربانیمان داوە لەپێناوى لە پێناو بونیادنان و دروستكردنى حكومێكى خۆماڵى، بەڵام مەخابن و سەدمەخابن ئەو حوكمە بەهیچ شێوەیەك نەیتوانى خەون و ئاواتەكانى گەلى كوردستان بەدى بهێنێت و چەندین ساڵ تووشى گێژاوى شەڕى ناوخۆ و براكوژیان كردین،لەپێناو ئەواندا هەزاران گەنج و لاوى ئەم وڵاتە شەهید كران، دواى ئەوەش ڕووەڕەشەكەى خۆیان بەسورى پیشانى ئێمە داو بێتاوانى خۆیان لەڕووڕەشیەكى وەها ڕاگەیاند. دواى هەموو ئەمانەش دووبارە هەستانەوە بەڕێككەوتن لەنێوان خۆیاندا، بەڵام ڕێككەوتن لەسەر چى ؟؟؟!!! ،ڕێككەوتن لەسەر موڵك و ماڵى ئەم خەڵكە ڕەش و ڕووت و بێ ئاوو نانە، ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنى پلەو پۆست و پایە لەنێوان خۆیاندا.
خۆشەویستان ئێمە هەموومان دەزانین ئەم وڵاتە وڵاتى سەرۆكەكان و وەزیرەكان ومەكتەب سیاسییەكان و مودیر عامەكان و پارێزگارى پارێزگاكان و قائیمقامى قەزاكان و بەڕێوەبەرى ناحیەكانە ..
بەسە ئیتر ...هییچى تر ئەمە قبوڵ ناكەین، داوادەكەین ئەخلاقیات بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو كایەى سیاسەت و كۆتایى بە دەسەڵاتى بنەماڵە و تاكەكەسى بهێندرێت و سەروەت و سامانى ئەم خەڵكە بۆخودى خەڵكەكە بێت..هێزەكانى پۆلیس و ئاسایش ببنە هى خەڵك و دەستى حیزب لەناویاندا دەربهێندرێت، پەرلەمان دەنگى خەڵك بێت نەك بەخواست و ویستەكانى حیزب ئیشبكات.
لەم ڕووەشەوە داوا دەكەین هەموومان بەیەكەوە دەست بخەینە ناو دەستى یەكترو كۆڵنەدەین تاوەكو هەڵبژاردنێكى ئازاد وپاك و بێگەردو و دوور لەترس و هەڕەشە ئەنجامدەدرێت و تیایدا پەرلەمان و چینى فەرمانڕەوا لەلایەن خەڵكەوە دیارى دەكرێن.

ئیتر هەربژین بۆقبوڵ نەكردنى زوڵم و چەوساندنەوە...



كۆمەڵێك خوێندكارى زانكۆى سلێمانى
30 /1/ 2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست