<

گەندەڵیەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی

13/11/2010, 12:00 (GMT+1)
بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی یەكێكە لەو بەڕێوەبەرایەتیانەی كە زۆر بەكەمی و بە دەگمەن باس لە گەندەڵیەكانی كراوە ,لە كاتیكدا لە گەندەڵیدا نوقم بووە ,بۆیە من وەك فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتیەكە و وەك ژمێریارێكی پرۆژەكان كە تا ڕادەیەكی باش ئاگاداری گەندەڵیەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەم بڕیارم دا وەك ئەركێكی سەر شانم بەرانبەر بە خەڵكی بەشمەینەت و ماف خوراوی وڵاتەكەم بەشێكی زۆر كەم لەو كارە نایاسای و فرتوفێڵانەی بەڕێوەبەری ڕێگاوبان و چەند كەسێكی گەندەڵ و نزیكی خۆی بخەمە ڕوو ,جا بۆئەوەی باشتر لە بابەتەكە تێبگەین وام بەباش زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا كورتەیەك دەربارەی بەڕێوەبەر(گوڵاڵە عبداللە)و هەندێك لەو فەرمانبەر و خاوەن دەسەڵاتانەی كە هاوكاری دزی و گەندەڵیەكانی (گوڵاڵە عەبداللە) دەكەن ڕوون بكەینەوە :

1- (ئەندازیار:گوڵاڵە عبداللە محمد) (بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی سلێمانی):
ئەم بەرپرسە كە گەورەترین دەسەڵاتی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتیەكەدا , توانیویەتی دەسەڵاتەكەی بۆبەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنیت و بە هیچ شێوەیەك كەسیش نەیتوانیوە لێپرسینەوەی لێبكات چونكە دوو پاڵپشتی بەهێزی هەیە یەكەمیان هاوسەرەكەیەتی كە وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنە و ناوی (كامەران احمد عبدللە)یە ,پاڵپشتی دووهەمیشی ئەوەیە كە گوڵاڵە فەرمانبەری كۆمپانیای نۆكان بووە (وەك باس دەكرێت ئێستاش موچەی نۆكان وەردەگرێت) و لەلایەن كۆمپانیای نۆكانەوە و بە تەسكیەی حیزب لە (مانگی چواری 2007) وە كرا بە بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی سلێمانی بۆپاراستنی بەرژەوەندیەكانی گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان .

2- (ئەندازیار:رشید سعداللە)(لێپرسراوی گارگەكان):
كەسێكی زۆرزان و زمان لوسەو بەهۆی ئەو بەرتیلانەى كە بۆ گوڵاڵەی وەردەگرێت (بێگومان لە بەڵێندەر و كۆمپانیاكان) پەیوەندیەكی توندوتۆڵی هەیە لەگەڵ گوڵاڵە و بەهۆی ئەو نهێنیە زۆرەی كە لە نێوانیاندا هەیە گوڵاڵە هەرگیز داواكاریەكانی ڕەت نەكردووەتەوە ,(رشید سعداللە) تا ساڵی 2003 لە پارێزگای دیالە هەر وەكو خۆی دەڵێت بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دیالە بووە (ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بەعسیەكی باڵا دەست بووە) ,بەڵام تا ئێستا نازانرێت كە ئایا كوردە یان عەرەب و توركمان چونكە تا ئێستا كوردی بە باشی نازانێت ,هەرچەندە لە ساڵی 2007 وە ئەو پۆستەی وەرگرتووە , شایەنی باسە تاكە بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیەكەیە كە لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكەیەوە تا ئێستا (گوڵاڵە) لە شوێنی خۆی هێشتبێتیەوە و نەی گۆڕیبێت .

3- (ئەندازیار:احمد بەكر محمد)(لێپرسراوی تەكنیكی):
زۆربەی كات وەك جێگری بەڕێوەبەر دەردەكەوێت ,لەبەر ئەوەی پارتییەو تەسكییەی پارتی هەیە ,لەو پۆستەدا دانراوە و بەدڵی بەڕێوەبەرە چونكە كارەكانی خۆی بەڕێ دەكات بێ ئەوەی گوێ بە دزی و گەندەڵیەكان بدات و هەرگیز پێشنیارەكانی بەڕێوەبەر رەت ناكاتەوە ئەگەر سور بشزانێت هەڵەیە بۆیە جارێ لە شوێنەكەی خۆیەتی , كەسێكی زیرەكە لە رێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ وەرگرتنی بەرتیل چونكە تەجروبەیەكی زۆری لەوبارەیەوە هەیە و چەند ساڵێك لە كەركوك لێپرسراوی ڕێگاوبانی كەركوك بووە لەكاتی ڕژێمی بەعسدا .

4- (ئەندازیار:رفیق ێابر شریف)(لێپرسراوی میكانیك):
ئەمیش تەنها لەبەر ئەوەی كەسێكی ئەنتی گۆڕانە و دووبرای شەهیدی یەكێتییە و پشتگیری دەزگای شەهیدانی هەیە لەو پۆستەدا دانراوە ,ئەویش دوای ئەوەی لێپرسراوەكەی پێشوو لە لایەن (گوڵاڵە)وە و بە داواكارییەكی حیزبی لابرا كە (كمال مێتفى سعید) بوو وە یەكێك بوو لەو كەسانەی سەردانی گردەكەی گۆڕانی دەكرد و لایەنگرێكی چالاكی گۆڕان بوو ,ئەم لێپرسراوەش (رفیق) یەكێكە لەو كەسانەی وەك ڕۆژی ڕوناك گەندەڵیەكانی لەبەرچاو ڕوونە بەڵام هەمیشە داواكاریەكانی
(گوڵاڵە) وەك خۆی بەبێ گۆڕانكاری جێبەجێ دەكات و پارێزەری نهێنیەكانیەتی.
5- بێگومان (گوڵاڵە) لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەكەیدا چەندین كەسی تری لە خۆی نزیككردووەتەوە بۆ مەبەستی شاردنەوەی كارە نایاساییەكانی لەوكەسانەش برایەكی (وەستا حەسەن)ی ئاسایشی سلێمانییە كە ناوی (محمد اغا)یەو ئەندازیارێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەیە و زۆر بە وەستا حەسەنەوە دەنازێت و بە دەیان ملیۆن دیناری بەوەێڵی وەهمی بۆ خۆی و (گوڵاڵە) وەرگرتووە , هەمیشەش ئەو پرۆژانە وەردەگرێت كە بەشێوەی ڕاستەوخۆ (تنفیز مباشر) جێبەجێ دەكرێت بۆ ئەو مەبەستەش گوڵاڵە هاوكاری باشى دەكات ,چونكە لەم جۆرە پرۆژانەدا بە ئاسانی دزینی پارە دەشاردرێتەوە بەتایبەتی ئەگەر كەسێكی دزی وەك (محمد اغا) سەرپەرشتی بكات , لەلایەكی تریشەوە فەرمانبەرێكی تر هەیە كە شەهادەی سێی ناوەندی هەیە و كراوە بە (لێپرسراوی كارگوزاری) و ناوی (محمد عبدللە)یە و خەڵكی كەركوكەو كەسێكی بێ شەخێیەتەو بە ماستاوچی ناسراوە و نوێنەری كۆمیتەیە لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەكەدا ,هەمیشە لای گوڵاڵە كەوتووە و لە بەر ئەوەی داردەستی (گوڵاڵە)یە لای بەڕێوەبەر زۆر پەسەندە ,بێگومان چەندین كەسیتر هەیە كە پێویست بوو ناویان بهێنرێت ,بەڵام لێرە بەدواوە پێم باشە هەندێك لە گەندەڵی و دزیەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بخەینە ڕوو (هەوڵ دەدەین لە هەر جۆرە فرت و فێڵ و گەندەڵییەك نموونەیەك باس بكەین):

1- لە ساڵی 2007 كارگەی كەسارەی میتسۆ پێویستی بە بەردی شاخ هەبوو بۆئەوەی بیهاڕێت و بەرهەمەكەی بۆ دروستكردنی ڕێگاوبان بەكاربهێنرێت كە نابێت بەهیچ شێوەیەك خۆڵی تێدابێت و دبێت جۆرێكی تایبەتی بێت ,بۆ ئەو مەبەستە تەندەرێك ئامادە كرا بۆ دابینكردنی بڕی (250000 تەن)(دوسەدو پەنجا هەزار تەن) بەردی شاخ بەڵام (گوڵاڵە) بە پاڵپشتی (رشید سعداللە) (لێپرسراوی كارگەكان) توانیان لەگەڵ بەڵێندەرێك ڕێكبكەون كە پرۆژەیەكی تری وەرگرتبوو بۆ فڕێدانی خۆڵ و بەرد لە بناغەی(پرۆژەی شاری جوان) لە گردەكەی ریعایە (كە پرۆژەیەكی كەرتی تایبەتە) لە بری بڕێك پارە ,كە (بینا 25 نهۆمیەكە)ی لەسەر دروست دەكرێ , تا ئەو خۆڵ و بەردە لە بری فڕێدان بۆ ئەوانی بهێنێت , ئەوانیش لەبری هەر تەنێك بەرد بڕی (8دۆلار) بدەن بە بەڵێندەرەكە كە ناوی (هێمن)بوو , ڕێكەوتنەكەش بەوشێوەیە بوو كە ئەمان ئاسانكاری دەكەن بۆ بەڵێندەرەكە لە كاتی وەرگرتن و بردنی جۆرێكی باش و بێ خۆڵ بۆ پشكنین تا بە ئاسانی لە تاقیگە دەربچێت , لە پای ئەوەش بەڵێندەرەكە دیارییەكی گرانبەها بدات بە هەریەك لە (گوڵاڵە و رشید) كە بریتی بوو لە خانویەكی (8 دەفتەری) بۆ هەریەك لە (گوڵاڵە و رشید) ,شایەنی باسە تا ئێستاش ئاسەواری ئەو خۆڵ و بەردە لە كارگەكەدا ماوە كە لە ناوچەی تانجەرۆیە .

2- بەكرێدان و ڕێگەدان بە بەبەكارهێنانی مەكائنەكانی بەڕێوەبەرایەتی لەلایەن كۆمپانیا و كەسایەتیەكانی سەر بە حیزبی دەسەڵات بە نرخێكی زۆر كەم یان بەبێ بەرانبەر , بۆ ئەم كارانەش بەڕێوەبەر تەنها لێپرسراوی میكانیكی لێ ئاگادار دەكاتەوە و ئەویش بێ ئەوەی لە لە لیست و سجلەكانی بەشی میكانیك تۆماری بكات جێبەجێی دەكات .

3- یەكێك لە ئارەزووەكانی بەڕێوەبەر سەیران و گەشت كردنە كە بێگومان سیفەتێكی جوانە بەڵام نەك بە پارە و سامانى خەڵك بۆ نمونە لەبەرواری (30\9\2010) وا ڕاگەیەندرا كە بەڕێوەبەر دەعوەتی هەموو كارمەندانی بەڕێوەبەرایتی كردووە بۆ سەیرانەئاهەنگێك لە شارۆچكەی دوكان بەهۆی ئەوەی كە كوڕەكەی چووەتە ژیانی هاوسەرییەوە ,ئێمەش بە دڵخۆشییەوە بەرەو دوكان بەڕێكەوتین (وابڕیار بوو لەسەر ئەركی بەڕێوەبەر خۆی بێت), دوای نانخواردن و هەڵپەڕینێكی زۆر گەڕاینەوە بەڵام دواتر بەڕێوەبەر بڕیاریدا پارەی ئاهەنگەكە كە (2750000دینار)(دوو ملیۆن و حەوت سەدو پەنجا هەزار دینار) بوو بكات بە پارەی كرێكار (بەشێوەی وەهمی) و لەسەر پرۆژەی ڕێگای مەرزی باشماخ (كە پرۆژەیەكی ڕاستەوخۆیە ,بێگومان لەلایەن (محمد اغا)وە جێبەجێ دەكرێت) خەرج كرا ,كە وا دانرابوو (11كرێكار رۆژانە بۆماوەی 10ڕۆژ) لە پرۆژەكەدا كاریان كردبێت كرێی هەر ڕۆژێكیش بۆ كرێكار دانرابوو بە (25000دینار).(شایەنی باسە ئاهەنگەكە لەلایەن (محمد عبدللە)وە سەرپەرشتی كرا لەسەرفكردنی پارە و ئامادەكردندا).

4- مێردەكەی گوڵاڵە (كامەران احمد عبدللە) چەند دۆنمێك زەوی كڕیوە لە ناوچەی (مێرگەپان) وە ئێستا خەریكی دروستكردنی خانویەكە تیایدا بو ئەو مەبەستە بە ئارەزوی خۆی گەڵابە و شۆفڵەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەكار دەهێنێت بۆ ڕێككردنەوەی زەویەكە و ئیش و كاری خانووەكە ,وە كارمەندیكی حكومی كە ناوی (مێتفى تەها نەجم)ە و یەكێكە لە چڵكاوخۆرەكانی ماڵی وەزیر بە فەرمانیك دانراوە بۆ پرۆژەیەك (بەشێوەی وەهمی),بەڵام بەڕێوەبەر پێی ڕاگەیاندووە كە نابێت بچێت بەلای پرۆژەكەدا بەڵكو دەبێت لە خانووەكەی ئەودا كار بكات تا تەواو دەبێت ئەویش موچەو پاداشت و هەموو ئیمتیازیكی بۆ دابین دەكات , ئەمە جگە لەوەی كە بەڕێوەبەر پیكابێكی لەسەر پرۆژەكانی ڕێگاوبان بە عقد بۆ (مێتفى تەها نجم) تعینكردووە تەنها بۆ كاروباری ئەو خانووە و ئیشی خۆی بەكاری دەهێنێت (شایەنی باسە پیكابەكە موڵكی (مێتفى تەها نجم)ە و خۆشی لێی دەخوڕێت) .

5- كارێكی تری نایاسایى گوڵاڵە ئەوەیە كە هەمیشە ئۆتۆمبێلەكانی بەڕێوەبەرایتیەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار دەهێنێت بۆ نموونە سەیرەیەكی جۆری هۆندای تۆكسۆن كە ژمارەكەی (445\ئاوەدانكردنەوە)یە بە تەواوی دابینی كردووە بۆ هاتوچۆپێكردنی كچە 12ساڵەكەی, بۆ ئەو مەبەستەش شۆفێرێكی خزمی نزیكی خۆی بە عەقد تەعینكردووە بو ئۆتۆمبێلی ناوبراو , تەنها شۆفێریشە كە بۆی هەیە سەیارەكەی بەرێتەوە بۆ ماڵەوە و بە ئارەزوی خۆی بەكاری بهێنێت.

بێگومان ئەمە مشتێكە لە خەرواری گەندەڵیەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی ,كە هیوادارم بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كە (توانا كمال جلال)ە كەلەڕوی دەسەڵاتی یاساییەوە لە سەروو گوڵاڵەوەن, بەپێی یاسا ئیجرائات لە گەڵ گوڵاڵە و دارو دەستەكەی بكات ,بەڵام تكایە تەنها بۆ جارێكیش ماسیە گەورەكان ڕاوبكەن و سزایان بدەن , بچوكەكان بۆخۆیان چاك دەبن (بێ گومان ئەگەر بوێرن چونكە گوڵاڵە ژنی وەزیرە) ,ئەگەر نا ئەوا من بەڵێن دەدەم كە بەردەوام بم بە دەرخستنی زیاتری كارە نایاساییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی كە ژمارەیەكی زۆر نمونەی تر هەیە بۆ باسكردن ,وە داواكارم لە ڕۆژنامەنوسەكان و ڕاگەیاندن كارەكان لایەك لە دەرخستنی گەندەڵیەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانیدا بكەنەوە تا چیتر گەندەڵی نەكرێت.)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست