<

"ڕوونكردنەوەیەكى پێویست بۆ ڕاى گشتى خەڵكى كوردستان"

05/08/2009, 12:00 (GMT+1)
ئێمە وەكو كۆمەڵە گەنجێكى سەربەخۆ، لە پەرچە كردارێكدا بەرامبەر هەڵوێستى نا مەسئولانەى فەرهاد پیرباڵ، لە بەرگریكردنى دەسەڵاتدارانى كوردستان و سەرۆكایەتى بنەماڵە، هەستاین بە وەڵامدانەوەى پیرباڵ، بە دەركردنى بەیاننامەیەك و سوتاندنى كتێبەكانى. لە وەڵامى ئەم هەڵوێستەى ئێمەدا، پیرباڵ و دەسەڵاتداران، لە مینبەر و ڕاگەیاندنەكانیانەوە هێرشێكى ناڕەوا و بەرفراوانیان كردە سەر ئێمەى گەنجانێك، كە نە میلیشیا و هێزى چەكدارمان هەیە و نە دەسەڵاتى سیاسیمان بە دەستەوەیە، نە پارە و پولمان هەیە، نە هیچ دەزگایەكى ڕاگەیاندنمان هەیە.
ئێمەى گەنجان، لە دەسەڵاتدارانى كوردستان دەپرسین؛ ئەوە چ ویژدانێكە ئێوەى وا لێكردووە ئاوا پەلامارى ئێمە بدەن و هەوڵى دەمكوت كردن و سەركوتكردنمان بدەن؟! ئایا ئەوە شەرمەزارى نیە بۆ ئێوەى دەسەڵاتداران، بەم شێوازە وەڵامى ئێمەى گەنجان دەدەنەوە، كە جگە لە پێنووسەكانمان هیچیتر شك نابەین بۆ دەربڕینى هەڵوێسەكانمان؟!
لە پێناو ڕوونكردنەوەى زیاتر لە سەر هەڵوێستى خۆمان، جەخت لە سەر ئەم چەند خاڵەى خوارەوە دەكەینەوە:
1_ سوتاندنى كتێبەكانى پیرباڵ، تایبەتیە و بۆ مەبەست و ئامانجێكى دیارى كراو بووە.
2_ ئەم كاردانەوەیە بەرامبەر هەڵوێستى خۆفرۆشانەى پیرباڵ، لە دواى پرۆسەى هەڵبژاردنەكانەوە ئەنجام دراوە.
3_ هەڵوێستى سەربەخۆیانەى ئەم ئەم كۆمەڵە گەنجە، پەیوەندى بە هیچ حیزب و لایەن و لیستێكەوە نیە، ئێمە بە جیا لە هەموو لایەنە سیاسیەكانى تر لە بەرەى خەڵكدا وەستاوین، بەتایبەتى فەرهاد و ئەو دەسەڵاتەى كە كەلە پشتێتى ئێمە دەخەنە پاڵ لیستى گۆڕان.
4_ ئەم هەڵوێستەى ئێمەى گەنجان، لە ڕوانگەى داكۆكى كردن لە ماف و بەرژەوەندیە گشتییەكانى خەڵكى كوردستانەوە سەرچاوەى گرتووە.
5_ ئێمەى گەنجان، دنیایەك ڕێز و خۆشەویستسمان بۆ قەڵەم و وشە و كتێب هەیە، ئەم هەڵوێستەمان تەنها پەیوەندى بە كتێب و هەڵوێستە تایبەتیەكانى پیرباڵەوە هەیە.
6_ ئەگەر هەر نووسەرێك خۆى ڕێز لە نووسین و فیكرى خۆى نەگرێت، ئیتر چ پێویستەكات (زووڕنا ژەنەكانى دەسەڵات)، ڕێز لە نووسین و كتێبەكانى بگرن؟!
7_ پیرباڵى (سووریالیزم)، بە هەڵوێستى (ڕیالیزم)یانەى خۆى، ئێمەى ناچار كرد بە پەرچەكردارێك، دژى بووەستینەوە.
تێبینى/ جێى خۆیەتى بە خوێنەرانى بەڕێزى ڕابگەیەنین؛ كەوا ئەم هەڵوێستەى ئێمە لە ڕابردوودا لاى پیرباڵ، شەرعیەتى هەبووە، بە رێگە چارەى جدى زانراوە بۆ چارەسەر كردنى گرفتى ڕیشەیى كۆمەڵگە.
بڕوانە گۆڤارى ئاسۆ ژمارە 10 ى 2007 ، لاپەڕە 30 كۆمەڵیك گەنج، 5/8/2009، كەلار


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست