سەرۆك دەست لەكاربكێشەوە
09/12/2011, 12:00 (GMT+1)
زۆرجاران سەرۆكى هەرێم لەبۆنە جیاجیاكانى هەرێمى كوردستان باس لەهۆكارى بوونى بەسەرۆكى هەرێم دووبارە دەكاتەوە و دەڵێت: قبوڵكردنى پۆستى سەرۆكى هەرێم لەلایەن منەوە بۆ چەند مەبەستێك بووە كەئەوانیش بریتین : لەوەى ناوماڵى كورد یەكبخەمەوە و نەهێڵم جارێكیتر خوێنى كورد بەدەستى كورد بڕژێت ، بەڵام بەداخەوە ئەگەر بێینە سەر ئەرزى واقیع دەبینین ئەو مەبەستانەى سەرۆك بۆى بووە بەسەرۆك و لەماوەى سەرۆكایەتیكردنى ئەم هەرێمەوە لەلایەن خودى جەنابیەوە نەیتوانیوە ئەم ئامانجانە بەدى بهێنێت و بینیمان لەماوەكانى ڕابردوو لەشارى سلێمانى بۆ جارێكیتر خوێنى كورد بەدەستى كورد ڕژایەوە و تاوانبارانیش وەكو بەرزى بانان بۆى دەرچوون و تائێستا دەستگیرنەكراون ، ئامانجێكى ترى سەرۆكى هەرێم لەبوونى بەسەرۆك ئەوەیە كەنێو ماڵى كورد یەكبخاتەوە ، بەڵام بەداخەوە تائێستا ناوماڵى كورد شپرزەیى و پەرتەوازەیى پێوەدیارە و یەكنەخراوەتەوە وەكو دەبینین لەبەغدا كورد بەدوو كوتلە لەئەنجومەنى نوێنەرانە و ڕەنگە ببێتە سێ كوتلەش ئەگەر یەكگرتووى ئیسلامى بكێشتەوە و زۆرجاریش لێدوانى توند دژى یەكترى لەلایەن ئەم دوو كوتلەوە دژى یەكترى بەكارهاتوون و یەكتریان تۆمەتباركردوە و هاوكارى و هاوگوفتارییان بەشێوەى پێویست نەبووە ، لەهەرێمى كوردستانیش نێوماڵى كورد تائێستا یەكنەخراوەتەوەو تائێستا نەتوانراوە دوو ئیدارەیى كۆتایى پێبهێنرێت و باڵا دەستى حزب بەسەر دامودەزگاكانى حكومەت كۆتایى پێبهێنرێت و سەرۆكى هەرێم بەیەك چاو سەیرى هەموو لایەنە سیاسییەكانى كوردستان بكات و خۆى بەسەرۆكى هەمووان بزانێت لەگوفتار و كرداردا ، ماوەیەك لەمەوبەریش بینیمان لەیەكێك لەشارەكانى ئەم هەرێمە بەهۆى ناكۆكى بەرپرسێكى حكومى لەگەڵ كەسێكى تردا بەشێكى هێزى پێشمەرگەى خرایە حالەتى ئامادەباشیەوە بۆ گرفتێكى تاكەكەسى ، ئەگەر لەنوێترین رووداویش سەرنج بدەین رووداوەكانى دەڤەرى بادینانە كەجارێكیتر ناوماڵى كوردى شپرزەكردەوە و هەنگاوەكانى رێكخستنەوەى نێوماڵى كوردى بەڕێگایەكى تردا برد ، كەواتە واباشترە بەزووترین سەرۆكى هەرێم دەست لەپۆستى سەرۆكایەتى هەرێم هەڵبگرێت چونكە ئەو ئامانجانەى بۆى ببو بەسەرۆك نەیتوانیوە بەدى بهێنێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان


























