<

شۆڕشی کامکاران

پێش 3h
حەمە سوسەییشۆڕشی کامکاران

ڕەنگە زۆربەمان پێمان وابێ لێرەدا مەبەستمان کارە هەرە بەرز و نەتەوەیی و فرە فەرهەنگیەکانی تیپی کامکارانا لە بواری میوزیك و گۆرانی کوردیەوە کە ئەم بنەماڵەیە توانیان لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم تیپە لەساڵی 1965 وە تا ئێستا کە خاوەنی سەدەها گۆرانی و ئۆرکسترای کوردین کە جگە لە کورد، فارس و گشت گەلانی ئێران شانازیان پێوە ئەکەن.
بوونی ئەم تیپە هونەریە کوردیەی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە توانیان ببنە خاوەنی بەرزترین و جوانترین شاکاری فۆلکلۆری گۆرانی کوردی دیارە هەروا بە ڕێکەوت نەبوە، بەڵکە هەوڵێکی زۆر زۆری وویستوە تا گەیشتونەتە ئەو ئاستە مەزنە، وە بەبێ گەڕانەوە و ئاماژە پێنەدان بە دروست کردنی ئەم بیرۆکەیە و بێ دەست ڕانەکێشان بۆ خاوەنی ئەم ئەزموونە ناتوانین باش بزانین کەوا چۆن دروست بوون و چۆن بەم شێوەیە پێش کەوتن.
(حەسەن کامکار) باوکی هەریەکە لە (هۆشەنگ،بێژەن،پێشەنگ،ئەرژەنگ،ئەرسەلان،ئەردەشێر،ئەردەوان و قەشەنگ) نەك هەر دامەزرێنەری تیپەکەیە و خاوەنی بیرۆکەی تیپی کامکارانە و لە حەوشەکەی ماڵی خۆی هەستا بە ڕاهێنان و دابین کردنی کات و پێداویستی وەك ئامرازەکانی میوزیك ، بەڵکە پاش ماوەیەك هەستا بە ناردنی چەند یەکێك لە منداڵەکانی بۆ زانکۆی تاران بەشی هونەر و میوزیك بۆ ئەوەی خۆیان لەو بوارەدا بە باشی ئامادە بکەن تا وایان لێهات هەڵبژێردران بۆ کارێکی هونەری گەورەی وەك خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ساڵی 2013 بەبۆنەی پاڵاوتنی خاتوو(شیرین عەبادی) و پێشکەش کردنی ئەو کارە بە پێز و خۆشەی بینیمان.
ئەو شۆڕش و گۆڕانکارییەی کە ئەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کەوا پەیامی(حەسەن کامکار) پێمان ئەڵێ؛؛؛ گەر ئەتەوێ خزمەت بە کورد و مێژوو و داهاتوو و هونەرەکەی بکەیت پێوستە پێش هەموو شتیك خۆت لە کۆت و بەندی بێگانە و داگیرکەر ڕزگار بکەیت بەوەی لە ناوەی کوردیە دەست پێبکەیت بۆ ئەوەی زیاتر خۆت بناسیت و بە داگیرکەر بڵێت ئێمە خاوەنی ناوی کوردی خۆمانین پشت بە خۆمان ئەبەستین..لێرە بەدواوە هەموان ئەزانین کە ناوی کوردی چۆن بۆتە بەردی بناغەی تاکی کورد و چەند گرنگە جگە لەناوی کوردی لە مناڵەکانمان پەنا نەبەینە بەرناوی عەرەبی و تورکی وفارسی..
حەسەن کامکار ئەیەوێ ئەوەمان پێ بڵێ کە کوردبوون و کوردایەتی و خزمەتکردن بە کورد و کوردستان لەسەرەتاوە بە ناسین و ناوی کوردیەوە ئەبێ دەست پێبکات..ناکرێ ئێمە خەبات بکەین و گرنگی نەدەین بە ناوی کوردی و ئاخافتن بە زمانی ڕەوانی کوردی، ناکرێ کورد بین و سیماو جلی کوردی نەپۆشین، ناکرێ خەبات و هەوڵدانمان بۆ کورد بێت و لە مێژوو وکلتوور و فەرهەنگی خۆمان نەزانین..هەر بۆیە ئەوەی گرنگە لەم شۆڕشەی حەسەن کامکار برەوی پێبدەین و وانەی لێوە فێربین وەبیرهێنانەوەمانە بە ڕەسەنایەتی ناوی کوردی و هەموو شتێك کە پێناسەی کوردبوونمان بکات.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان