<

داری بێبەر

پێش 53m
حەمە سوسەییداری بێبەر
🎧 گوێگرتن لەم وتارە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان دروشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستانی گەورە بەرز ئەکردەوە، و گاڵتەی بە سەرکردە و بەرپرسانی کورد ئەهات کاتێک داوای کەمتر لەوەیان کردبوو.
مەزڵووم عەبدی، فەرهاد شاهین، لە سەرەتاوە داوای لامەرکەزی و سووریایەکی بێ ناسنامەی عەرەبیی ئەکرد. واتە دەوڵەتی سووریا، نەوەک سووریای عەرەبی.
ڕۆژگار هات و چوو... هەروەک بینیمان، دروشمەکەی ئاپۆ لە سەربەخۆییەوە گۆڕدرا بۆ ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک، و ئەوەی مەزڵووم عەبدیش، تێکەڵبوون لەگەڵ سوپا و دەوڵەتی سووریای عەرەبی. بۆ؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە و ئەبێت خۆیان وەڵام بدەنەوە. لێ لەبەر ئەوەی وەڵام نادەنەوە، ئەوا مافی هەمووانە گومانیان لەسەر دروست بکەین، و لە شوێنی خۆیان ڕایانبگرین.
ئاپۆ کوردستانێکی گەورەی سەربەخۆی بچووک کردەوە لە ڤێلایەکی دووسەد و پەنجا مەتری، و لەوێ ژیان ئەگوزەرێنێت. هیچ کێشەیەکی نییە و بووەتە خاوەنی ورگێکی زل، و هیچ خەمۆکی و هیلاکییەکی پێوە دیار نییە. لەم ڤێلایەدا هەموو شتێکی تێدا دەست ئەکەوێت. ئەوەتا فەرشێکی جوانی بە دیاری نارد بۆ سەرۆکی مەهەپە، باخچەلی، و ڕەنگە لە داهاتوودا دیارییەکی بەنرختر بدات بە ئەردۆغان.
مەزڵووم عەبدی ئێستا جلە خاکی و کۆمۆفلاجە سەربازی و داڵ و ئەستێرە جەنەڕاڵییەکەی فڕێداوە، و بە پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆکی سووریای عەرەبی دڵخۆشە و هیچ کێشەیەکی نییە. ئەوەتا ڕۆژانە لە حەلەب، عەفرین و شار و گوندە کوردنشینەکان، عەرەب کورد ئەکوژێت و ماڵی تاڵان ئەکات و زەوی داگیر ئەکات، و ناهێڵن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. کەچی مەزڵووم عەبدی داوا ئەکات یاسا بەرقەرار بێت و تەنها پەنا ببرێتە بەر یاسا. لە کاتێکدا عەرەب ئەم کارانە دژ بە کورد ئەکەن، بەبێ ئەوەی هیچیان یاسایی بن و لەلایەن دادگاوە دەرچووبێتن. مەزڵووم و چواردەورەکەی، کە خوێنی زۆریان بە کورد ڕشت، ئێستا مەستی پلە و پۆست و جلوبەرگی ئەفەندین، و باکیان بە گیان و ماڵ و حاڵی کورد نییە.
ئەم ڕاستییانە بەرجەستەی ئەو بەرکەوتە تاڵەیە کە گەلی کورد خۆی داوەتە دەست ڕۆژگار، و چارەنووسی خۆی بەستووەتەوە بە کۆمەڵێک چەمک و تێرم و زاراوەی نامۆ، کە لێیان تێناگات و بەسەر خۆیدا سەپاندوویەتی. گەلی کورد وەک ئەو بریندارە وایە کە خوێن لەبەری ئەڕوات، و پزیشکیش، واتە سەرکردەکانیان، لەبری ئەوەی بیربکەنەوە چۆن خوێنەکە بوەستێنن، بە خەڵکەکە ئەڵێن: ئەوەی لەبەرت ئەڕوات خوێن نییە و ئاوی زیادەی لەش و جەستەتە.
چارەسەر ئاسانە، و ئەبێت گەلەکەمان خۆیان لەم خائین و خاکفرۆش و جاشانە پاک بکەنەوە و نەفرەتیان لێ بکەن. ناکرێت هەمان ئەزموون لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان دووبارە و دەبارە ببێتەوە و هیچ وانەیەکی لێوە فێر نەبین.
جووتیاری زیرەک و لێوەشاوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی باشتر و زیاتر بێت، هەوڵ ئەدات هەموو ئەو دار و تۆوانەی چاندوونی، گەر چرووک و بێبەرهەم و بێبەر بوون، ئەبێت دەستیان لێ هەڵبگرێت و لە شوێنیان داری جیاواز و تۆوی بەبەر بچێنێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست