<

کێشمەکێشمی ڕاستی: لەنێوان سێبەر و خاوەنەکانیان

پێش 57m
میران ئەنوەر رەحیمکێشمەکێشمی ڕاستی: لەنێوان سێبەر و خاوەنەکانیان
مانیفێستۆی_سیاسی  : گەورە دزێک و سێبەرە وەهمییەکەی،شوێنکەوتوێکی وەهمی کاوەی ئاسنگەر و سێبەرە چەماوەکەی....
دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەکە: هەندێ جار سێبەرە جیاوازەکان ڕاست دەکەن،هەندێکجاریش درۆ!
هەندێک جار شوێنکەوتوێکی وەهمی کاوەی ئاسنگەر دێت و دەیەوێت خەڵک بەرەو ئەقڵیەتی زیندانیانی ئەشکەوتە گریمانەییەکەی ئەفڵاتون ببات و ڕاستی ڕەهایان لێ بکاتە سێبەرێکی وەهمی!
کەچی هەندێک جار (سێبەرێکی چەماوەی گۆڕاو) چەکوش بەدەستێک دەکاتە وەهم و شاهێدی لەسەر بوکەڵەیی خاوەنەکەی دەدات!
بابەتەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە: سێبەری بارزانی(دەسەڵات) درۆیەکە بۆ واقع،کەچی سێبەری چەکوش بەدەست  ڕاستییەکە بۆ بەدرۆخستنەوەی  ڕووکەشە دەستکرد و گەوجێنەرەکەی،لێرەوە کێشمە کشێشمی نێوان سێبەر و خاوەنەکانیان دەست پێ دەکات و بە پەردەپۆش کردنی ڕاستییەکان لەلایەن (میدیای سەربەخۆی ساختە) ئاڵۆزتر دەبێت وە دواجار بە گەوجاندنی خەڵک کۆتایی دێت.
ئەتوانین بڵێین کێشەیە ئەگەر چەکوش بەدەست پێی وابێت سێبەری دەسەڵات کۆت و بەند دەکرێت، بەڵام ئەمە هەرگیز کارەسات نییە.
​کارەساتی ئاڵۆز و ڕاستەقینە ئەوەیە کە خەڵک چاو لەسەر ڕاستییەکان لابدەن وە چاو بپۆشن لە دەسەڵاتدارێک کە لە واقیعدا ئازادە و سامانی نەتەوەی بەدەستەوەیە، بەڵام تەماشای سێبەرە کۆت و بەندکراوەکەی سەر دیوارەکە بکەن و چەپڵە بۆ  چەکوش بەدەست لێبدەن، لەکاتێکدا نە چەکوش لە سێبەر دەدرێت، وە نە سێبەر کۆت و بەند دەکرێت!
((ئەمەیە تراجیدیای بەستنەوەی ڕاستی ڕەها بە سێبەرێکی وەهمییەوە))
ئەم قایلبوونەی خەڵک بە کردەوەکەی چەکوش بەدەست، بەتەواوی قایلبوونە بەو قسە بێ کردارانەی ناوبراو کە گەر هەزاران ساڵ لە میدیاکانی دەسەڵاتەوە قسە بکات،ئەوە ناتوانێت کاریگەری درووستبکا لەپێناو گۆڕانکارییەکی ئەرێنی، بگرە خەڵک بەرەو قایلبوون بە ئەنجامێک ئەبات کە لە ئاست گۆڕانکارییا نییە!
ئایا واز هێنان لە هەڵوێستی کرداری و هاتنە بەردەم شاشەی میدیاکانی دەسەڵات و ڕەخنەگرتن، کاری سەرۆکی حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە؟،یان کاری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە؟، کارەساتەکە ئەمەیە کە خەڵک قایلە سەرۆکی حزبێک ڕۆڵی چالاکوانێک بگێڕێت،بگرە بە دەستکەوتی دەزانن،ئەی ئەگەر وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئاساییش سەیر بکرێت:  کامە ڕۆژنامەنووسی ناڕازی هێندە نا وشیارە کە لە دەزگا مێدیاییەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە داوای گۆڕانکاری و ڕیفۆرم بکات لە حکومەت و ڕەخنە لە حوکمی خێڵەکی بگرێت و باسی داهاتی نەوت بکات،لەکاتێکدا خودی ئەو شاشەیەی قسەی لێوە دەکات بەرهەمی داهاتی نەوت و حوکمی خێڵەکییە!
لەکاتێکدا مانەوەی ئەم کەناڵانە بەندە بە بێ مووچەییەوە!،بەندە بە حوکمی خێڵەکی و ناشەفافی داهاتی نەوتەوە!
((گەرداهاتی نەوت ڕوون بێتەوە بۆخەڵک،ئیدی لەکوێوە و بە کام داهات کەناڵەکانیان بەڕێوەببەن؟))
من پێم وایە ​لەم شانۆگەرییەدا چەکوش بەدەست گەوجێنەرێکی حەقیقیی خەڵکە، وە میدیاش ئەرکی سەرەکی خۆی لە گەورەکردنی ئەم وەهمەدا دەگێڕێت.
کەواتە دۆخی ئاڵۆزی سیاسی کوردی ئەوەیە
کە هەندێک جار سێبەرەکان خاوەنەکانیان بەدرۆ دەخەنەوە،کەچی هەندێک جار کارەکتەرەکان سێبەرەکانیان بە درۆ دەخەنەوە!
بەڵام میدیا تەنها لێنزی لەسەر درۆکانە،نەک بەدرۆ خستنەوەکان،ئەمەش بەشێکە لەو ئاڵۆزییەی کە دەسەڵات لەڕێگەی میدیای بێلایەنی ساختە و ئۆپۆزسیۆنی ساختەوە درووستی دەکەن بۆ گەوجاندنی خەڵک.
مێدیا لەنێوان گەورە دزێک و سێبەرێکی وەهمی،سێبەرە وەهمییەکە دەگوازێتەوە
لەنێوان کەسێکی وەهمی و سێبەرێکی حەقیقی کەسە وەهمییەکە دەگوێزێتەوە بۆ سەر شاشەکانی.
وە دڵنیابن: ئەوانەی چەپڵە بۆ چەکوش بەدەستەکە لێ دەدەن لە راستییا زۆر دۆخیان لە زیندانیانی ئەشکەوتە گریمانەییەکەی ئەفڵاتون خراپترە!،بەڵێ، ڕاستی ڕەها لای ئەوان سێبەربوو بەڵام لانی کەم ئەوان سێبەرێکی ڕاستیان دەبینی!،بەڵام ئەوانەی چەپڵە بۆ چەکوشلێدەرەکە لێدەدەن لەڕاستییا تەنانەت ئەو سێبەرەشی کە دەیبینن وەهمییە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست