<

کورد نابیت ببێتە داردەستی ئیسڕائیل

پێش 1h
پێشڕەو موحەمەدکورد نابیت ببێتە داردەستی ئیسڕائیل

با پرسیارێکی خەیاڵیی/گریمانەیی بکەین:

ئایا دەوڵەتێکی پرۆکتۆرەیت (ژێرپارێزبەندیی) ئیسرائیل دروست ببێت باشترە یان هەر نەبێت؟ ئۆجەلان لە چەندین شوێندا باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل دەیەوێت دەوڵەتێک لەژێر هەژموونی خۆیدا بۆ کورد دروستبکات و من ڕێگرییم لەوە کردووە، تەنانەت دەڵێت، مۆساد داوایان لێکردم دەوڵەتێکی کوردیی دروستبکەن ببێتە دەوڵەتێکی پرۆ-ئیسرائیلیی، من ڕەتمکردووەتەوە، و هەروەها لە بەرگرییکردن لە گەلێکدا دەنووسێت، کە ئەریستۆکراتە کوردە تازەکان ئێستا لە عێڕاق خەریکی دەوڵەتێکی پرۆ-ئیسرئیلیین. هەروەها لە «تێبینییەکانی گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان» لە ٥ی جێنیوەری ٢٠٠٥دا دەڵێت،

«هاوشێوەی زایۆنیزمێکی دووەم، جاشایەتیی کوردیی [لە هەرێمی کوردستان] خەریکە دەگاتە ئاستی دەوڵەتبوون. بەدەوڵەتبوونی ناسیۆنالیزمی کوردیی دژی تورکیا و ئێران بەکاردەهێنرێت. هەوڵمدا ئەمە ڕاگرم. [بەڵام] هەڤاڵانمان لەوێ لاوازن... شتانێکی هاوشێوە لە فەڵەستین لە ١٩٤٨ ڕوویاندا. دەرەنجامەکەش کۆمەڵێک جەنگی دڵتەزێن بوون. وەکچۆن وایانکرد ئیسرائیل دژی عەرەبەکان شەڕ بکات و عەرەبەکانی لەپەلوپۆخست، ئەو پرۆسەیەی ئێستا لێرە [لە هەرێمی کوردستان] ڕوودەدات، بەهەمان شێوە سیاسەتی شەڕەسەگە. ئێمە تەنها کۆمەڵێک مافی سەرەتاییمان دەوێن. ئەگەر ئەو مافانەمان پێبدەن، دەتوانین ڕێ لەوە بگرین ناسیۆنالیزمی کوردیی هەرگیز نەبێتە زایۆنیزمی دووەم».

پرسیارەکەی من ئەمەیە: ئایا دەوڵەتانی پارێزبەندیی هەرگیز لەژێر پارێزبەندیی نایەنە دەرەوە؟ تیۆدۆر هێرتزل سێ جار ڤیلهێلمی دووەمی قەیسەری ئەڵمانیی بینیوە، جاری کۆتایی لە ١٩٠٠ لە ئۆرشەلیم، قەیسەری ڕازی کردبوو دەوڵەتێک بۆ جووەکان لەژێر پارێزبەندیی ئەڵمانیی لە فەڵەستین دروست بکات. قەیسەریش بەمە ڕازی بوو. لە ڕاستییدا سوڵتان عەبدولحەمیدیش ڕازی ببوو تێچووی گەڕاندنەوەی جووەکانیش بگرێتە ئەستۆ. بەدڵنیاییەوە هێرتزل دەیزانی دروستبوونی دەوڵەتێکی جوو لەژێر پارێزبەندیی ئەڵمانییدا دەوڵەتێکی سەربەخۆ نابێت، بەڵام دەشیزانی هیچ یەکێک لە دەوڵەتان بۆ ئەبەد لەژێر پارێزبەندییدا نامێننەوە. دەرچوون لە پارێزبەندیی زۆر ئاسانترە لە دامەزراندنی دەوڵەت.

ئەگەر واز لە ناوەرۆکی سیاسەتی گەندەڵ و خراپی یەکێتیی و پارتیی بهێنین، ئێوە پێتانوایە ئەم ڕق و کینە قووڵە چییە بەرانبەر بە باشوور هەیە؟ ڕق و کینەی حزبێک، تەنها شوێنێکیش هەیبێت تێیدا ئازاد بێت، هەر باشوورە. [هەڵبەت لێرە من باسی پرسیارێکی گریمانەیی دەکەم، تکایە خۆتان لەم دەربڕینە بەدوور بگرن: ئەی بۆ ئیسرائیل دەوڵەت بۆ کورد دروستناکات. پێش هەموو شتێک کورد دەبێت خۆی ئامادە بکات و خۆی بیەوێت، ئینجا داوا لە ئەوانیدیکە بکات].

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست