حەمەی ئایشەگوڵ و قاسماغا
31/10/2010, 12:00 (GMT+1)

ئەرێ لە چایخانەکەی کۆیێ، بۆچی کە لە رستەیەک ناوی قاسماغا دەهات، لە رستەی دوای وی حەمەی ئایشەگوڵ قیتدەبۆوە، بە پێچەوانەوەش حەمەی ئایشەگوڵ قاسماغای لە دوو نەدەبۆوە! من چ لەوە تێنەدەگەیشتم، بەڵام پلکم دەیگوت: (پێِشتریش دکتۆر خالیدێک هەبوو لەگەڵ جاشێک ناوەکەیم لەبیرنیە، ئەوها وەک حەمە و قاسم بە دوای یەکەوە بوون...)دوور نیە ئەو لە دوای یەک هاتنە پەیوەندیەکی جمکانەیی بێ، لە بیرمە جارێک حەمەی ئایشەگوڵ بە پێکەنینەوە دەیگوت: (پێشمەرگە حەفت خولەک پێش جاش چاوی بە دنیا هەڵێناوە)
دوای چەند ساڵێک نەشفتەی گەرم ما نە قسە گەرمەکانی چایخانە، بەجێمهێشتن، برادەرەکان هەریەکەیان بە رێیەکدا رۆیشتن، هەبوو بە رێی قاسماغادا رۆیشت، هەبوو.. منیش رێی حەمەی ئایشەگوڵم گرتەبەر و بە چیا کەوتم و حەمەشم ناسی، لە یەکەم دیتن، بە دەست خۆم نەبوو، وام هەستدەکرد حەمەی ئایشەگوڵ نوێنەرایەتی پێشمەرگەی کۆن و تازە دەکات.. دوای چەند ساڵێکیدی، لە راپەڕینەکە رێک شەوێک پێش ئەوەی کۆیێ و پێشمەرگە لە قاسماغا هەستنەوە و شاربەدەری بکەن، شۆرشی هاوڕێم و من و زۆریدی بە سەرماوسۆلەی هەیبەتسولتانەوە بووین و خۆمان بە گوللە و گوللە تۆپی قاسماغا و جاشەکانی و حکومەتەکەی گەرمدەکردەوە، شۆرش چەندی پەلە بوو ئەو شەوە بگاتە باوەشی دایکی، جاشەکان بەرگریان کرد و نەگەیشت، شۆرش گوتی: ((دڵنیام دەزانن حەمەی ئایشە گوڵووکمان لەگەڵ نیە، بۆیە وا بەرگری دەکەن) وابوو ئەو شەوە حەمە لەگەڵ ئێمە نەبوو، ئەو شەوە چ شەوێکی ترسناک بوو، چ شەوێکی خەمناک بوو، چ شەوێکی جاشاوی بوو، قاسماغایی بوو، ئەوە شەوە شەوی شەهید بوونی شۆرش بوو، شۆرشی هاوڕێم، بە زیندووی نەگەیشتەوە باوەشی دایکی.
هاوڕێم شۆرش نەتدیت، نابینی، چ قاسماغاییە سیاسەت لێرە، چ جاشایەتیە سیاسەت لێرە، حەمەی ئایشەگوڵ ئەنفال دەکات و ئایشەگوڵ لە گۆڕەکەی دەگرێنێ، کەچی قاسماغاش رادەگرێ، دەیپارێزێ، دەیلاوێنێ، هاورێم شۆرش، چ جاشایەتیەکە سیاسەتی ئێرە!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









