قەدەغەكردنی خەتیب دیجلە بەواتای راگەیاندنی شەڕو هێرشە بۆ سەر ئیرادەی سیاسی گەلی كورد
22/06/2011, 12:00 (GMT+1)

دیارە ئەم بڕیارەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا دوای ئەوە دێت كە رێبەری كەجەكە رێزدار عەبدوڵڵائۆجەلان لە 15ی حوزەیراندا لەرێگەی پارێزەرەكانییەوە داوای لە كەجەكە كرد كە دەرفەتێكی تر بدەنە ئاشتی و داوای لەدەوڵەتی توركیاشی كرد كە نیازباشی(پاكی) خۆیان بۆ چارەسەری دۆزی كورد ئاشكرا بكەن و كەجەكە ش ماوەی هەفتەیەكی دیاری كرد بۆ ئەوەی كە دەوڵەتی توركیا نیازباشی خۆیان دیاری بكەن، هەتا ئەوانیش قۆناخی بێ چالاكی درێژ بكەنەوە، هەر بۆیە ئەم بڕیارە ناكەوێتە خزمەتی ئاشتی و چارەسەری دۆزی كورد و دیموكراتیزەبوونی توركیاوە.
ئێمە پێمان وایە ئەم بڕیارە رەهەندێكی سیاسی هەیەو لەناوەڕۆكی خۆیدا پەسند نەكردنی ئەو ئیرادەیەیە كە گەلی كورد نیشانی دا لە هەڵبژاردنەكاندا وبەدیوێكی تریدا هێرشە بۆ سەر ئیرادەی گەل و بەرتەسككردنەوەی گۆڕەپانی سیاسیە لە كورد، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كەدەوڵەت وحكومەتی ئاكەپە ئامادە نیین لەرێگەی سیاسی ودیالۆگەوە دۆزی كورد چارەسەر بكەن و دەخوازن شەڕ وەكو تەنیا بژارێك بەدەستی كوردەوە بێهێڵنەوە بۆ تێكۆشان. ئەمەش خزمەت بەتوركیا و كوردستانیش ناكات. هەر بۆیە گرنگە كە هەرچی زووە بەم بڕیارەدا بچنەوە وهەڵیبوەشێننەوە. ئەگەر نا ئەو كاتە گەلی كورد و جوڵانەوەی كەجەكە سەرپشك دەبن لەوەی كە چی بڕیار دەدەن و كەسیش رەخنەیان ناكات ئەگەر كۆتایی بەقۆناخی بێ چالاكی بهێنن. لەو باوەڕەشداین گەلەكەمان چۆن پێش هەڵمەتی راگەیاندنی هەڵبژاردنەكان توانی بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە قەدەغەكردنی چەند كاندیدێكی بەرەی رەنج و ئازادی ودیموكراتی هەڵبوەشێنێتەوە، ئێستاش دەتوانێت چۆن خەتیب دیجلەی هەڵبژارد بەهەمان شێوە بیباتە پەرلەمانیشەوە.
22/6/2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









