خەندەقەکانی پارتی لە فیلمێکی دۆکیومێنتەری نێونەتەوەییدا
01/05/2014, 12:00 (GMT+1)

لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان خاکی کوردستان پارچە پارچەتر دەکات، خەڵکی کوردستان خۆیان لێکی دەدەنەوە

ساڵانە لە شاری تۆرۆنتۆی وڵاتی کەنەدا "فستیفاڵی فیلمی نێونەتەوەیی" ساز دەکرێت. ساڵ نیە فیلمێکی تێدا نەبێت دەربارەی کورد. ئەمساڵ دەرهێنەری کوردی شاری کرماشان "بەهمەن تاوسی" فیلمێکی دۆکیومێنتەری نمایش کرد لە ژێر ناوی (پرۆڤە کردن بۆکوشتن). کاتێک هێزەکانی جمهوری ئیسلامی لە ساڵانی سەرەتای هەشتاکاندا پەلاماری کوردستانی دا. کەوتە کوشتن و گولەبارانکردنی خەڵکی کوردستان. دیمەنی دڵتەزێنی گولەبارانکردنی یازدە کورد نزیک فڕۆکەخانەی سنە ساڵی ١٩٧٩ تەنها وێنەی ئەو کوشتارگەیە کە جمهری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی "ئەوانەی دوژمنی خودان" بەڕیی خست دژ بە کوردی رۆژهەڵات بە کامێرای فۆتۆ گیراوە. ئایدیای سەرەکی فیلمەکە لەسەر ئەو وێنەیەیە بە تەنها، بەڵام خاڵی جەوهەری لەو ئایدیا سەرەکیەدا لەو پارچە زەوییەدایە کە ئەو کەسانەی تێدا گولەباران کرا. چۆن؟

ساڵی ۱۹۷۹

فلیمهکه 2014
شوێنی دەرهێنانی فیلمەکە شاری مۆنتریاڵی وڵاتی کەندایە. بۆ ئەوەی دیمەنێکی پڕ بە پێست پیشان بدەن و فیلمە دۆکیومێنتەریەکە بە تام و چێژتر بکەن کاکی دەرهێنەر لەگەڵ ئەوکەسەی بەری سی و پێنچ ساڵ فۆتۆکەی گرتووە بە دوای پارچە خاکێکدا دەگەڕێن تاکو لەو پارچە خاکە بچێ کە ئەو کارەساتەی تیدا رووداوە. خاکێکی کاکی بە کاکی دەدۆزنەوە و شۆفڵ و رۆڵە و بیلدۆزەر تێیدا دەکەوێتە کار.چۆنێتی بەرزی و نزمی یان تەختیەکەی ئینجا رەنگی خۆڵە زۆر گرنگە بۆیە دوای یەک دوو کاژێر هەڵگرتنی زەویەکە ئەو رەنگی خاکە دروست دەبێ کە مەبەستیانە. ئیدی دیمەنی ٣٥ ساڵ پێش ئێستا لە رۆژێک وەک ئەمڕۆدا بەرجەستە دەکەن. دوو رەگەز لەو فیلمەدا، زەمان و مەکانی رووداوەکە، پێمان دەڵێت پارتی چ ئیلهامێکی بەخشیوە بەو فیلمە. بە کورتی ئەو فیلمە نیشاندانی خەندەقەکەی پارتی بوو بەڵام بە دیوێکی تردا. چلۆن؟
لەو ساتانەی من لە دەریای خەمێکی قوڵی رابردوودا مەلەم دەکرد، لە پڕ کەوتم بەسەر ئازارێکی ئێستادا. کاتێک دیمەنی ئەو شۆفڵ و بیلدۆزەرانەم دەبینی خەریکی چاک کردن و ساڕێژ کردنی خاکێکی بریندار کراون کەچی لە خاکە ئەسڵەکەی کوردستانی باشوریش دیمەنی شۆفڵ و بیلدۆزەر دەبینی خەریکی تێکدان و نابووت کردنی خاکێکن کە ئاواتی دەیان ساڵەی ئەوەبوو هێزێکی خۆماڵی خۆی لەسەری حوکم بکات. مەشینەکان هەمان مەشینن بەڵام عەقڵەکان و مۆراڵەکان ئەوەندەی ئاسمان و رێسمانە. لە ساڵی ١٩٧٤ بە دواوە پارتی هەمیشە هێزێکی ناساز و ناحەز بووە بە خەڵک و خاکی کوردستان. پارتی وەک هەر هێزیکی تری کوردی ئەوەی لە دەستی هاتبێ دژ بەم خاکە و خەڵکەکەی کردوویەتی. بەشداری کردنی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی پاسداران دژی کوردانی رۆژهەڵات، هەر رێک ئەو دەمەی ئەم وێنەیەی فیلمەکەی لەسەر دەهێنراوە؛ کارەساتی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ئینجا خەندەق لێدانەکەی ئێستای لە سنوری رۆژئاوای کوردستان و شاری کەرکوک، پارتی دیموکراتی کوردستانی نەک هەر دوورتر خستەوە لە خەڵکی کوردستان بەڵکو خەندەقی بۆ مەرگی خۆی لێدا.
دیارە ئەوەی کە پارتی دەیکات، خەندەق لێدان، شتێکی چاوەڕوان نەکراو نیە و بگرە پارتی دیموکرات وەک هەر حزبێکی تری کوردی، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بە تایبەت گەر بزانێ دەدۆڕێ. گەر پێشتر پارتی دیموکرات لە ململانێ سەربازی و شەڕە چەکداریەکانیدا دۆڕابێت ئەوا لەمەودوا بە هەڵبژاردن دەدۆڕێت. دیارە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا پارتی هەرگیز بە هەقی خۆی نەیبردۆتەوە بەڵام خەندەق لێدان لە سنوری کوردستانی رۆژئاوا و لە بەینی شاری کەرکوک و هەولێر نیشانەیەکی روونە کە پارتی ترسی لێ نیشتووە لەوەی وەکو جاران ناتوانێت هێز و دەسەڵاتی هەبێت. لە لایەک، رۆژگاری ساڵانی نەوەدەکان کاتێک مەسعود بارزانی دەچوو بۆ سوریا پێشوازیەکی ئێجگار گەرمی لێدەکرا لە لایەن کوردانی رۆژئاواوە بەڵام دەستخستنە نێو کاروباری ناوخۆی سیاسی رۆژئاوا و هەڵوێستی پارتی لە داخستنی سنوری هەرێم بە رووی کوردانی رۆژئاوادا و دروستکردنی رێكخراوی چەکداری دژ بە هێزەکانی ئەوێ، بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان تەواو هەڵویستیان بگٶڕێ بەرامبەر بە پارتی و بە هیچ کلۆجێک نەچنە ژێر نفوزی پارتیەوە. بۆ تۆڵە سەندنەوە پارتی کەوتۆتە خەندەق لێدان لە نێوان هەردوو سنوری باشور و رۆژئاوای کوردستان. لە لایەکی تر، لە دوای روخاندنی رژێمی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە، پارتی هەرچی هەوڵیدا لە کەرکودا نفوس پەیدا بکات نەیتوانی بگرە رۆژ بە رۆژ ئەوەی کە هەیەتی لە دەستی دەدات بەهۆی ئەو سیاسەتە چەوت کاریەی لە شارەکەدا پیادەی دەکات، شەڕە پەڕۆی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی هاوڕەگەزیدا تەنها بەرەیەک بوو بەدەست پارتیەوە مابۆوە بەلام لە هیچ یەکێک لە هەڵبژاردنەکاندا و بە تایبەتی لەم هەڵبژردانەی ئەمڕۆکەدا، ئەپریڵی ٣٠ی ٢٠١٤، پێدەچێ پارتی دیموکرات لەم هەڵبژاردنەشدا ئەنجامێکی ئەوتۆ بەدەست نەهێنێت لە کەرکوکدا. ئارێشەی پارتی لەو شارەدا ئەوەیە بە سیاسەتکانی پێشوویدا ناچێتەوە بەڵکو پارێزگاری ئەو شرە تاوانبار دەکات بەوەی کە ئەو رێگرە لەبەردەم گەشەی پارتیدا، بۆیە وەک تۆڵەیەک دەستی داوەتە خەندەو لێدان لە نێوان شاری هەولێر و کەرکوک.
ئەوەی لە فیلمە دۆکیومێنتەریەکەدا ئەنجامگیری لێ دەکرێت ئەوەیە کە شەڕی دوژمنکارانەی پارتی دیموکرات دژ بە خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ١٩٧٩ەوە بەردەوامە تاکو ئێستا. لە کاتێکدا نەوەی نوێ لە سەر پرچە زەویەکی دەرەوەی وڵات خەریکی چاککردن و جوانکردنی توێژی خاکەکەن تا بیگەڕێننەوە سەر رووی ئەسڵی خاکی کوردستان، پارتی دیموکرات خەریکی تێکدان و ناشیرینکردنی خاکی کوردستان. ئەو شۆڤڵ وبیلدۆزەرەی لە فیلمە دۆکیومێنتەرەیەکەدا بۆ رسواکردنی تاوانێک و حەقیقەتێکی مێژوویی بە ئازار بەکاردەبرێت، کەچی ئەو مەشینانە لای پارتی تازە بە تازە بۆ روو سوور کردنی تاوان و شورەیی دەکاردەبرێت. ئەمەیە جیاوازی هونەرێکی بە وێژدان لەگەڵ سیاسەتێکی قێزەوەن.
خاڵێکی گرنگ کە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت رەنگدانەوەی ئەو خەندەق لێدانەیە لە نێو خەڵکی کوردستاندا. لەو بەراوردکاریە کەمەدا توانرا رەنگدانەوەی ئیشکردنی پارتی بە شۆڤڵ و بیلدۆزەر نیشانە بکەین بە بەراورد لە دەکارهێنانی شۆڤڵ و بیلدۆزەر لە فیلمەکەدا. ئێستا جێگەی خۆیەتی باس لەو رەنگدانەوەیە بکەین کە ئەم خەندەق لێدانە دروستی کردووە. ئەوەندەی بە هەندێ تەوژمی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناڕازی خەڵک بگەڕێتەوە لە چەند شار شارٶچکەیەکی کوردستان، ناوچەی سلێمانی نەک هەولێر، خەڵک خۆپیشاندانیان بەڕێخست؛ چەندان قسەوباس لە میدیاکان هاتە کرن. لە هەولێر یەک هەوڵی بچوک هەبوو کەچی پارتی نەیهێشت بێتە سەر جادە، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە میدیا و کەسانی رۆشنبیر و قەڵەم بەدەست و ئەکادیمیەکانەوە بێت لە شاری هەولێر ئەوا بوونیان تا رادەی سفرە. شتێکی غەریبە کە ئەو شارە یاخود ئەو ناوچەیە پڕیەتی لە نوسەر و لێکۆڵەوەر و ئەکادیمی و پرۆفسۆر و پسپۆڕ لە سەر کورد و کوردستان و کێشەکەی کەچی هیچ دەنگێک نیە لەو بارەیەوە چ بە پۆزەتیڤ یان نەگەتیڤ. لە راستیدا بێ دەنگ بوونی ئەو خەڵکانە نەک هەر لەکەیەکی مۆراڵی دەبێ لە تۆماری ژیانیاندا بەڵکو ئاستی هزر و رۆشنبیری سیاسیان لە پلەی سفردایە لەوەی کە تێ نەگەن ئەم خەندەق لێدانە چ عاقیبەتێکی مێژوویی و سیاسی ستراتیجی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. گەر لێی تێبەگن و خۆیان لێ گێل بکەن، کە من بۆ ئەمەیان دەچم، ئەوا تاوانەکەیان دوو قاتر تر دەبێت.
ئەوەی جێی سەرنجە لە میدیا و دەزگا و نێوەند و کەسانی ئەو شارەدا باسی هەموو کێشەیەکی سیاسی کوردستانی و عێراقی و جیهانی دەکرێت کەچی باسی خەندەق هەر بوونی نیە. هەر خودی خەندەق خۆی وەک وشەیەک و دەستەواژەیەک و کردارێکی مێژوویی یەک دنیا مانای ترسناک هەڵدەگرێ کەچی کەس ترسی لێ نەنیشتووە. جا ترسناکیەکە لێرەدایە. ترسناکی هەر لەوەدا نیە کە ستراتیجێکی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتێک وێل بکرێ و گوێی پێ نەدرێ، بەڵکو ترسناکی ئەوەیە ویژدان و ئەخلاقی خەڵکانی رۆشنبیری و ئەکادیمی بکڕدرێن. فیلمێکی دۆکیومینتی دووراودوور توانیتی ئیلهام بەخش بێت بۆ رووماڵکردنی سیاسیەتی شۆڤڵکاری و بێلدۆزەرکاری کەچی نەتوانێت کەمترین هەست و ئاوەزی ئەکادیمی و نووسەر و لێکۆڵەوەری سیاسی وڵات بجوڵینێت. گەر ٣١ی ئاب نەیتوانی ویژدانی ئەوانە بجوڵێنێت ئەوا سیاسەتی ئەم خەندەق لێدانە دەبوو بزاوتێک دروست بکات لە جەستە و مێشکی ئەو کەسانەدا بەڵام ئەفسوس!
هێز و پارە دوو شتن کە هێزێکی وەک پارتی دیموکراتی راگرتووە، بەڵام هیچ هێزێک لە مێژوودا تاسەر ئەم دوو شتە فریای نەکەوتوون. بە پێچەوانەوە ئەم دوو شتە لە زۆر حاڵەتدا بوونەتە بە هەڵدێردا بردنی هەر دەسەڵاتێک. دەسەڵاتەکان چەندە متمانەیان کردبێتە سەر ئەم دوو خاڵە زیاتر بەرەو سەرنگون بوون چوون. نموونە زۆرن لەو بارەیەوە و سەدام حوسێن تازەترینیان و نزیکترینیانە. سەیرەکە لەوەدایە قەڵەم بەدەست ئەو راستیە مێژوووە نابینن یان چاوی خۆیانی لێ دەنوقێنن کە دەسەڵاتی لەم شێوەیە هەر دەڕوات و ئەوەی دەمێنێتەوە مۆراڵی مرۆیی و سیاسیە. کورد دەڵی هەموو شتێ لە تەنکیدا دەپچڕێ تەنها پەتی زوڵم و زۆر نەبێ کە لە ئەستوریدا دەپچڕێ. جا کاتێک ئەو پەتە بچڕا دەبێ ویژدان و ئەخلاقی ئەو خەڵکانە بەرەو کوێ بچێ. لەوانەبێ ئەویش ببێ بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ فیلمێک وەک ئەوەی ئەمێستاکانی باسمان کرد.
ئیدرئس مستەفا
٣٠ی ئەپریڵی
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









