میدیای حیزبی، كەناڵێك بۆ چەواشەكاری
09/09/2010, 12:00 (GMT+1)

ئایا میدیا توانای گۆڕینی كارەكتەری هەیە؟ چۆن دەكرێت كارەكتەرێكی خیانەتكار بگۆڕدرێت بۆ شۆڕشگێڕ و بەپێچەوانەشەوە؟ كەی و لە كوێدا میدیای حیزبی پەنا دەباتە بەر چەواشەكاری؟ ئەو پرسە گرنگانە كامانەن كە میدیای حیزبی تێیدا پەنا دەباتە بەر شاردنەوەی حەقیقە ت و كوشتنی زیانیاری؟
زۆر جار كوشتنی زانیاری بە كوشتنی مرۆڤێك یان كۆمەڵ و كروپێك تەواو دەبێت، بۆ شاردنەوەی حەقیقەت و روو سپی كردنی خۆی، حیزب هەمیشە پەنا دەباتە بەر هەندێك چەواشەكاری وەك گۆڕینی كارەكتەر و دروستكردنی كاریزما و تاوانباركردنی كەسانێك، بۆ ئەم باسە پێویستمان بە شێخ وانا و گروپەكەیەتی وەك نموونە، لە ساڵی 2005 گروپێك بەناوی گروپێ شێخ زاناوە لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە لە شاری هەولێر دەستگیر كران، تا ئێستاش كەس بەو حەقیقەتە نەگەیشت، ئاخۆ ئەوانەی لە پشت ئەو گروپەوە بوون كێن و مەبەستیان چیە؟ ئایا هەر بەراستی ئەو گروپە كۆمەڵێك نەخۆش بوونە و چێژیان لە ئازاردان و لەت و پەتكردنی خەڵك وەرگرتووە؟ یان تاقم و پارتێكی تر لە پشت كارەكانیانەوە هەبووە؟ چونكە مێژووی شەڕی ناوخۆی كورد ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە حیزبە باڵاكانی كورد(پارتی و یەكێتی) هەمیشە پێویستیان بە گروپ و تاقمی لەو جۆرە هەبووە بۆ ئەنجامدانی كارە دزێوەكانیان، ئەویش لە پێناو مانەوەیان، ئەوەی زیاتر ئەو گومانەمان بۆ دەكات بە یەقین كە پارتی لەپشت ئەو گروپەی شێخ زاناوە بووە سێ خاڵە، یەكەم: شێخ زانا پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ حیزب و بنەماڵەشدا هەبووە، دووەم: كەسێكی چالاكی گروپەكە بەناوی مولازم دلێر لە ئاسایشی پارتی مولازم بووە، سێیەم و گرنگترینیان: كاتێ ئەو گروپە دەستگیر كران یاسای لە سێدارە دان لە كوردستان نەمابوو، دوای ڵێكۆڵینەوە لەو گروپە كە لە یەكێك لە كەناڵەكانی پارتیدا پەخش كرا، ئیتر زوو بەزوو پەرلەمانی كوردستان یاسای لە سێدارەدانی گەڕاندەوەو جگەلە یەكێك نەبێت تەواوی ئەندامانی ئەو گروپەی لە سێدارەدا، ئەمەش بەڵگەیە بۆ شاردنەوەی بەشێكی گرنگی حەقیقەتەكان، چونكە ئاشكرایە ئەوەی لە تەلەفزیۆنەكان نمایش كرا ئەو بەشەی حەقیقەتەكە بوو كە حیزب خۆی مەبەستی بوو پەخشی بكات و هیچ مەترسیەكی بۆسەر ئاشكرابوونی تیرۆر و جەلادبوونی ئەو حیزبە نەبوو، چونكە ئاشكرایە ئەو حیزبە خاڵی نیە لە روحیەتی تیرۆر و جەلاد، تەنها شەڕی براكوژی و پەكەكە و سورچیەكان بەسەر بۆ جەلادبوونی و كوشتنی رۆشنبیران و نوسەرانیش بەڵگەیە بۆ تیرۆریستی، ئێٍستا كە ئێمە نموونەمان هەیە بۆ چەواشەكاری و شاردنەوەی حەقیقەت لەلای پارتی، ئیتر دەبێ بزانین ئەم چەواشەكاری و هەڵگێڕانەوەی حەقیقەتە تاكوێ پەل دەهاوێت؟ ئایا بە تەواوبوونی سیناریۆكەی شێخ زانا ئەم فرت و فێل و چەواشەكاریانەی پارتیش كۆتایی دێت، نا بەداخەوە تا ئێستاش ئەو بێشەرمی و چەواشەكاریانە درێژەی هەیە، ئەوەتا لە كەیسەكەی سەردەشت عوسماندا راگەیاندنی حیزب چەندە بێشەرمانە هەڵیت و پەڵیتی دەگوت و ئەوەندەی نەمابوو سەردەشت تاوانبار بكەن، شێخ زانایەك دروستكراوی دەستی پارتیە و دواتر پارتی ئیشی پێی نامێنێ و بۆئەوەی هێز و دەسەڵاتی خۆی و دەزگا هەواڵگرییەكانیمان پێشانبدات، دێ شێخ زانا دەكاتە قوربانی ئەو یارییە دزێوەی خۆی و بەناڕاستەوخۆ هەڕەشەش لە هەر بیركردنەوەیەیكی پێچەوانەی بەرژەوەندی خۆ ی دەدات، دەیەوێت پێمان بڵێت كە شێخ زانامان دۆزیەوە و لە سێدارەكان دا، ئێوە كە لەدژی بەرژەوەندییەكانمان قسە بكەین لە ژێر زەویش بێت دەتاندۆزینەوە و دەتانكەین بە پەتدا. نموونەی ئەمەیشیان زۆرە، لە تیرۆركردنی شێخ ستارەوە تا سۆرانی مامە حەمە و تا سەردەشت عوسمان و چەندینی تر، كە ئاشكراكردنی هەر حەقیقەتێك زیانێك بووە بۆ سەر هەیمەنی ئەو حیزبە پڕ لە خیانەتە، حیزبیش لەبەرامبەردا دێت و نوسەرەكانمان رەوانەی دنیایەكی تر دەكات.
ئەگەر پێشتر و بەتایبەت كاتی كوشتنی شێخ ستار و سۆرانی مامە حەمە ئومێدی هەوە هەبووبێت كە بكوژانی ئەو تاوانانە ئاشكرا دەبێت، ئێستا ئیتر بۆمان روونبۆتەوە كە نەبكوژانی دەسگیر دەكرێن و نە ئەو كەسانەش بە رەسمی بۆ راگشتی ئاشكرا دەبن كە لە پشت رووداوەكەوەن، چونكە ئەگەر بكوژانی ئەو رووداوانەش ئاشكرابن، ئەوە دیسان دەسەڵاتی كوردی دوای لێكۆڵینەوەیەك كە حیزب سیناریۆكەی دادەنێت، لەسێدارە دەدرێن، كێ دەڵێ شێخ زانا ویستویەتی بەو جۆرە قسە بكات كە ئێمە بینیمان؟ چەند توێژەری كۆمەڵایەتی دكتۆری دەرونزانی سەردانیان كردن تا بزانن هۆكاری ئەم هەموو تاوانانە چی بوون؟ بۆ دەرفەتێك بەو گروپە نەدرا تاببنەوە بە بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی و چاكبكرێنەوە بگەڕێندرێنەوە ناو كۆمەڵگا؟ كام رۆژنامەنووسی ئازاد یەك دێڕی لەدەم شێخ زاناوە وەرگرت، ئەوەی هەبوو هەمووی لەڕێی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی چەواشەكارەوەبوو، ئاخر لەم سەردەمەدا ناكرێت تاواتكاران ببنەقوربانی و راستەخۆ لەسێدارە بدرێن، تاوانكار چانسی ئەوەی هەیە بە كۆمەڵایەتی بكرێتەوە جارێكی تر ژیانێكی ئاسایی دەست پێبكاتەوە. لەسێدارەدانی ئەوان هەم دروستكردنەوەی جەللادە و هەم بێ باخكردنی بەها مرۆییەكانە و هەم پەرتەوازەكردنی چەندین خێزانە، كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا كێشەی گەورەتر و خەڵكی خراپتر پێشكەشی كۆمەڵگای كوردی دەكات، ئەگەر دەسەڵات دادپەروەربایە و بیری لای چاكسازی كۆمەڵایەتی بوایە، نەدەبوو ئەو گروپە لە سێدارە بدات و خێزانەكانیشیان پەرتەوازەبكات و بینكاتە خێزانێكی بێ ئابڕو، منداڵی هەریەكی لەوانە كە گەورە دەبێت، دەزانێ باوكی پیاوكوژبووە و تا هەتا ئەم كۆمەڵگا بێڕەحمە بە چاوێكی سووكەوە تەماشایان دەكات، رەنگە هەر ئەم بارە دەروونیە وایان لێبكات هەمان رێی باوانیان بگرنەبەر، بەڵام لەبەرئەوەی بەرژەوەندی حیزب لەوەدابوو لەسێدارە بدرێن، ئیتر بەرژەوەندی گشتی و كۆمەڵگا و خێزانەكان گرنگ نین و چش لە كەسایەتی و ئابڕوی ئەو خێزانانەش.
تەلەفزیۆن لە كاتێكدا وەك دامەزراوەیەكی كولتوری تەماشا دەكرێت، بەڵام ئەوەتا ئەو دامەزراوە كولتوریە لە ناو حیزبدا دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەكی چەواشەكاری و لەڕێیەوە حەقیقەتەكان دەشاردرێنەوە و پاڵەوان دەكرێت بە خیانەتكار و دەزگا سەركوتكەرەكانیش دەكرێن بە پاڵەوان و ئەفسانەی رۆژگار.
*بۆ نووسینی ئەم بابەت سوود كتێبی (لەبارەی شێخ زاناوە) وەرگیراوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









