بەیاننامەى گۆڤارى (ساماڵ پۆست) دژى تیرۆركردنى هاوكارمان زەردەشت عوسمان ناسراو بە (سەرۆ سەردەشت)
08/05/2010, 12:00 (GMT+1)

ئێمە وەك گۆڤارى (ساماڵ پۆست) بە توندى ئیدانەى ئەو كارە تیرۆریستییە دەكەین، كە دژ بە هاوكارمان (سەرۆ زەردەشت)ى هاوكارمان كراوە، هاوكات ئەم كارە دڕندانە و دوور لە هەموو بەهاكانى مرۆڤایەتى كە لە ناو دەسەڵاتى كوردى و لە ساڵى 2010دا و لە سەردەمى پێشكەوتنە خێراكان لە بوارەكانى ژیاندا روو دەدات، جێى مەترسیە بۆ سەر تەواوى رۆژنامەنووسانى كوردستان و ئەو ئەزمونەى كە دەسەڵاتى كوردى بە ئەزمونێكى سەركەوتوو و دیموكراتیەت پێناسەى دەكات، ئێمە دەپرسین ئەگەر دەسەڵاتى كوردى ژیان بە (سەرۆ زەردەشت)ى رۆژنامەنووس و قوتابی كۆلێژ رەوا نەبینێت، چۆن رێ بە خۆیان دەدەن ببنە دەمڕاست و پارێزگاریكەر لە نەتەوە و گەلە ستەمدیدەكەیان؟! كە لە كاتێكدا خۆیان ببنە بكوژى رۆڵەكانیان!
ئێمە وەك گۆڤارى ساماڵ پۆست ئەو كارە بە سەرەتایەك دادەنێین بۆ لە ناو بردن و تیرۆركردنى رۆژنامەنووسانى ئازاد و سەربەخۆ و بۆ بەرتەسككردنەوەى بوارى ئازادى نووسین لە هەرێمەكەدا، كە لە لایەن دەسەڵاتەوە پیادە دەكرێت، بۆیە لێرەوە داوا لە سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت و گشت دەزگا ئەمنیەكانى هەرێمى كوردستان و تەواوى رێكخراوە نێودەوڵەتى و مەدەنیەكان دەكەین لە ئاست كردارێكى وەها دژە مرۆڤایەتیدا بێدەنگ نەبن و هەڵوێست وەربگرن، هاوكات بە زووترین كاتیش تاوانباران بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا.
لە كۆتاییشدا دەڵێین ئێمەى رۆژنامەنووسان هیچ كێشەیەكى شەخسى و كۆمەڵایەتیمان لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك نییە، تەنها نووسینەكانمان نەبێت، ئەگەر زامنى ژیانمان نابن، ئەوا با هەرێمەكەتان بۆ بە جێبهێڵین.
گۆڤارى ساماڵ پۆست
رێككەوتى 6-5-2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









