<

پێشێلى سەروەرى

21/08/2011, 12:00 (GMT+1)



لەو ڕۆژەوەى كە خەباتى گەلى كورد لە باشورى كوردستان گەیشتۆتە پێكهێنانى قەوارەى ئیدارى و یاسایى خۆى لە چوارچێوەى كۆمارى عێراقدا ناوە ناوە لەلایەن وڵاتانى دراوسێوە بە بیانوى جیا جیاى بێبناغە و نایاساییەوە، بەپێچەوانەى پرێنسیپە نێودەوڵەتیەكان، سەروەرى هەرێمى كوردستان و دەوڵەتى عێراق پێشێڵ دەكەن، بەبێ ئەوەى لەو ماوە دورو درێژەدا چارەسەرێكى بنەڕەتى بۆ دۆزرابێتەوە.
بەتایبەتى لەدواى ڕوخاندنى ڕژێمى گۆڕكراوى بەعس، گەلى كوردستان بەهۆى بەشدارى كاریگەرى لە ڕوخاندنى و بەشداریكردنى لە پێكهێنانەوەى دەزگاكانى ئەو دەوڵەتەدا، بویتە هۆى ئەوەى كە گەلى كوردستان ئێستا لە عێراقى نوێدا هاوبەش بێت لە دەسەڵات بەگوێرەى دەستورى عێراق لەهەموو كایەكانى ئەو دەوڵەتە بەگوێرەى ئیستحقاقى ئینتخابى و نەتەوەیى خۆى لە هەرسێ سەرۆكایەتەكەى عێراقیشەوە.
لەلاى هەمومان ئاشكرایە كە دەوڵەت دیاردەیەكى كۆمەڵاتى و سیاسى و یاساییە، مەبەست لە پێكهێنانى دەوڵەتیش بۆ ڕێكخستنى كاروبار و پەیوەندیەكانى هاوڵاتیانە لەسەر نیشتمانێكى دیاریكراودا، پایە سەرەكیەكانى پێكهێنانى هەر دەوڵەتێكیش بریتیە لە هەبونى (1ـ گەل، 2ـ ئەقلیم، 3ـ دەسەڵات) كە لە مێژودا ئەو پایانەى دەوڵەتمان نەك هەر هەبووە بەلك و لەو وڵاتانەش بوینە كە سەردەمانى كۆن پێشەنگى شارسانیەتى مرۆڤایەتیش بوینە، كەچى ئێستاكە بەم شێوە دكتاتۆریە پێشێلى سەروەرى وڵاتەكەمان دەكرێت.
بەگوێرەى بنەما و یاسا نێودەوڵەتەكانیش هیچ دەوڵەتێك نابێت سەروەرى دەوڵەتێكى دیكە پێشێل بكات، ئێمە هەمومان لەبیرمانە كە كاتێك عێراقى كۆن سەروەرى دەوڵەتى كوێتى دراوسێى پێشێڵ كرد هەڵوێستى نەتەوە یەكگرتوەكان و دەوڵەتە هاوپەیمانەكان (كە سى دەوڵەت بوون) چى بوو و چۆن بەرپەرچیان دایەوە بە سەركردایەتى ویلایەتە یەكگرتوەكانى ئەمەریكاوە، تۆ بڵێى بانێك بێت و دوو هەوا؟.
لەو كاتیدا ئەمەریكا یەكێك لە دەوڵەتە سەرەكیەكان بوو ئەو ناهەقیەى قبوڵ نەكرد، كەچى ئێستاكە هێشتان عێراق لەژێر چاودێرى و پارێزگارى ئاسایشى ئەودایە و كەچى سنورەكانى ئەم دەوڵەتە بەبەر چاویانەوە دەبەزێندرێ و بۆردومانى ئاواییەكانى دەكرێت لەلایەن (ئێران و توركیاوە) و ئەمە لە هەمانكاتدا سوكایەتیكردنە بەوانیشەوە، بەبێ ئەوەى هەڵوێستى هەبێت.
وەزیفەى دەوڵەتە سەروەرى وڵاتەكەى و ئەمن و ئاسایشى هاوڵاتیەكانیشى بپارێزێت، ناكرێت هەر جارەى دەوڵەتێكیان و هەندێكجاریش وەكو ئەوەى ئێستا دەیبینین پێكەوە پەڵامارى ئاواییەكارى هەرێمى كوردستانى عێراق بدەن و هەڵوێستەكانیش لە چوارچێوەى بەیان و هەوڵى دیبڵۆماسى تێنەپەڕێ، بەبێ ئەوەى چارەسەرێكى بنەڕەتى بۆ بدۆزرێتەوە..
سەیر و نامۆییەكە لەو حالەتەدا زیادتر دەبێت كە لەو دەوڵەتەدا، لەو ڕۆژەوەى بەشێوەیەكى یاسایى پێكهێنراوەتەوە سەركۆمارەكەى و وەزیرە خاریجیەكەى كوردە..، كەچى ئەو پێشێلیەش هەر بەردەوامە!!، ئەو دەوڵەتە چ جۆرە دەوڵەتێكە كە بەردەوام سەروەریەكانى پێشێل بكرێت و هاوڵاتیەكانیشى بەردەوام بكوژرێن و ڕاوبنرێن و كۆمەڵێك بەرپرسیش وەكو نوێنەرى ئەو خەلكە لە پایتەختى ئەو دەوڵەتەدا هاوبەشى دەسەڵاتەكەى بن؟
ئەگەر ئێمە هاوبەشین پێویستە هاوبەشیەكەمان لە هەموو بوارەكان بێت، ناكرێت بەبەرچاوى نوێنەرەكانمانەوە بكوژرێین و ڕاوبنرێین و هەڵوێستى بەرپرسەكانى هەرێم و حكومەتى ناوەندیش تەنها دەربڕینى نیگەرانى بێت و یان ئەو پەڕیەكەى هەندێك هەوڵى دیبڵۆماسى بێت بۆ سڕ كردن و دواخستنى پەڵامار و كوشتنەكان بەبێ چارەسەرى بنەڕەتى ئەو پێشێلیانە.
بۆچى یەكسەر لەدواى ڕێككەوتنى هێزەكان بۆ پارێزگارى هاوڵاتیانى ناوچە دابڕێندراوەكان حكومەتى توركیا بەو شێوە دڕندەییە پەلامارى ئاواییەكانى ئامێدى و بەروارى باڵا و... ناوچەكانى دیكە دەدات؟ ئایا ئەو هێرشە ناڕەوایەى لەو كاتەدا بۆ هاوكاریكردنى تیرۆرستان نیە؟ ئایا كردەوەكانى ئەو دوو دەوڵەتە تیرۆرە (كە هیچ نابوێرن بە ئاژەڵى بەستەزمانیشەوە) یان دیفاعكردنى (پەكەكە و پژاك) لە گەلە چەوساوەكەى؟ دەكرێ ئەوان مافى دیفاعكردنیان لە ئاخ و خەلكى خۆیان هەبێت، كەچى (پەكەكە و پژاك) ئەو مافەیان نەبێت؟ دەكرێ بۆ پێشمەرگەى دوێنێ ڕەوا بووبێ بەرەڤانى لە ئاخ و گەلى خۆى بكات، كەچى گەریللا ئەو مافەى نەبێت؟ دیارە لە فەرهەنگى دەوڵەتە دكتاتۆرەكان و دەسەڵاتدارە بەرژەوەندى تایبەت پارێزەكاندا ڕاستیەكان ئاوەژون، ئەو مافە ڕەوایە بە تیرۆریست دەناسێنن و تیرۆرستى ڕاستەقینەش (كە كردەوە دڕندەكانیانە) بە ڕەوا دەزانن!!.

 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست