لە دادگە گوێبیستی تۆمەتەكانی ئێران دەبین
20/10/2010, 12:00 (GMT+1)

لە درێژەى هەڵمەتەكانی كۆماری ئیسلامی دژی هەرێمی كوردستان و بەبیانووی دەزگای ئیسرائیل-كورد، عەزیم حوسێنی بەرپرسی كۆنسوڵگەی ئێران لە هەولێر كۆمەڵێك تۆمەتی ناڕەوا و دوور لە نەریتی دیپلۆماتی خستووەتە سەر دەزگاكەمان و بەتایبەت داوود باغستانی سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد.
حوسێنی بەشێوەیەكی نەرێنی باسی ئەو دەزگایە دەكات و ستافەكەى بە كەسانێكی تۆمەتبار بەرامبەر دۆزی كورد ناو دەبات، لە كاتێكدا هیچ جۆرە بەڵگەیەكی بۆ ئەو تۆمەتە نەخستووەتە روو. ئەو هەڵوێستە نوێیەى كۆنسوڵگەری ئێران لە هەولێر، لەگەڵ لێدوانی پێشووی بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە بەرامبەر دەزگای ئیسرائیل-كورد جیاوازە و ئەو رق و تووڕەیییەى ئێران بەرامبەر دەنگی هەقخوازیی ئەو دزگایە قبوڵ ناكرێ، بەتایبەت كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ هێرش كراوەتەوە سەر كەسایەتی و مێژووی بەرپرسی یەكەمی دەزگا كە هەمان داوود باغستانییە.
تا ئێستە پێمان وابوو كە پێویستە لە بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی كوردستاندا زۆر بایەخ بە بۆچوونەكانی هەڕەشەئامێزی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێم و ناوەخۆی ئێران نەدەین، بەڵام لەگەڵ ئەو هێرشكردن و سووكایەتی پێكردنە نوێیەی كۆنسوڵگەی ئێران لە هەولێر، ئەو قۆناخەی بێدەنگیمان بەكۆتا هات و هەرجۆرە هەڕەشە و ناوزڕاندنێك بەرامبەر خۆمان وەڵام دەدەینەوە و وەك دەستدرێژییەك بۆ سەر سەروەریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەزانین.
لێرەوە هەموو لایەك ئاگەدار دەكەینەوە بەرامبەر ئەو لێدوانەی بەرپرسی كۆنسوڵخانەی ئێران كە لە رۆژنامەی "رووداو" ژمارە (134) دووشەم 2010.10.18 دا بڵاو بووەتەوە بێدەنگ نابین، داوا و سكاڵای یاسایی لەسەر بەڕێزیان تۆمار دەكەین تا بزانین بەڕاستی بەرپرسانی ئێرانی لە هەرێمی كوردستان چییان لە گیان و ماڵی خەڵك و خاكی كوردستان دەوێ.
هاوكات لایەنە پێوەندیدارەكانی ئەمنی، سیاسی و حكوومەتیی هەرێم ئاگەدار دەكەینەوە، پاڵپشت بەوەى گۆڤاری ئیسرائیل-كورد بەپێی یاسای رۆژنامەگەری و رێنوییەكانی هەرێم كار دەكات و مۆڵەتی یاسایی هەیە، پاراستنی ئێمە دەكەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك كە كۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەكانی لە هەرێم بە بەرپرسی هەرجۆرە دەستدرێژییەك دەزانین.
* هەموو لایەك لە ئەنجامی سكاڵاكە ئاگەدار دەكەینەوە.
بەشی راگەیاندنی دەزگەى ئیسرائیل-كورد
18ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر 2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









