مەرگی تۆ بەدەنگی هێنام
12/05/2010, 12:00 (GMT+1)

لە سەرو بەندی هەلبژاردنەكان بوو ئەو كاتەی خەڵكی لێوان لێو بوبون لە بیستنی درۆ و دەلەسە. ئەو كاتەی كە تۆپی ئیحساسی خەڵك لە بەر پێی یاریزانانی سیاسی هەر دەمەو بۆ سوچێ تێیان هەڵئەدا. منیش وەك ژیانی ڕۆتینی دووبارە بووەی خۆم دەستم لەژێر چەناگەم دانا بوو, كۆنترۆڵكەشم بەدەستەوەگرتبوو, لەكاتی گۆڕینی كەناڵكاندا لە ناكاو كەسێكی بەرپرسم دی (كە هەڵبەت یەكێك بوو لە مقەدەسەكان) منیش زۆر بە هێمنی گوێی ویژدانم بۆ شل كرد.
لە ناكاو هاتە سەرباسی ئازادی و ووتی: ئازادیمان بەخڵك داوە, تەمەنادەكەم كە ئەوانیش هاتنە سەر شانۆی دەسەڵات بە ئێمەی بدەن.
منیش بەقوڕگێكی تاساو و بە بیرێكی گوماناویەوە ووتم: ئازادی گەر هەبێ هی هەمووانە گەر نەشبێ ئەوە مافێكی زەووت كراوە دەبێ هەوڵی وەدەست خستنەوەی بدەین . خۆئازادی كاڵایەك نیەو لە بازاڕ و كۆڵاندا هەڵەڵەی بۆ بكرێ.
چونكە هەر لەسەرەتای ژیانمان كۆمەڵگا بە شیری كۆمەڵێ مەبادیئی مقەدەس گۆشمان ئەكا و پێمان دەڵێ: هێڵی سوورن ئازادی نیە گەر پێیاندا هەڵبشاخێی بەڵكو پێشێلكردنی خودی ئازادیە .
وەلێ نازانم یان شیری من پاك نەبوو یان كۆمەڵگا باش گۆشی نەكردم كە دەبوو هەندێكی كەی پێ ئاشنا بكردایەم كە نەوەك ڕۆژێ بە هەڵەش باسیان بكەم .
چونكە ئەمڕۆ نەك كابرا خۆی بەڵكو ماڵ و منداڵی زاواو سەیارەو قاسەو كاسەی پارەو بەندەن و بەردو شاخ و دۆڵی شۆڕشی نازانم چیو چیتریشی لە ناو بازنە و چوارچێوەی ئەو موقەدەساتانەن كە بە ئێڵنجێكی شیر پێدانمان بەسنگماندا ڕژاو پێمان ئەزم نەكراو گەدەمان تەحەموولی خواردنی نەكرد. بەڵام ئاخ و سەد هەزار ئاخ كە خافڵابووم نەمزانی ئەو ئازادیەی ئەو لێی ئەدوێ كام ئازادیە؟
ئەو ئازادیە كەفتە كارەی كە تووشی هەزارن هەزار نەخۆشی بووە یان ئەو ئازادیەی كەوەك سواڵكەر هەر ڕۆژەو بە بیانووی نەبوونی دەست لە هەزار نامەرد پان دەكاتەوە یان ئەوەی كە لەگەڵ كەفی خویًنی سەردەشت پێش مردنی لە تاراووگای خەیاڵتاندا سەرتان بڕی یان ڕێگەدانە بە كۆمەلێ جەلادو فس فس پاڵەوان كە لەسەر لاشەی نەوەی خۆیان تەپڵی هاتنی بەهارە عومری دیكیاتۆری لێ ئەدەن و خۆشتان پەڕۆی سووری خڵتاناوی سەردەشتان بۆ هەل هەلە هەڵگرتووە
بۆیە دەڵێم: كەس غەم نەخوا چونكە دار كرمی لە خۆی نەبێ هەزار ساڵ تەمەنیەتی وە ئەفسوس و داخیش هەڵمەكێشن چونكە سەگی هار تەمەنی چل رۆِژە وە تووشی حەزینیش نەبن چونكە كوشتنی كاكە سەردەشت ئەبرەهەی دووژمن بە كەعبەی ڕووەو كەعبە هێنایە سەر چۆك, سەدامی دووژمن بەكوردیش پڕ بەدەمی هاواری كردوو ووتی دەك شیری دایكتان پێ حەرام بێ من كەی فیعلی وام فێركردن, ئەبو جەهلی جاهیل بە محەمەدی لە نمایشی درامای كوشتنی تۆدا تۆزی جەهلی لە خۆی تەكاند, نەمروود و فیرعونی ستەمكاری لە ناو سەكۆی دادگای ئیلاهیدا شایەتی بەحەقیان بۆ ڕاستگۆی عیسا ئاسای تۆدا .
تیرۆری تۆ ئەوانی خستە ژێر لێزمە تفی غەزەب و خەشمی خەڵكی. ئەوان جڕو جانەوەرن ڕۆشنكەرەوەی وەجاخی بەعس و فەرزەندە ڕەسەنەكانی هۆلاكۆو نەوە وەجاخ كوێرەكانی هیتلەرو ماسۆلۆنین چونكە هەر ئەوانن دیل كوشتن و پیاو كوشتنیان لا خەبات و موعجیزەیە.
لە كۆتایا ئەوە ئەلێم كە نە نووسەرم و نەڕۆژنامەنووس نە هاوسێی سەردەشتم و نە برادەری نە هاو فكرەویشیم , بەڵام ئەوەی كە لێی هاوبەش بووین ئەویش قووتابی بوونمان بوو
وە تەنها شتێ كە بەدەنگی هێنام بووركانێكی هەڵقوڵاوی ناو وویژدانم بوو ئەو بوركانەش تەنهاو تەنها مەرگی پڕ ترادیژیای تۆ بوو كە خۆت دووعای خواستنت بۆ كرد بوو
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









