كاكە ئەوە ئەمجارەیان بەرەو كوێمان ئەبەیت ؟
19/10/2010, 12:00 (GMT+1)

خۆفرۆشتن و خیاتەت و ئاش بەتاڵ ، براكوژی و كوتلەبازی و خزم خزمێنە ، وتاری ئاگرین و بەیاننامە ئەتۆمی و پاڵەوانێكی ئەفسوناوی ، گۆڵێكی بۆگەن و موقەدەساتێكی بێ ئابڕوو و نێرە سەركردەیەك ، پزشكێكی جەللاد و پارێزەرێكی جەردە و بازرگانێكی مافیا ئاسا ، كوردستانم پێ ئەناسێنێ ، مۆری كوردایەتیم لە نێوچەوان هەڵەكۆڵێ.
بیست پێش ئێستا ، پاڵەوانەكانی كوردستانم لە كەركوك ، مامە ڕیشە و مام ڕۆستەم بوون ، ڕاپۆڕتە نهێنییەكانی چرپەى بێدەنگی ، بریتی بوون لە : پێشمەرگە هات و پێشمەرگە رۆیی ، بەڵام كەس لە ئێمەی كەركوكییەكان نە پێشمەرگەمان بینیبوو و نە شوێن و مەكانی بەهەشتی سەركردایەتیمان ئەزانی.
بیست و دوو ساڵ پێش ئێستا ، مێواندارێتی رژێمی بەعسبووم لە نوقرەسەلمان ، تاك و تەنیا ، نە پاڵەوانەكانم لە گەڵ بوو ، نە فریشتەكانی بارزانی و نە شێرە كێوییەكانی تاڵەبانی ، پێشمەرگەش لە خەباتدابوون بۆ زیادكردنی میوانەكانی نوقرەسەلمان ، گرنگ نیە گوللە بە ئاسمانەوە ئەنێن یان بە سێبەری دوژمنان ، گرنگ ئەوەیە ئەوان هەبوون ، بەڵام ئێمە نەبووین ، نە لەسەر زەوی ، نە لە ئاسمان .
دە ساڵ پێش ئیستا ، لە جادەی قەنات (حەمدی) ، كابرایەكی رەش و رووت ، بە جووتێ كالەی ئەدیداسی ئێرانی و قەمسەڵەیەكی خاكی ئێرانی ، مڕومۆچ و خەمگین ، لە سێبەرەكەی لاوازتر ، ئەڵێن سەركردەیە ، بەڵام روخساری سەركردەی پێوە نیە ،چونكە نە درۆزنە و نە دزە ، نە دوو رووە و نە تڕزلە. بەڵام لۆچی نێوچەوانی ئەیسەلمێنێ كە سەركردەیە ، بەڵام لە كەركوكەم چیرۆكی نیە ، باسی نیە ، دەنگی نیە ، ئەبێت كێ بێت ؟!سەركردەی كەركوكیەكانیشە یان تەنیا كوڕی سلێمانیە ؟!باشە خۆ مامە ڕیشە كەركوكی بوو ، بەڵام هیچ كاتێك كوڕی كەركوك نەبوو!كوری كوردستانێكی گەورە بوو كە ئێستا بۆتە خەونی شاعیران .
چوار ساڵ پێش ئێستا ، دەموچاوی مڕومۆچ لە ناو یەكێتییەم روو لە زیادبوونە ، كوتلەكاری پێی بە ئازادی و دیموكراسی (دوو درۆ زلەكەی مێژووی كوردستان) لێژكردووە ، كە سڵاو ئەكەیت ، بە تۆ كوتلەی كێی وەڵام ئەدرێیتەوە؟!لە مەڵبەندەكان خەریكی مینڕێژكردنی پەیڕەوی حزبن ، سلێمانی لە مەنجەڵێكی هەڵمی ئەچێت ، باوكم چاوەڕێی تەقینەوەیە !تەقینەوەی چی؟ هەر پێم ناڵێت .
كەمتر لە چوار ساڵ پێش ئێستا ، كۆترە سپییەكی یەكێتی ئێستا لە مەل ئەچێت و دوو باڵی بەهێزی هەیە زیاتر لە باڵی هەڵو ئەچن نەك كۆتر !باس لە گۆڕانكاری ئەكرێت لە سەرەوە بۆ خوارەوە ، ڕێك وەكو خلیسكێنە شكاوەكەی باخەكەی ئیسكانی كەركوكم ، یانی ئەوەی لە سەرەوەیە ئەبێت بخلیسكێتە خوارەوە و هاوڕێكانیشی چەپڵەی بۆ لێ بدەن !بەڵام سەری نەگرت!كەسیان ئامادە نەبوون بچن بۆ باخەكەی ئیسكان و خلیسكێنە شكاوەكەی ، دەی باڵێكیان بە خاین و خۆفرۆش ناومان ئەبەن؟!باڵەكەی تریش بە مانگا دۆشینەر؟!خۆشمان نازانین كامیانین!
ساڵێك پێش ئێستا ، بەزمە و شۆڕشی پەڕۆیان بەرپا كردووە ، دەستێكمان بە دەست ئەملایەو قاچێكمانی بەدەستی ئەولا ؟!بەڵام بۆ ماوەی مانگێك برا گەورەی هەردوو لاین . سەرەوخوار سواری ئەسپێكیان كردم و مۆمێكیان دایە دەستمەوە!ئەسپەكە لەڕ و پیر و نێوەی نەخۆش و نیوەی بۆگەن بوو ، مۆمەكەشم هەرچەندە كز و دەستمی ئەسووتان ، بەڵام دڵم پێی خۆشبوو .
سەعاتێك پێش ئێستا ، ئەسپەكە بوو بە هێستری قاچاخبەر ، بەرمیلە نەوت بەرەو ئێران ئەبات ، مۆمەكەش كرا بە لایتی دەستی بەس هەڵنابێت ، پیلی پیری تیایە و پیلی تازە و گەنج وەرناگرێت ، هێسترەكەم پەكی كەوتووە ، لایتەكەشم كار ناكات .
هەر ئێستا ، رەنگی سەوز لە فەرهەنگی رەنگەكانم نەماوە و بەرەو زەردبوون ئەچێت ، هێسترەكەشم دەیان كوێخاو ئاغای هەیە بە ئاغاكانی زەردستانیشەوە ، لایتەكەشم پیرەكان بە ناوی گەنجەوە بۆ پیرەكان كۆڕ ئەبەستن ، رۆژی پێنج جار لەگەڵ ئەڵڵاە ئەكبەری منارەی مزگەوتەكاندا رەنگ ئەگۆڕن تا بەرەو كاڵبوونەوە ئەچن و پیرەكان نەشتەرگەری جوانكاری ئەنجام ئەدەن بۆ ئەوەى گەنج ببنەوە ! گوایە گەنجەكانمان هێشتا بۆنی شیری خاویان لێوە دێت.
چەند رۆژی داهاتوو ، ئەمساڵە بە ساڵی كۆنگرەكان ئەناسرێت ، چەندین كۆنگرە بەسراوە، دوو ئەوندەی تریش ئەبەسرێت ، بەڵام دڵخۆش مەبن ، چونكە بە هەزاران كۆنگرەی ئەو برادەرانە ، من تۆ ناكتە هاوڵاتی پلە یەك .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









