لهبنهماڵهی شههید مام نادرهوه بۆ تەلەفزیونى گەلى کوردستان کەناڵى هەولێر
25/02/2009, 12:00 (GMT+1)

1- ئەو کەسەى ئێوە یادتان کردۆتەوە ، لە ئێوارەى 28/4/ 1988 (رۆژى لە دایک بوونى سەدام حوسێن)لە سەر دەمەقاڵیەک برایەکى ئێمەیان کە ئەندامێکى یەکێتى خوێندکارانى کوردستان بوو لەبەر رەتکردنەوەى سیاسەتى بەزۆر رەوانەکردن بۆ ریزەکانى جێش شەعبى لە معهد دەرکرابوو بە ناوى (کاوێس نادر) شەهیدکردو 5 کەسى دیکەى خێزانەکەمانیان بریندار کرد بە چەکى جاشایەتی فەوجى خەفیفەى 135 لهگهڵ پۆلێ جاشی تر ، دوایى لەرێگاى بنکەى پۆلیسى ئازادى و دادوەرەکانى ئەوسا کە زۆربەیان نیشتمانپەروەر بوون لە دادگاى دادوەرى کەتنى هەولێر لە رێکەوتى 5نیسانى 1989 سى و چوار ساڵ زیندانى کران بە بڕیارى 34ج/1989 بە پێى ماددەى 406یاساى سزادانى تاوانى عێراقى بە سەرۆکایەتى خوالێخۆشبوو حاکم (نازم یونس رەئوف).
ئەوەى لاى ئیمە قەبوول نییە لە ئێوەى راگەیاندن بەو شێوە نامەسئولانە ئێمە و خەلکى دڵسۆز بە ناپاک دابنێنن ، وەک ئامادەکار و پێشکەشکەرى بەرنامەکە ئەو ناماقوڵیەیان کردوە.
ئێمە خەڵکى دیبەگەیین و خەڵکى ناوچەکەو زۆربەى کادیرو سەرکردەکانتان زۆر لە نزیکەوە دەمانناسن و کێشەکەشیان باش لە بیرە لەسەر چى بووە !!! لە ویژدانى ئەوانە داوا دەکەین و با حوکم لە سەر ئەو مەسەلەیە بدەن.
2 - ئەو جۆرە یادانەو زەقکردنەوە و زۆر دووبارە کردنەوەى بێجگە لەوەى شەرمەزارییە ئەوا لە ناوەڕۆکدا دەچێتە بوارى فیتنەبازى و نوێکردنەوەى کێشە کۆمەڵاتیەکان کە بەعس بە ئاشکراو و نهێنى هانیدەدان(ئەوە قسەى لێپرسروانی حزبەکەى خۆتانە لە سالى 1988 کە بە نامە بۆ ئێمەیان ناردبوو وەک دڵنەوایی کردنمان) و بەردەوام بوونى کەناڵەکەتان ئەخلاقیاتى پیشەیی خۆى لە دەستدەدات بەو جۆرە کارانە .
3 - نیگەرانیین لە بەشدارکردن و خۆشباوەڕى کەسانێکى تێکۆشەرى وەک (سەفین مەلا قەرە) کە خۆى بە باڵى ریفۆرم خواز دەزانێ و (عوسمان بانى مارانى) کەبە ناو بەدواى کەیسى جاش و ناپاکانى سەردەمى بەعس دەگەڕێ کەچى بۆ کەسێکى وا دیتە گۆ.
پێشمان خۆشە ئەوە بە هەموو لایەک رابگەیەنیین کە نەدەهاتینە مەیدانى وەلامدانەوەتان کە زۆر لە دۆست و برادەر داوایان لێکردووین لەگەڵ رێزمان بۆ راى ئەوان ، بەڵام لە هەمان کاتدا ناکرێ خەڵک لەسەرپێشێلکردنى مافى خۆیان نێنە وەڵام و هەر ئێوە بە مەزاجى خۆتان راست و چەپى بەسەردا بێنن . چونکە گومانمان نییە لەوەى چۆن مێژوو بە هاسانى دروست ناکرێت بەهەمان شێوەش هەر کەس و هێزیک چەندە بە هێز بێت ناتوانێ تا سەر مێژوو و خەباتى خەڵک بشێوێنێ باى هێندەش بێ ئاگا نیین و زۆربەى بەڵگەکانمان لا پارێزراوە
بنەماڵەى شەهید مام نادر قادر
24/2/2009
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









