نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێزان كاك نەوشیروان مستەفاو مامۆستا عەلی باپیرو مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین
08/03/2011, 12:00 (GMT+1)

بۆیە كاتی خۆیەتی ئەی سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن كاك نەوشیروان و مامۆستا سەلاحەدین و مامۆستا عەلی باپیر وەرنە مەیدانەكەمان، ئەگەر تاكو ئێستەش دودڵن لەوەی لەهەولێر پارتی پەلاماری بارەگاكانتان دەدات، كاك نەوشیروان دڵنیات دەكەینەوە كەلەوە زیاتریان پێناكرێ كە بارەگاكانی گۆڕانیان سوتاند.
مامۆستا سەلاحەدین ئەگەر مەترسی دوبارە بونەوەی كارەساتی سوتاندنی بارەگاكانی بادینانتان هەیە ئەوە دڵنیا بن ئەمجارە ئێمە هەموومان دەبینە درعی بەشەری بۆ پاراستنی بارەگاكانتان ئەگەر چەك بەدەستەكانی یەكێتی و پارتی بیانەوێ بێنەوە سەرتان.
مامۆستا عەلی باپیر ئەگەر ترسی پەلاماری پارتیتان هەیە، باوەڕناكەم لەوە بترسن و لەگۆڕان زیاتر بن، خۆت باش دەزانی هەر یەكێتی و پارتی بوو وایانكرد تۆ 2 ساڵ بكەنە زیندانەوە دڵنیابن ئێستە ئەو قۆناغە نییە، ئێستە گەل هۆشیارترەو دەستی بەخەباتێكی گەورەی سپی كردووە تكایە وەرنە سەر شەقام، بەڵێنتان دەدەینێ ئەم بارودۆخە دەگۆڕین، تەمەنی زوڵم و ستەم و گەندەڵی و ناعەدالەتی حكومەتی كوردیی هێندەی نەماوە، وەرنە سەر شەقام وەك سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن لەوڵاتانی میێرو تونس كە پشتیوانی ڕاستەوخۆی گەلەكەیان بوون و لەناو خۆپیشاندانەكاندا بوون..
ئێمە ئەوانەین كە تەمەنێكە ناڕەزایەتیمان هەیەو هەریەكەمان لەشوێنی خۆیەوە هەوڵیداوە ئەم بارودۆخە بگۆڕێ بەڵام ئێستە هەموومان 17ی شوبات كۆیكردوینەتەوە، ئێمە ئازادیخوازین و ژیانمان دەوێ ئێمە گێرەشێوێن نین و مافی خوراومان لەیەكێتی و پارتی دەسەنینەوە، تكاتان لێدەكەم پشتیوانی ئەم شۆڕشە بن بەكەناڵە ئاسمانییەكانتان بڵێن پەخشی ڕاستەوخۆیان بێننە ئەم مەیدانە، وەك چۆن گەلی تونس و میێرو لیبیا قەرزاری كەناڵی ئەلجەزیرەن با ئەم شۆڕشەی مەیدانی ئازادیش قەرزاری كەناڵی كەی ئێن ئێن و پەیام و سپێدە بێت دڵنیابن ئەگەر بیانەوێ وەك نالیا و ڕادیۆی دەنگ كەناڵەكانتان بسوتێنن ئەمجارە دەبێت بەئێمەوە كەناڵەكانی میدیای گوازەرەوەی ڕووداوەكانی مەیدانی ئازادی بسوتێنن، ئەگەر بیانەوێ بێنە سەر ماڵەكانتان ئامادەین شەوان پاسەوانی ماڵەكانتان بكەین، بەڕاشكاوی و بە ئاشكرا بەئەندام و لایەنگرەكانتان بڵێن با بێنە مەیدانەكانی ئازادی .
لەكۆتایی ئەم نامە كراوەشدا بەفرسەتی دەزانم كە چەپەكانی كوردستان ئاگادار بكەمەوە ئەوانەی بەردەوام لەدەسەڵات ناڕازی بوون بەڵام ئێستە تاكە وەزیرێكیان هەیە لەحكومەتەكەی بەرهەم ساڵحدا با بیكێشنەوە لەحكومەت بەتایبەت كەئێستە وەزیرەكەی بەدەنگی ئەوان چۆتە حكومەت بووە بەوتەبێژی ئەو حكومەتە كەڕو لاڵە، هەمان كات داوا دەكەم بزوتنەوەی ئیسلامی كە خاوەنی وەزیری ئەوقافن، بڕیاری كشانەوە لەو حكومەتە بدەن كەهەر دەبێت بگۆڕێ بەحكومەتێكی تەكنۆكرات لەسەر داخوازی خەڵكی خۆپیشاندەر.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









