پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان: پێویستە پڕۆژە یاساى خۆپیشاندان پەسەند نەكرێت
07/11/2010, 12:00 (GMT+1)

لەم ڕۆژانەدا پڕۆژەى خۆپیشاندان لە پەرلەماندا گفتوگۆى لەسەركرا، ئەگەرچى ئەم پڕۆژە یاسایەپێویست بوو لە پێناوى هەنگاوى پێشكەوتوترو پێشخستنى خۆپیشاندانى دیموكراتیانەدا پێشبخرایە، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك بەندو ماددەى تێدا جێگیركراوە كە تەواو دورن لە پێوانەكانى دیموكراتیەتو مەدەنیەتو مافى مرۆڤ، بەتایبەتى كاتێك دەڵێن دەبێت هەموو خۆپیشاندانێك بەمۆڵەت ئەنجامبدرێت واتا لەلایەن دەسەڵاتى جێبەجێكردنەوە مۆڵەتى بۆ وەربگیرێت، وە ئەم بەندە تەواو پێچەوانەى مافى خۆپیشاندانە هەوڵدانێكە بۆ ڕێگەگرتن لە خۆپیشاندان. ئەمە لەكاتێكدایە كە پێچەوانەى هەندێك بەندى یاساییە لە دەستورى عێراقدا هەیە چونكە بە پێى دەستورى عێراق دەڵێت هەموو چالاكىو خۆپیشاندانێك تەنها لایەنى پەیوەندیدار ئاگادار دەكرێتەوە. هەرلە دەستورى عێراقدا هاتووە دەڵێت خۆپیشاندان مافێكى سروشتى هەموو كەسێكەو بەیاسا ڕێكدەخرێت. كەواتە پرۆژە یاسای پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ناكۆكە لەگەڵ دەستوری ئێراق هەروەها لە ماددەیەكى تری ئەم پرۆژەیەدا هاتووە ئەوەى دژى ئەم یاسایانە دەربكەوێت مانگێك زیندانى دەكرێت بە بڕى پارەى (50 تا 600 هەزار) غەرامە دەكرێن. دیسان ڕێگەنادرێت خۆپیشاندەران لە لایەن پۆلیسى چالاكە مەدەنیەكانەوە بپارێزرێن. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم پڕژۆژە یاسایە بەشێوەیەك لە شێوەكان قەدەغەكردنى خۆپیشاندانە.
كەسایەتی یاساناسو جەماوەری دیموكراتیخواز:
لە گەڵ ئەوەی لە كۆمەڵگاى ئێمەدا یاسا سەروەر نییە. بەڵكو هێزى سیاسەتى دەسەڵات باڵادەستە. بەئاشكرا دەبینین یاسا لە خزمەتى دەسەڵاتدا بەكاردەهێنرێت. جێگەى داخە پەرلەمانتارەكان كە وەك نوێنەرى خەڵك لە پەڕلەماندا بڕیاردەگرن پڕۆژەیاسایەك لە دژى ئیرادەى ئازادى گەل دەردەخەن. كاتێك هەر خۆپیشاندانێك بەمۆڵەت وەرگرتن بێت كەواتە دەبێتە كارێك كە حكومەت پەسەندى بكاتو لەژێر ڕكێفى ئەودا بێت، ئەگەر حكومەت ڕازى نەبوو ئیتر چەندە ئەو خۆپیشاندانە لە خزمەتى بەرژەوەندى نەتەوەیی دیموكراتی وپێشخستنی كۆمەڵگادا بێت ئامادەنین ڕێگە بەو خۆپیشاندانە بدەن. لەماوەى ڕابردودا كەسانی خۆپیشاندەرى ڕوبەڕوى كۆمەڵێك كارەساتو ڕوداوى توندوتیژ بونەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە .هەربۆیە ئێمە وەك پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان دەرخستنى پڕۆژەیاسایەكى بەم شێوەیە گەورەترین ڕێگر دەبینین لەبەردەم دیموكراتیزە كردنى كۆمەڵگاو سیستەم بێ بەشكردنى خەڵكە لە یاساى نۆژەنو شارستانیانە و كۆمەڵگاكەمان بەرەو دواوە ڕادەكێشێت. دەبێتە گەورەترین زیان لەدەسكەوتە نەتەوەییو دیموكراتەكانمان، هەربۆیە لەگەڵ ئاراستەكردنى ڕەخنەكانمان بۆ ئەندام پەرلەمانەكان، كە ڕێگەیانداوە پڕۆژەیاسایەكى بەم شێوەیە پەسەند بكرێت لە پەرلەماندا . بەڵام داوا لە سەرۆكى هەرێمى كوردستان دەكەین بەهیچ شێویەك ئەم پڕۆژەیاسایە واژۆنەكات. هەروەها داوا لە هەموو ڕێكخراوى مەدەنیو كەسایەتى دیموركراتى خوازو پارتو لایەنى سیاسى دەكەین دەنگە ناڕەزاییەكانمان بكەینە یەكو كاربكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم پڕۆژە یاسایەو پەسەندكردنى پڕۆژەیاسایەك كە لە خزمەتى پێشخستنى خۆپیشاندانى جەماوەرى دیموكراتیانەدا بێت، لەپێناوی جێگیركردنى سیستەمێكى دیموكراتو ئازادا . جارێكتر دوپاتى دەكەینەوە كە ئێمە وەك (پ چ د ك) تێكۆشانى یاسایی بەكارێكى نۆژەنو سەردەمیانە دەبینینو لەپێناوى سەرخستنى یاساى دیموكراتیانەدا بۆ گەلەكەمان هەموو تواناى خۆمان دەخەینە گەڕ.
دەستەى كارگێڕى
پارتى چارەسەرى كوردستان
6/11/2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









