<

راگەیەنراو: هەڕەشەكردن لە ئەدەب ڕیسوا دەكەین

27/04/2010, 12:00 (GMT+1)
ڕەخنەگرتن لە ئەدەب و نوێخوازی، تێ نەگەیشتنە لە ئەدەب و بیری نوێیە كە هەر خۆی جێگەى ڕەخنەیە.
"كۆواری وێران" چیرۆكێك دەنووسێ، دەزگەى ئاراس بڵاوی دەكاتەوە، مەلاكان هەرایان تێ دەكەوێ و مێژووی ئەدەبی و ڕۆشنبیری مامۆستایەكی نوێگەرا و نوێخوازی كورد وەك فەرهاد پیرباڵ هەڕەشەی لێ دەكرێ، بۆچی؟

زیاتر لە 300 كۆوار و ڕۆژنامە و بڵاڤۆك لە هەرێمی كوردستان هەفتانە بەبەردەوام گرینگترین بابەتەكانی سیاسی، جڤاكی، كولتووری و ئابووری دەخەنە بەرباس كە پێوەستن بەژیانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی خەڵك، بەڵام بەناو زانایانی ئاینی باسی ناكەن و ئامادەن هەموو كۆوارەكان بەوشەیەكی كرچوكاڵی عەرەبی بگۆڕنەوە كە دوورە لە هەموو مانایەك، بەڵام ئەوان بەهەزاران كیلۆمەتر دوورتر و لێرە لە كوردستانی تینووی ئاین چەندان مانای سەیر و سەمەرە بۆ دەقەكە دەدۆزنەوە كە ئەگەر نووسەرە عەرەبەكە خۆی گوێبیستی بێتەوە بڕوا ناكا هەر لە بنەڕەتدا هۆ خۆیەتی. مەلاكان باسێك لە دەقەكانی نووسەری خۆماڵی ناكەن كە لێی تێ دەگەن و بەرامبەر هەر دەقێكی نوێ و هەڵگری تەكنیكی ئەدەبی كە لێی تێناگەن گرژ دەبنەوە.

چیرۆك وەك هەر بەرهەمێكی تری ئەدەبی دادگەیی ناكرێ، ئەوەی پەنا بۆ لەداردانی دەق ببات، خۆی دارەكەیەتی و هیچ دەسەڵاتێك خۆی لەو قەرە نادات. ئەو چیرۆكەی "كۆواری وێران" تەنیا هێمای بەچەند ناوێك كردووە كە لە ئاینی ئیسلامیشدا هەن و لێك دەچن. وەك ئەوەى چونكە ئوسامە بن لادەن و ئوسامە جەمیل لە ناویاندا یەكن، دەبێ بڵێین ئوسامەكەى یەكگرتوو هەمان ئوسامەكەی ترە، كە شتی وا ناكرێ. ئەگەر بڕیارە چیرۆكێك بێتە دادگەدان، زۆر چیرۆكی دەگمەن لە ئاینەكاندا هەن كە پێویستە زووتر بخرێنە بەردادگە.

كتێبخانەی دەزگەى ئاراس هەموو ئەو كەسانە شەرمەزار دەكا كە داوا دەكا پەنجەى كارمەندانی ئەو ناوەندەى چاپ و بڵاوكردنەوە بێتە "هەڵوەرین" ئەگەر بڕیارە هەڵوەرینێك لە ئارادا بێ، پێویستە ئاراستەى شوێن و كەسی تر بكرێ نەك ئەوانەی بەرهەمی كۆن و نوێی گەڵێك لەسەر لاپەڕە دەنەخشێنن و پێشكێشی داهاتووی دەكەن. دەزگەى ئاراس ساڵانە نێزیكەى 400 كتێب چاپ و بڵاو دەكاتەوە، لە پێشانگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا مایەى شانازی قەڵەمی كوردە و لە ڕاگەیاندندا بۆ كورد بناخەى ئاژانسێكی دەنگوباسی نێودەوڵەتییە كە هەمان (ئاكانیوز)ە، جگە لەوەى لە چاپكردنی بەرهەم بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەكان پشت و پەنای ڕۆشنبیر و نووسەرانی پارچەكانی تری كوردستانە، كەچی كەم مەلا هەن تەنانەت ناونیشانەكەشى بزانن و زۆربەیان پێیان وایە دەزگەی ئاراس ڕۆژانە شوێنی كۆبوونەوەی داڕێژەرانی پلانی چۆنیەتی لەباربردنی ئاین و كولتووری كوردن و نەهاتن بزانن ئەو دەزگایە ڕۆژانە چی دەكا.
مەلاكان لەسەر خەڵك دەژین و ئاسایی دەبێ لە پێشهاتێكی لەو شێوەیەدا خەڵك چاوەڕێی هەڵوێستێك لە مەلاكان بكەن. ئەوان هەر ئەوەندە دەزانن گۆیا شتێك بەناوی پێغەمبەران بڵاو كراوەتەوە، بەڵام نازانن چییە و دەبێ چۆن هەڵوێست وەربگرن. لە ئاینەكەیاندا هەروا بووە و هاتووە، پێش ئەوەى بزانن تاوان چییە، تاوانبار لەناو دەبەن و دواتر لە تاوان دەكۆڵنەوە و پاشان بەڕستەیەك پینە دەكەین. ئەوانە تووڕەن لەوەى چیرۆكێكی ساڵی 2010 دەتوانێ هەموو داستان و ئەفسانە ئاینییەكانی هەزاران ساڵی لەمەوبەر بوورژێنێ و بەتەنیا بەربەرەكانی هەموویان بكات.

بەپێویستی دەزانین، دەستدرێژی كردنە سەر بیر و هزری نوێ هەر لێرەوە ببڕێتەوە، ئەگینا داهاتوو و پێشكەوتنمان لەبار دەبات و ڕابردوویەكی تاریكمان بەسەردا دەسەپێنێتەوە. مەلاكان ڕێگەیان دیارە، ئەوەى ئێستە مەلاكان شرۆڤەی دەكەن و ماوەیەك بۆ خەڵكی شی دەكەنەوە، لەوانەیە ڕستەی نووسەرێكی هەزار ساڵ لەمەوبەر بێ، واتە لێ گەڕێن با هەر لە ئێستەوە نووسەرانمان شتێك بۆ مەلاكانی داهاتوو دابین بكەن تا ئەوانیش بۆ جیلی دواڕۆژ لێكی بدەنەوە.
هەڕەشەكانی سەر هەر نووسەر و نووسین و ڕادەربڕینێك بەدەقی ئاینی، فەلسەفی، سیاسی و لە نێوانیاندا كۆواری وێران و فەرهاد پیرباڵ وەك خاوەنی مەعنەوی پرسەكە، مەحكووم دەكەین و جەخت دەكەینەوە كە ئەگەر ئەدەب هەڕەشەی هەڵگرتبا، بەدڵنیایی زۆربەى دەقە دەگمەن، شاكار و پڕبەهاكانی وەك قورئان، تەورات و ئینجیل هەر لەگەڵ خستنەڕوویان وێران دەكران، چونكە هەموویان قۆناخی هەڕەشەیان بڕی و سەلماندیان هەڕەشەكردن لە ئەدەب، خزمەتكردنە بەخودی بەدەق.
www.israelkurd.com

2010/4/26


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست