ئه‌وانه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌نووسن
21/04/2011, 12:00 (GMT+1)

ڕه‌نگه ڕوونترین پێناسه‌ی کوشتن ئه‌وه‌بێت، کاتێک قابیل هه‌ست به‌وه ده‌کات هابیل مه‌ترسییه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی، کۆتایی به ژیانی ده‌هێنێت. ئه‌وه ئامۆژگارییه‌کی باشه، بۆ ئه‌وه‌ی گیانمان له کوشتن بپارێزین نه‌بینه مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هیچ که‌س. به‌ڵام چونکه به‌رژه‌وه‌ندی ته‌نیا وشه‌یه‌کی ڕووت نییه له ڕسته‌دا بۆیه پێویستی به قوڵبوونه‌وه هه‌یه.
ڕێگرتن له په‌یداکردنی قوتی کاسبکارێکی پاک له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانکردنی هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌ک، ڕاسته له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که زیانگه‌یاندنه به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان به‌ڵام هه‌ردووکیان سلبی نین. له‌وه‌ی دووه‌میان به‌رگریکردنه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆت وه‌کو هاوڵاتییه‌ک، که ژیانت په‌یوه‌سته به باش و خراپی سیاسه‌تکردنه‌وه. واته بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به تاریکی نه‌ده‌ی ده‌بێت بڵێی کاره‌با نییه، هه‌رچه‌نده کورسی وه‌زیرێکیش به‌و قسه‌یه له‌ق بکه‌یت.
ئه‌و شیکردنه‌وه له‌پێناو ئه‌و پرسیاره‌یه، بۆچی به درێژایی بیست ساڵی ڕابردوو، ته‌ماشای هه‌موو ڕووپه‌ر و شاشه‌کانی ڕاگه‌یاندنی کوردی بکه‌ی، یه‌ک تاکه هه‌واڵیشت به‌رچاو ناکه‌وێت، ڕۆژنامه‌نووسێک یان نووسه‌رێکی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات لێیدرا بێت، فڕێنرا بێت، تیرۆرکرا بێت. جگه له‌وه‌ی ئه‌وه پرسیارێکه شایانی هه‌ڵوێسته له‌سه‌رکردنه له هه‌مان کات وه‌ڵامێکیشه بۆ ئه‌وه‌ی کێ له پشت هه‌ڕه‌شه و کوشتنی ڕۆژنامه‌وانی سه‌ربه‌خۆ و نووسه‌ری ئازاد بووه.
ئه‌وه ده‌ریده‌خات کار و نووسینه‌کانی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتن جێی مه‌ترسی نین له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێک و هه‌ر ئه‌وه‌شه گیانیانی پارێزراو ڕاگرتووه. که‌واته له‌بری ئه‌وه‌ی خۆمان دووچاری له‌ناوچوونی پێشوه‌خت بکه‌ینه‌وه وا چاکتره ئه‌وه‌ی ده‌ینووسین له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات بێ. به‌ڵام ئه‌دی ئه‌گه‌ر بیست ساڵ نووسیمان و باڵای نووسینمان نه‌گه‌یشته گۆزنگی سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌وکاته چی!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









