"گرووپی ئاییندەی كەركوك" دادەمەزرێت
07/06/2011, 12:00 (GMT+1)

راگەیاندراوی ژمارە (1)
ڕاگەیانراوێك بۆ بەڕێزان:
- سەرۆكایەتی كۆماری عێراقی فیدراڵ
- سەرۆكایەتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ
- سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ
- كونسڵگەری ئەمریكا لە كەركوك
- نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان
بەڕێزان ئێمە گرووپی ئایندەى كەركوك ، كە لەدوای دوو كۆبوونەوە ڕۆژی 28/5/2011 و بۆ ماوەی سێ كاتژمێر گفتوگۆ لە سەر ڕەوشی كەركوك ، بڕیارماندا ئەم ڕاگەیانراوە ئاڕاستەی هەموو لایەك بكەین:
1. ئێوە خۆتان ئاگادارن باری ئاسایش و خزمەتگوزاری بە گشتی لە كەركوكدا لە ئاستێكی خراپدایەو ئەمەش هۆیەكی گرنگە بۆ تووڕەبوونی جەماوەریی و سەرهەڵدانی گیروگرفت.
2. تا ئێستا بڕیارەكانی بەعس لەم شارەدا كاریان پێدەكرێ، ئەمەش ڕێگرییەكی گەورەی بەردەم پێكەوەژیانی ئاشتیانەو پێكەوە هەڵكردنی هاوڵاتیانی ئەم شارەیە.
3. بایەخدان بە دۆسیەی كەركوك و بەرزكردنەوەی ئەو دۆسییەیە لە سیاسەتەكانی تەعریب، تەرحیل، ئەنفال، بۆ بەردەم دادگای باڵای تاوانەكانی ڕژێم.
4. هەڵوەشانەوەی كاركردن بەو یاسایەى پۆڵ بریمەر دایناو تا ئێستا لە كەركوك كاری پێ دەكرێت، كار كردن بە یاساى ژمارە (21)ى ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق ، جگە لە كەركوك و سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كاری پێ دەكرێت.
5. ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانی دەرەوەی عێراق لە كاروباری ناوخۆى كەركوك، كە هەمیشە ئەم دەست تێوەردانە ڕێگر بووە لە چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك.
بەو ئۆمێدەی لەئاییندەی نزیكدا بە فەرمى ئەم داواكارییانە ببینین و چیتر خەڵكى ئەم شارە نەبنە قوربانى.
گرووپی ئایندەی كەركوك
28/5/2011
راگەیاندراوی ژمارە (2)
ڕاگەیـــــــــــاندراوێـــك بۆ بەڕێــــــزان:
- سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ
- سەرۆكی هەرێمی كوردستان
- پەرلەمانی كوردستان
- حكومەتی هەرێمی كوردستان
- حزب ولایەنە سیاسییەكان كوردستان
- پارێزگارو لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمڕۆی كەركوك، ئێمە گروپێك لە مامۆستایانی زانكۆ و ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووس و خەڵكانی خەمخۆر، ڕۆژی 28/5/ 2011 لە هۆڵی نەورۆز بۆ ماوەی سێ كاتژمێر كە ئەوە دووەم كۆبوونەوەمان بوو لەدوای تەقینەوەكانی ئەم دواییەی كەركوك كۆبوونەوەیەكمان سازكردو لە ئاكامدا ئەم ڕاگەیاندراوەمان ڕاگەیاند. لەهەمان كاتدا ڕاگەیاندراوێكی دیكەمان بۆ حكومەتی عێراقی و لایەنە نیودەوڵەتییەكانیش هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتی و ئاسایشی ئێستای كەركوك .ئەم خاڵانە دەخەینە بەرچاوی ئێوە:.
1. پەلەكردن لەجێبەجێكردنی بڕگەكانی دیكەی مادەی 140 و فشار خستنەسەر حكومەتی عێراقی بۆ پەلەكردن لەتەواوكردنی تەواوی قۆناغەكانی مادەی140.
2. بایەخدان بە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی سنووری پارێزگای كەركوك و گێڕانەوەی قەزاو ناحییە دابڕاوەكان. .
3. پێكەوە كاركردنی سەرجەم لایەنە كوردییەكان سەبارەت بە پرسی كەركوك و یەكدەنگی كوردی لەسەر ئەم شارە.
4. دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی زانستی بۆ كێشەو گرفتەكانی كەركوك.
5. باشكردنی ژیانی كەركوكییەكان و ئاوڕدانەوە لە سەرجەم بوارەكانی باری خزمەتگوزاری و ڕوشنبیری و پەرەپێدانی زمانی كوردی و ئاسایشی هاوڵاتیان و...تاد.
6. كردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە كەركوك و دانانی ئەنجومەنێكی ڕاوێژكاری بۆ كێشەكانی كەركوك و بەدواداچوونی كێشەكان.
7. بە هیواین لە زووترین كاتدا هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵانە بنرێت، لەهەمان كاتدا داوا لە سەرجەم كەركوكییەكان دەكەین لەدەرەوەو ناوەوە پشتگیری ئەم داواو خواستانە بكەن..
گرووپی ئایندەی كەركوك
29\5\2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









