روونكردنەوەیەك لە (رۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس)ـەوە
15/08/2010, 12:00 (GMT+1)

و بەدرۆخستنەوەى لێدوانەكانى بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەبات
دواى ئەوەى كۆمەڵێك رۆژنامەنووس سەبارەت بە هەوڵێكى رفاندنى من لەنێو بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى خەبات، كەمپینێكى پشتیوانیان بۆ كەیسەكەم پێك هێناو لە بەیاننامەیەكدا داواى بە سزاگەیاندنى تۆمەتبارانیان كرد كە بەرپرسێكى ئاسایش و پاسەوانەكانین، هەردوو تەلەفیزیۆنى (زاگرۆس) و (كوردستان) لەهەواڵەكانى شەوى 12/8 هەواڵێكى چەواشەكاریان بۆ پەردەپۆشكردنى هەوڵى رفاندنەكە بڵاوكردەوەو لەسەر زارى بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەبات رایانگەیاند "ئەم رووداوە ئەسڵ و ئەساسى نییە!"من بۆ راى گشتى رایدەگەیەنم كە ئەم هەواڵەى هەردوو تەلەفیزیۆنەكە بەمەبەستى چەواشەكارى بووەو لێدوانەكانى ئەم بەڕێوەبەرەى پۆلیسیش بەبەڵگەى سەلماندن بە درۆ دەخەمەوە.
هەروەك لە بەیاننامەكەى كەمپین ئاماژەى پێكراوە، من لەكاتێكدا خۆم و پارێزەرەكەم بەدەم سكاڵایەكى یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى خەبات بووین، كۆمەڵێك ئاسایش كە بەرپرسەكەیان بەڕێوەبەرى ئاسایشى ناحیەى رزگارى بوو، لەنێو حەرەمى بەڕێوەبەرایەتیەكەدا پەلاماریان دام و هەوڵیاندا بمڕفێنن، بەڵام من هاوارم بەسەرداكردن و بەیارمەتى پارێزەرەكەم خۆم لەدەستیان دەركرد. وەك لە بەیاننامەكەى كەمپینیش هاتووە من بەنیازبووم كێشەكانى لەگەڵ كەسە نزیكەكانى ئەو بەرپرسەى ئاسایش هەمبووە بخەمە سەر لاپەڕەى رۆژنامەكان و ئەم هەوڵى رفاندنەش بەرپەرچ دانەوەیەك بووە بەرامبەر بەو نیازە رۆژنامەوانیەى من.
من ئێستا سكاڵاى یاساییم تۆماركردووەو شایەدى سەلماندنى هەوڵى رفاندنەكەش لەبەردەم دادگەى لێكۆڵینەوەدا وتەى خۆى داوە، هەروەها (عەقید ئەزوەر دزەیی) بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەبات، بەپێچەوانەى ئەم لێدوانە دوور لە راستى و چەواشەكاریانەى بۆ تەلەفزیۆنى (زاگرۆس) و (كوردستان) داویەتى، لە راپۆرتێكدا كە بۆ دادگا رەوانەكراوە نووسیویەتى:"من لەكاتى رووداوەكە لە ژوورەكەى خۆم بووم، بەڵام گوێم لە هاواركردن و قەلەبالغى بووەو پاشان هیوا هاتە لام و وتى هەوڵى رفاندنم دراوە." ئەم بەڕێوەبەرەى پۆلیس هەرسەبارەت بەم هەوڵى رفاندنە، لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى كە لە میانەى راپۆرتێكى ژمارە(17)ى گۆڤارى (راڤە) بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: "لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئەم نەقیبە و چەند ئاسایشێك دەورى هیوا فریادڕەسیان داوە و دەستیان گرتووە، بەڵام دڵنیانین مەبەست ئەوەبووە كە هیوا بڕفێنن یاخود نا، بەڵام وەك بەڕێوەبەرى پۆلیس ئەو نەقیبەى ئاسایشم ئاگادار كردەوەو سەرزەنشتیشم كرد، "ئەم قسانەى بەرێوەبەرى پۆلیسى خەبات بەشێوەى (بەڵگەى دەنگى تۆماركراو)لامان هەیە و هەرئەم قسانەش بە درۆخستنەوەى ئەو لێدوانەى خۆیەتى كە بۆ هەردوو تەلەفزیۆنى (زاگرۆس) و (كوردستان)ى داوەو جەختكردنەوەشە لەوەى كە هەوڵى رفاندنەكە روویداوە. من لەرێگەى راگەیاندنەكان و لەبەردەم خۆیشى بەتووندى رەخنەم كردوون لەسەرئەوەى كە لەكاتى رووداوەكەدا هەڵوێستى یاساییان بەرامبەر بە تۆمەتباران نیشان نەداوە، ئەویش وەها وەڵامی داومەتەوە كە ئەگەر هەر هەڵوێستێكیان ببوایە بۆى هەبوو لەنێوان پۆلیس و ئاسایش رووبەڕووبوونەوە رووبدات، بۆیە نەیانتوانیوە رێوشوێنى یاسایی بگرنەبەر.
ئێمە هەرلەسەرەتاوە بە گومان بووین لەوەى كە (پۆلیس) و تەنانەت (دادگا)ش بتوانن لەبەرامبەر تۆمەتبارانى ئەم هەوڵى رفاندنەدا رێوشوێنە یاساییەكان جێبەجێ بكەن، چونكە تۆمەتبارى سەرەكى بەرپرسێكى ئاسایشە، بۆیە بە فەرمى سەرۆكایەتى پەرلەمان و فراكسیۆنەكان و وەزیرى ناوخۆو بەرێوەبەرانى ئاسایشى گشتى و ئاسایشى هەولێرو پۆلیسى هەولێرو چەندان لایەنى ترمان لە رووداوەكە و لەو گۆمانە ئاگاداركردەوە، چاوەرێى ئەوەشین ئەو وتەیەى سەرۆكى هەرێمى كوردستان كە دەڵێت:" لەكوردستاندا كەس لە یاسا بەرزتر نییە."بەكردەوە بسەلمێندرێت، چونكە ئەوەى روویداوە جگەلەوەى پەلامارو هەوڵێكى رفاندنى من بووە، هاوكات سوكایەتى بووە بە حەرەمى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیس و حساب نەكردن بووە بۆ وجودى بەڕێوەبەرى پۆلیس و پۆلیسەكانى ئەوێ، چونكە رووداوەكە لەنێو خودى بەڕێوەبەرایەتیەكە روویداوە.
لەدواى هەموو ئەمانە بڵاوكردنەوەى ئەو هەواڵە چەواشەكارییەش لەرێگەى تەلەفزیۆنەكانى (زاگرۆس) و(كوردستان)، بێگومان كارێكە دوورە لە ئەخلاقیات و پرەنسیپى رۆژنامەوانى و بەپێچەوانەى دروشمى"راستگۆیی"شە كە خۆیان بەرزیان كردووەتەوە، بەڵام ئەو كەمپینەى رۆژنامەنووسان كە بۆ پشتیوانى لەكەیسەكەى من پێك هێندراوە، تەنیا پشتیوانى نیە لە من، بەڵكو پشتیوانیە لەوەى كە بەربگیردرێت بەپێشێلكاری و كارى نایاسایی و رێگەنەدرێت كەسانێك بەخراپ كەڵك لە پلەوپایە وەزیفیەكەیان وەربگرن و بەناوى ئاسایشەوە ئەو جۆرە كارانە بكەن كە كۆى رووخسارى ئیدارەى كوردى لەبەرچاوى دونیا ناشیرین دەكات.
ئەوەى روویداوە پێشێلكارییەك بووە لەلایەن بەرپرسێكى ئاسایش و پاسەوانەكانى، نەك لەلایەن خودى دەزگاى ئاسایش، بۆیە پێویستە دەزگاى ئاسایش لێپرسینەوەو سزاى ئەوتۆى هەبێت بەرامبەر بەو كەسانەى كە پلەوپایەیەكیان لەنێو ئەو دەزگایەدا هەیەو بە رەفتارەكانیان ناوى ئاسایش خراپ دەكەن و لەبرى ئەوەى پارێزەرى ئەمنیەت و سەلامەتى خەڵك بن، مایەى مەترسین لەسەر ژیانى خەڵكیدا.
رۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس
سكرتێرى رێكخراوى بزاڤى ژیان بۆ داكۆكیكردن لە گەنجان و
سەرۆكى لیستى گەنجانى سەربەخۆ لە هەڵبژاردنى رابردووى پەرلەمانى كوردستان
هەولێر 13-8-2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









