مەلا بەختیار , (فرانسۆ هەریری) یەكەى یەكیێتى یە
19/02/2012, 12:00 (GMT+1)

لە ساڵانى نەوەدەكانى سەدەى رابردوو دا , مەتەڵێك لە ناو خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى و سلاح الدین دا بڵاو بوبۆوە , كە دەیگووت :(جیاوازى چیە لە نیوان مەلا بەختیار و پاسى بەختیارى؟) وەڵامەكەشى زۆر ئاسان بوو دەیانگووت : پاسى بەختیارى مەوقیفى هەیە بەڵام مەلا بەختیار مەوقیفى نیە.
لەوە زیاتر پێویست ناكات باسى مێژووى مەلا و دەستەگەرى و چەواشەكاریەكانى بكەین. تەنها باسى هەفتەیەك لەمەو بەرى مەلا دەكەین و كورتەیەك لە كار و چالاكیەكانى باس دەكەین.
1. مەلا حەماسەت گرتى , پەخشانێكى جوانى نووسى و تێدا بەزمانى گوڵ و مەلكەچیەوە ڕووى كردە نێچیرڤان بارزانى و بۆى نووسى ئەو پلە و پایەیە هەر شایستەى جەنابتانەو هەر تۆ ڕزگاركەرى ئەو ووڵاتەى . بابەتە ڕەخنە و گلەیى ئامێزەكەى مەلا زۆر سەیر و عاجباتى بوو كە گلەیى لە بێ دەسەڵاتى خۆیان دەكرد. وەك ئەوەى كەس نەزانى كە هەتا یەكێتى و پارتى دەسەڵاتداربن , حكومەت تەنها كارتۆنێكى بەتاڵە و لەسەرى نووسراوە حكومەت, هەر دوو حكومەتى و دوو ئیدارەییەكەى جارانە, نازانم ئاخۆ مەلا ئاگادارە یان نا كە ئەوان لەسەر ئەوە ڕێك كەوتوون كە ئەو وەزارەتەى وەزیرەكەى پارتیە هیچ دەسەڵاتێكى نابێت لە سلێمانى و مدیر عامەكەى سلێمانى ڕۆڵى وەزیر دەبینێ , لەهەولێر و دهۆكیش بە پێچەوانەوە.جگە لەوەش ئەوە یەكێتیە بارى لارە و پەكى كەوتووە و بەدەست تاڵەبانیەوە مردار بۆتەوە. گلەیى چى لە پارتى دەكات؟؟
2. زۆر بەشانازیشەوە لە چاوپێكەوتنەكەى لەگەڵ كەناڵى (KNN) لەسەر ئەو گلەیى و ڕەخنە بەقوەتانە , نێچیرڤان سێ جار لەكۆبوونەوەدا سوپاسى كردووە و مەلاش سێ بست پێ ى گەورە بووە. واى چەند عاقڵ سووكى كاكە مەلا !!!!!
3. مەلاى خاوەن فەلسەفە و دیموكرات خواز هەر لەو كەناڵەوە ڕاى گەیاند : كە ئەو دژى هەر سەركەوتنێكى ڕەووتە ئیسلامیەكانە جا لەهەر شوێنێكى دنیا دا بێت.
جارێ سەركەوتن بە زەبرى شەق و كوتەك و تفەنگ و دەبابە نیە وەك ئێوە لەماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا لەسەركەوتن دا ژیاون. مەلا گیان ئەوە هاوڵاتى وڵاتانن بڕیار لەسەر ژیانى خۆیان دەدەن و هەر كەس و دەسەڵاتێكیش ببێتە ڕێگر لەبەردەم داخوازى و بیر و بۆچوونەكانیان دا وەك حوسنى موبارەك و موعەممەر قەزافى ڕادەماڵرێت بە دەسەڵاتەكەى ئێوە و پارتیشەوە . بۆ تۆ وادەزانى هەتا قیامەت دەتوانن هێزى چەكدار و دەمامكدار و داربەدەست لە كوچە و كۆڵا ن و شەقامى ئەو ووڵاتەدا بڵاو بكەنەوە و كوڕى خەڵك بكوژن و ماڵى خەڵك تاڵان بكەن. وەلڵا ئەگەر دڵگران نەبیت خەڵك واى لێ هاتووە ئەوەى بەڕووى ئێوەدا یەك جار بڵێ: نا , هەزار دەنگى دەدەنێ. ئەوە تۆى دەتەوێ بەناوى ئیسلامى و عەلمانیەوە درێژە بەدەسەڵاتى عەمر كورتتان بدەیت..
4. مەلا لە فەیس بووكەوە پەیام بڵاو دەكاتەوە و دەستخۆشى لە شێرە كوڕ و كچانى حزبەكەى دەكات كە دژى پارتى وەستاونەتەوە , وەك ئەوەى خەڵك نەزانى َ نیوەى بابەتەكان هەر مەلا بۆخۆیەتى و نیوەكەى تریش لە دام ودەزگاكەى ئەوەوە دەنووسرێت؟؟؟؟ كامەن شێرە كوڕ و كچ ؟ ئەوانەن كە ملكەچ و زەلیلى حزبەكەى تۆن ؟ یان ئەوانەن كە چاو نەترس و ئازایانە ڕووبەڕووى جەیش و جاشەكانى حزبەكەتان دەوەستنەوە و بەئاشكرا هاوار دەكەن ئیوەمان ناوێت.
5. لەسەروبەندى یادى شۆڕشى 17 ى شوبات و ئەنفالەكانى ساڵى پاردا , چى كوچە و كۆڵا ن و شەقامى ئەم ووڵاتە هەیە پڕتان كردووە لە هێزى چەكدار. هەر كامێكیش بكوژرێت هەر قازانجى ئێوەیە , گەنجى ناڕازى بكوژرێت دانەیەك كەم دەكات و چەكداریش بكوژرێت هەر باشترە بەهانەى كوشتنى خەڵكى زیاترتان دەبێت...واى لەو دیموكراتیەى كە فرانسۆ هەریریەكەى یەكێتى ئیدیعاى دەكات و خەڵكى پێ پەروەردە دەكات. لەو چەند ڕۆژەدا چى مەسئول و تڕە مەسئول هەیە خۆى كپ كردووە و لەخوایان دەوێت كەف و كوڵى شۆڕشى لاوان بنیشێتەوە , مەلا فرانسۆ هەریریش سەنگەرى لە هەمووان گرتووە.
6. لەئێستاوە ڕۆژ بژمێرە , ئەگەر دوو ئەوەندەى قەزافیش تەمەن درێژبن هەر كۆتاییتان دێت. ئەگەر ئێوە لێ گەڕێن و فیتنە و دووبەرەكى نەنێنەوە , گەنجى ئەو ووڵاتە ژیان و نان و ئازادى دەوێت, بۆ ڕزگار بوونیش لە دیكتاتۆریەت و تیرۆر و تۆقاندنەكانى ئیوە و دەزگا بەد ناوەكانى پاراستن و زانیارى و دژە تیرۆرتان , پەنا بۆ هەموو پنچكێك دەبات. ئەگەر زۆر پێت ناخۆشە شەقى لاوى ئیسلامى بخۆیت , خۆت بخە ژێر پێ ى لاوە عەلمانیەكان . گرنگ ئەوەیە ئێوە و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانتان لەناوبچن...
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









