سەرۆكى حكومەت بێ بەڵێنە ، كابینەى شەش سەركەتوو نییە
20/09/2011, 12:00 (GMT+1)

كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێم بەسەرۆكایەتى دكتۆر بەرهەم ساڵح كەبەكابینەى كردار شەرتە ناسراوە و لەلاى هەندێك كەس بەكابینەى شەفاف و چالاك ناودەبرێت كە دوورە لەڕاستى ، خەڵكى و بەتایبەت یەكێتییەكان پێیان وابوو كابینەى شەشەم بەسەرۆكایەتى بەرهەم ساڵح كوردستان دەكاتە بەهەشت بەڵام دواى تێپەڕبوونى دووساڵ بەسەر تەمەنى ئەوكابینەیە ئەوە ڕوون بۆوە كەكابینەیەكى لاواز و ناسەركەتووە و سەرۆكى حكومەتیش سلێمانیچیێتى دەكات و بەردەوام لەشارى سلێمانى و دەڤەرى گەرمیانە و بەردەوام بەردى بناغەى پرۆژەكان لەسنورى ئیدارەى نیمچەسەوز دادەنێت و پرۆژە تەواوكراوەكانیش دەكاتەوە ، لەپەراوێزى گرنگیدان بەئیدارەى نیمچە سەوز هەولێر و دهۆكى پشتگوێ خستووە و ئەو پرۆژانەى لەسەردەمى كابینەى شەشەم بۆ هەولێر كراوە بەپەنجەكانى دەست دەژمێردرێن ، لەكابینەى شەشەمدا بەڵێنى بێ كردار و گەندەڵى و ناڕوونى و ناشەفافى و ئاسەوارى دووئیدارەیى و لاوازى دەسەڵاتەكانى سەرۆكى حكومەت و بەردەوامبونى كێشەى نیشتەجێبوون درێژەى هەیە ، كابینەى كردار شەرتە 19 كادیرى یەكێتى بەپلەى وەزیر خانەنشین كرد ، كابینەى شەش لەبودجەى 2011 نزیكەى 3 تریلیۆن دینار بۆمووچەى 3مانگى 25هەزار فەرمانبەر تەرخان دەكات كەئەمە گەورەترین گەندەڵییە كەتائێستا بەئاشكرا لەبودجەى كوردستاندا كرابێت ، هەر لەسایەى ئەم كابینەیەوە تەنگژەى نێوان لایەنە سیاسییەكانى كوردستان سەرى هەڵدایەوە و كوردكوژیمان بینى لەسلێمانى بەدەستى هێزى كوردستانى ، كابینەى شەش شانازى بەپرۆژەى تواناسازییەوە دەكات كەئەمە شەرمێكى گەورەیە چونكە ئەمە واجبى حكومەتە و بگرە كەمتەرخەمیشە لەوبوارەدا چونكە ئەوقوتابییانەى كەنمرەى باش بەدەست دێنن ئەركى حكومەتە دەرفەتى درێژەدان بەخوێندنیان بۆفەراهەم بكات بۆبەدەستهێنانى ماستەر و دكتۆرا و لەوبوارەدا حكومەتى هەرێم ئەوەندە لاواز و بێپلانە لەبرى ئەوەى دەرفەت بۆئەوقوتابییانە لەكوردستان بڕەخسێنێت بەڵكو دێت بەملیۆنان دۆلارى ئەم میللەتە بەهەدەر دەدات و قوتابیان ڕەوانەى دەرەوە دەكات ، كابینەى شەش منەت بەسەر هاووڵاتیانەوە دەكات بەپێدانى قەرزى بچووك و بیمەى بێكارى و زیادكردنى پێشینەى هاوسەرگیرى و پێشینەى خانووبەرە ، زیادكردنى پێشینەى خانووبەرە و پێشینەى هاوسەرگیرى لەبەرژەوەندى بازرگان و دەوڵەمەندەكان بوو چونكە بازاڕ بووەتە ئاگر و شت بەكڕین نایەت حكومەتیش بێدەسەڵاتە بەسەر بازاڕدا و دەستەوەستان ڕاوەستاوە ، پێدانى بیمەى بێكارى و قەرزى بچووك بۆ كپكردنەوەى هاووڵاتیانى ناڕازییە و بۆئەوەیە بێبەرنامەیى كابینەى شەش بشاردرێتەوە چونكە هیچ هەنگاوێكى نەناوە بۆدابینكردنى هەلى كار بۆتاكەكانى ئەم میللەتە خێر لەخۆنەدیوە ، هەر لەسایەى كابینەى شەشەمە ئەو شوققانەى كە بۆ كرێنشینان لەسەر ڕێگاى كەسنەزان لەهەولێر دروستكرابوون فرۆشرا بەكەرتى تایبەت كرێنشینانیش زەقەى چاویان دێت و دەبێت تاكۆتایى ژیانیان بۆدابینكردنى كرێى خانوو شەو بخەنە سەر ڕۆژ ، خانووەكەى سەرۆكى كابینەى شەش بەهەزاران مەتر زەوییە لەسەر ڕێگاى كەسنەزان و فەرمانبەر و مامۆستاى خێر لەخۆنەدیویش هەیە 30ساڵە فەرمانبەرە یەك مەتر زەوى نییە ، دڵنیام كەدواى تێپەڕبوونى دووساڵ بەسەر تەمەنى كابینەى شەشەم سەرۆكى ئەوكابینەیە نازانێت گرێبەستە نەوتییەكانى هەرێم چۆن كراوە و پارەكەى لەكوێیە و بۆكوێ دەچێت !!! بەشێك لەبڕیارەكانى كابینەى شەش تەنها لەسلێمانى جێبەجێدەكرێن ، ئەم كابینەیە بۆ ناتوانێت ڕاگرى كۆلێژەكانى هەولێر و دهۆك لابدات و كەسانى شیاو و بە سیڤى لەشوێنیان دابنێت؟ هەر لەسایەى ئەم كابینەیەیە لەقەزاو ناحیەكانى سنورى هەولێر تەخشان و پەخشان بەزەوییەوە دەكرێت سەرۆكى حكومەتیش ئاگادار نییە ، سەرۆكى حكومەت چەند مانگێك لەمەوبەر بەڵێنیدا كەلەماوەى یەك هەفتەدا فۆڕمى دابەشكردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران بەپێى خاڵ دابەشبكرێت بەبێ واستەوتەزكییەى حزبى بەڵام دواى تێپەڕبوونى نزیكەى 3مانگ بەسەر ئەوبەڵێنەى سەرۆكى حكومەت بەڵام تائێستا هەردەنگیشى نەماوە ، هەر لەسایەى كابینەى شەشەوە بەنایاسایى بودجەى لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكان بڕدراو بەبڕیارێك لەسەرووى حكومەتەوە بودجەكە گەڕێندرایەوە ، كابینەى شەش بەتایبەت سەرۆكى كابینەكە دەسەڵاتێكى ئەوتۆى نییە و تائێستاش نەیتوانیوە ئاسەوارى دووئیدارەیى بنبڕبكات ، كابینەى شەش فەخر بەوە دەكات كەدەستى حزبى لەحكومەت دوور خستۆتەوە! من تەحەدا دەكەم كەتائێستاش ئەگەر كەسێك سەربەهەردوو حزبى حوكمڕان نەبێت تەنانەت نایكەنە بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەكیش! ئەى كەواتە كابینەى شەش فەخر بەچى دەكات؟ سەرۆكى كابینەى شەش دەڵێت: بودجەى یەكێتى و پارتیمان كردۆتە 5ملیۆن دۆلار بەڵام ڕاوێژكارێكى سەرۆكى حكومەت بەناوى خالید دەڵێت: بودجەى یەكێتى و پارتى ناگاتە 2ملیۆن دۆلار !!! بەبەرچاوى سەرۆكى كابینەى شەشەمەوە لەكەناڵە ڕاگەیاندنەكانى ئەم هەرێمە بەسەدان هەژار و نەخۆش پیشان دەدرێت بەڵام بەلاى حكومەتەوە نەبایە نەبارانە!!! سەرۆكى كابینەى شەش منەت بەسەر ئەم میللەتە دەكات بەدروستكردنى شەقامێك و قوتابخانەیەك !!! ئایا ئەم پارەیە لەكوێ هاتووە؟ پارە پارەى ئەم میللەتەیە بەڵكو بگرە كەمتەرخەمیشتان كردووە لەخزمەتكردنى ئەم میللەتە ، لەسایەى كابینەى شەشە كوردستان نوقمى خۆپیشاندان بوو و ڕۆژانە چین و توێژى جیاواز دەڕژێنە سەرشەقام ، بەبەرچاوى كابینەى شەشەوە تەخشان و پەخشان بەزەوى ئەم هەرێمەوە دەكرێت بۆ وەبەرهێنان بۆ بەرپرسان و دەوڵەمەندان و بازرگانانى توركیا و ئەملا و ئەولا كەچى هەزاران فەرمانبەر و خانەوادەى كرێچى یەك مەتر زەوییان نییە و بەدەست كرێى خانوەوە دەناڵێنن ، لەسایەى كابینەى شەشەوە تەخشان و پەخشان بەپارەى میللەتەوە دەكرێت بەناوى تۆڕى چاودێرى كۆمەڵایەتى و دەیان گەندەڵى لەم بوارەدا ئاشكرابوونە !!! من لەكۆتاییدا پرسیارەكانم ئاراستەى سەرۆكى كابینەى شەش دەكەم و دەڵێم كوا دابەشكردنى فۆڕمى زەوى دابەشكردن بەسەر فەرمانبەران كە3مانگ لەمەوبەر بەڵێنت دابوو؟ بۆچى شوقەى كرێچیانتان لەسەر ڕێگاى كەسنەزان فرۆشتە كەرتى تایبەت و كرێنشینانتان بێئومێدكرد؟چارەنووسى ئەو 3تریلیۆن دینارەى كەبۆ مووچەى یەك ساڵى 25هەزار فەرمانبەرى تازە دامەزراو لەبودجەى 2011 تەرخانكرابوو و 9مانگ تێپەڕى تائێستا هیچ یەكێك لەو25هەزار فەرمانبەرە یەك دیناریان وەرنەگرتووە چى بەسەرهات؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









