<

لە هاوڵاتیەكى داماوى هەرێمى كوردستانەوە بۆ سەرۆك ئۆباما

12/05/2010, 12:00 (GMT+1)

بەڕێز سەرۆك (ئۆباما) دەمەوێت سەرەتا بە گێڕانەوەى بیرەوەریەكى خۆم دەست پێ بكەم .. من كە كوردێكى كوردستانى باشورم چەند ساڵى ڕابردوو لە یەكێك لە وڵاتە ئەوروپیەكان پەنا بەر بووم ماوەیەك تا ئەو كاتەى لە ناو جەرگەى مرۆڤایەتى ئەورپادا وەك مرۆڤ ئەژمار نەكرام و بێ ویستى خۆم ڕەوانەى ژێر سێبەرى بە ڕوكەش سەركردە و بە ناوەڕۆك مافیا و تیرۆریستەكانى ئەم هەرێمە كرامەوە لە كەمپێكدا لە گەڵ چەند مرۆڤێكى ڕەش پێست هاوڕێ بووم (ببورە كە ئەم زاراوەیە بەكار دەبەم مەبەستم جیاكارى ڕەگەزى نى یە و هەموومان مرۆڤین) لە گەڵ یەكێك لەو هاوڕێیانەم زۆر جار گفتوگۆمان دەكر و بیروڕامان دەگۆڕیەوە.. سەربارى حاڵى خۆم خەمى ئەو زوڵمەم بوو كە مێژو لە مرۆڤە پێست ڕەشەكانى كردووە و لە ئەنجامى گفتوگاكانماندا یەكێك لەو هاوڕێیانەم وتى : (ئێستاش لە زۆر شوێنى دنیا بە جۆرێكى جیاكارانە لێمان دەڕوانن وەك ئەوەى مرۆڤ نەبین .. ڕاستە ئێمە ڕووكارمان ڕەشە بەڵام دڵمان سپى یە) ئەم وتەیە تا ئێستاش لە دڵم چەسپیوە و لەو ڕۆژەوە زیاتر ئەو مرۆڤە دڵ سپیانەم خۆش ئەوێت كە هیواخوازم بەڕێزیشتان یەكێك بن لەوان .. من بۆیە ڕوو ئەكەمە بەڕێزت چونكە تۆ ئێستا سەرۆكى وڵاتێكى زلهێزى دنیایت و بەرپرسیاریەتێكى زۆر گەورەشت لە سەر شانە بەرامبەر بە ژیانى خەڵكى عیراق و هەرێمى كوردستانیش چونكە ئێوە هێزتان لەم وڵاتەدایە و زۆرى دەسەڵات و بڕیارەكان لە دەستى ئێوەدان و ئێوە بەرپرسن لە سەركەشى دەسەڵات و تەعەدا كردن لە خەڵكانى ژێر دەستیان و بەفیڕۆ بردن و هەدەردانى قوتى ژیانیان و نەبوونى هیچ كاردانەوە و ڕێگریەك لە بەرامبەریان لەلایەن ئێوەوە كۆى ئەو پرۆسەى گۆڕانكارى و دیموكراتیەى كە بەنیازن لیڕەوە پەخشى بكەن بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوین و دەوروبەرى دەكەوێتە ژێر گومان و پرسیارەوە .. دروست بوونى كەشێكى ئاوا نائارام لە هەرێمى كوردستان لەلایەن دەسەڵاتى مافیاى كوردیەوە هەموو ڕیسەكەى ئێوە دەكاتەوە بەخورى چونكە ئەو ڕەوشە نا ئارامەى كە خوڵقاندویانە ژینگەیەكى لە بارە بۆ گەشە كردنى تیرۆر و بازرگانى مادە هۆشبەرەكان و زۆر كارى دژە مرۆییانە وەك (تیرۆر كردنى دەنگى ئازادى ڕۆژنامە نوسان وەك تازەترین نمونە تیرۆر كردنى ڕۆژنامەنوسێكى گەنج بەناوى (سەردەشت عوسمان) و هەروەها كردنى كوردستان بە ڕێگایەكى بازرگانى بێ مەترسى بۆ ساغ كردنەوەى مادە هۆشبەرەكانى ئێران و ئەفغانستان و بڵاو كردنەوەیان بە پانتایى ناوچەكەدا و وەك بەم دواییانەش دەركەوت گەیاندنى چەكى گەورە بە دوژمنەكانى ئێوە وەك بەشدار بوون لە گواستنەوەى موشەكەكانى ئێران بۆ حزب و اللە ى لوبنانى) .. داواكارم وەك مرۆڤێك سنورێك بۆ ئەم باند و دەسەڵاتدارە مافیایانەى كوردستان دابنێن .. بەڕێزت یەكێكیت لە هاوڕەگەزانى ئەو هاوڕێیانەم كە ئاماژەم پێكردن و جەنابت لە سایەى دیموكراتیەوە گەیشتویتە ئەو پۆستە و زیاتر لە هەر كەسێك پێویستە نرخى ئازادى بزانیت و لە هەر كوێیەك بێیت داكۆكى لێ بكەیت .. خۆ ئەگەر ئێمەش وەك مرۆڤ نابینن و باهۆزى دیموكراتیەكەى ئێوەش سنوردارە و لە ڕووكەش زیاتر نییە ئەوا لە بەر خاترى گیانى ئەو سەربازانەتان كە لە عیراق بەكوشتان دان بەناوى بڵاو كردنەوەى دیموكراتى هەڵوێست وەرگرن و لەو دۆخە ناڕەوایەى هەرێمى كوردستان و دوو پارتە مافیاكەى بێ دەنگ مەبن ئەگەر ئێمەش نرخێكمان نییە ئەوا ئێوە بە ناوى داكۆكى لە دیموكراسى و مافى مرۆڤ كوڕ و كچانى ئەمریكاتان بە كوشتداوە و لە بەردەم دایك و باوك و ڕاى گشتى ئەمریكادا بەرپرسن لە سەر خستن و داكۆكى كردن و دابین كردنى دیموكراتى تەواو لە گشت عیراق و هەرێمى كوردستان بە تایبەتى .. با بەڕێزتان ئەوەش بزانن كە درێژە كێشانى ئەم دۆخە دژوارەى هەرێمى كوردستان كە دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە هێناویانەتە ئاراوە زۆر نزیكە كە ڕاپەڕینێكى جەماوەرى گەورە لە دژیان بهێنێتە ئاراوە و ئەو كات هەر دەست تێوەردانێكى هێزەكانى ئێوە بۆ هێور كردنەوەى دۆخەكە دژایەتى كردن و بەرەنگار بوونەوەى ئازادى دەگەیەنێت و لە ڕەوایى دان بە دیكتاتۆریەت شتێكى تر ناگەیەنێت .. ئیتر سوپاس بۆ بەڕێزتان من مرۆڤێكم لە كونجێكى ئەم وێرانستانەدا هیواى زۆرم بە بەڕێزتانە كە هیوادارم بێ هیوامان نەكەیت ...
سوپاس بۆ هەر بەڕێزێكیش كە ئەم هیوا خواستنانەم وەرئەگێڕێتە سەر زمانى ئینگلیزى بۆ بەردەم جەنابتان

كوردێكى بێچارە و توڕە
 
 

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست