زەنگى خەتەر: لەسایەى دوو حیزبى بەدڕەوشت و گەندەڵ و شەیتاندا، تەعریبكردنى هەرێمى كوردستان لە ئارادایە
26/10/2011, 12:00 (GMT+1)

دەسەڵاتى گەندەڵ هەموو شت گەندەڵ دەكات، وەك میكڕۆبێك هەوێنى گەندەڵى و پیسى و بۆگەنى لە هەموو شوێنێك لەناو میللەتدا بڵاودەكاتەوە. مەبەستمە بڵێم وەزیفەیان ئەوەیە كە ئەخلاقى میللەت (بە هەردوو تێگەیشتنى رۆژهەڵاتى و رۆژئاوایی) گەندەڵ بكەن و تێكى بدەن! ئەوەتا سەرەتا جەلال و مەسعوود حیزبەكەیان گەندەڵ كرد پاشان حكوومەت و پەڕلەمان ، دواتر دەستیانگرت بەسەر هەموو چالاكیەكى بوارى ژیانى كۆمەڵایەتى لە راگەیاندنەكان ، زانكۆكان، دادگا ، پێشمەرگەو ئاسایش ، سەندیكاكان ، تەنانەت وەرزشیش!!
ئەگەر بەعس حیزبێكى تیرۆریستى شۆڤێنیستى دوژمنى كورد بووبێ و تا رادەیەك توانیبێتى ئەخلاق تێكبدات، بەڵام ئەم دوو حیزبە تیرۆریستەى دەسەڵاتى جەلالى و مەسعوودى چەندین ئەوەندەى بەعس و بەراستەوخۆ و كاریگەرانەتر ئەخلاقى كوردەوارییان تێكداوە كە هەڕەشەیەكى جددین بۆ هەموو كەسێك كە تۆزقاڵێك مەسەلەى ئەخلاق لاى گرنگ بێت!! چونكە بەرنامەكەیان بەرنامەى بەدڕەوشتى و گەندەڵیە، بەرنامەى دزى و بەرتیل و داوێنپیسى و تەزویر و تیرۆر و كوشتن و خیانەتە بە شێوازى جۆراوجۆر !!
من رێزم هەیە بۆ كەسانێكى پاك كە تا ئێستا لە ریزەكانى ئەم دوو حیزبە كاردەكەن و هەموو هەوڵێكیان لەپێناو چاكسازى و كوردایەتییە ، بەڵام با ئەو كەسانە باش بزانن كە ئەو دوو حیزبە هەریەكەیان دووبالەَ، باڵى یەكەم باڵى (تیرۆریست و گەندەڵ و مافیا)، باڵى دووەم باڵى (شۆڕشگێڕ و كوردپەروەر)، ماوەى بیست ساڵە و راستەوخۆ لە دواى راپەڕینەوە تا ئێستا هەوڵى چاكسازى داوە، بەڵام لەژێر سایەى سەركردایەتیان نەك هەر هەموو هەوڵ و پرۆژەیەكیان هەر بێ ئەنجام بووە و هەمیشە لە موعانات دابوون ، بەڵكو هەردەم رەوشەكە رۆژلەدواى رۆژ خراپتر بووە و هەردەم باڵى یەكەم، باڵى (تیرۆریست و گەندەڵ و مافیا)، زاڵبووە بەسەریاندا !!
من پێموایە مەسەلەى چاكسازى لەلایەن دەسەڵاتەوە بوونى نییە و ئەوەى هەیە تەنها بۆ درێژكردنەوەى تەمەنى گەندەڵى و فریودانى هەمووانە !
گەندەڵى كە دەسەلات خاوەنیەتى، وەك جەستەیەكى رەشهەڵگەڕاوى شێرپەنجە (گانگرین) وایە كە تا زووتر ببڕرێتەوە باشترە!
من تەنها شیكردنەوەیەكى دەروونیم هەیە بۆ ئەم مەسەلەیە ئەویش ئەوەیە كە دەسەڵات تووشى گرێكوێرەى دەروونى بووە و هەست بە (كەمى) خۆى دەكات واتە (الشعور بالنقێ) وە دووڕویى (نفاق و ازدواجیە) ى لەبەرامبەر گەلانى كوردستان و تەنانەت كادرو گەمژە دواكەوتووە شوێنكەوتووەكانى خۆیان لەبەرئەوەى خۆیان باش دەزانن كە فێڵ و تەنانەت خیانەتى نەتەوەیى و مرۆڤایەتى مێژووییان لە میللەتى خۆیان و تەنانەت كادرانى خۆیشیان كردووەو دەكەن، وە باش دەزانن كە ئەوە نین كە ئیددیعا دەكەن، لەبەرئەوەى ئەوان(دەسەڵات) دەمێكە خۆیان دۆڕاندووە و لە ناخەوە خۆیان باش دەناسن ، غەریزەى (نۆكەرى و جاشێتى) زاڵە بەسەریان و ئالوودەى بوون (إدمان) وە ناتوانن وازى لێ بێنن !! پەیوەندییە جاسووسییە نێودەوڵەتییەكانیان (وەك مەسەلەى فایلەكانیان و ئەو فایلانەشیان كە لە داهاتوودا ئاشكرا دەبن لە دەوڵەتە داگیركەرەكانى كوردستان و ئەمریكاو ئینگلیزو ئیسرائیل...هتد) و كوردفرۆشى وسازشكردنەكانیان لەسەر ناوچە دابڕاوەكان كە بە پلە یەك خۆیان هۆكارى جێبەجێ نەبوونى گەڕانەوەیان بوون نەك هیچ هێزو لایەنێكى تر لەبەرئەوەى دەرفەتى زێڕین رەخسا كە ئەو دوو حیزبە تیرۆریستە نەك هەر نەیانویستووە جێبەجێبكرێ بەڵكو لەبەرئەوەى هەردەم ویستوویانە برا شۆڤێنیستە عەرەب و تورك و ئێرانییەكانیان و برا ئەمریكى و جوولەكەكانیان رازى بكەن (كە هەموویان لە یەك شت یەكدەگرنەوە كە دروستنەبوونى دەوڵەتى كوردییە) ، نەك رازیكردنى میللەتى خۆیان بەتایبەتیش خەڵكى ناوچە دابڕاوەكان كە تووشى زیاترین زیان و كێشمەكێش بوون!!بگرە بە پێچەوانەوە خۆیان رێگەیان خۆشكردووە بۆ بەردەوامبوونى تەعریب لەو ناوچانە، نەك هەر شازشیانكردووە لە ماددەى 140 بەڵكو ئاوا بڕوات دەبێ كوردستانیبوونى هەولێر و سلێمانى دهۆكیش دواى چەند ساڵێكى تر بكەوێتە ژێر پرسیارەوە ماددەیەكى دەستوورى ترى بۆ دابنرێت هاوشێوەى ماددەى 140 !! چونكە تەعریبكردنى هەولێرو سلێمانى و دهۆكیش بەشێوەیەكى توندتر و بێدەنگتر لە تەعریبەكەى ێەددام بەڕێوەیە لەلایەن تالەبانى و بارزانى نەك عەرەبەوە !! ئەوا نموونەى كڕینى خاكى فەلەستین لەلایەن جوولەكەوە ، بەرەبەرە هەزاران خانوو و شوێنى نیشتەجێ و شوێنى بازرگانى و گەشتوگوزاریان (كڕیوە) و تاپۆكراوەتە سەریان لە هەر سێ شارى هەولێر و سلێمانى و دهۆك لە شارە تازە دروستكراوەكان لەبوارى وەبەرهێنان، كە شەرعیەت دراوە بە فرۆشتنى خاكى كوردستان و یەكەى نیشتەجێ و یەكەى بازرگانى ، پیشەشازى، گەشتوگوزار..هتد !! واتە بەپێچەوانەى ئەوەى شاعیرى كورد گوتوویەتى (ناگۆڕم بە زێڕى دونیا بستێ لە خاكى ووڵات)، ئەمانە هەموو خاكى وولاتیان فرۆشتووە بە عەرەب و تورك و فارس بەرامبەر بە پارە!
بە ڕاى من ئەوپەڕى گەمژەییە ئەگەر دوو شت بووترێ بۆ شەرعیەتدان بەو تەعریبە و تاپۆكردنى زەوى و موڵك بە تایبەتیش بەسەر عەرەبدا، یەكەم: ئەگەر بووترێ ئەمڕۆ جیهانگیرى هەیە و ئەوەتا كەسوكارى ئێمە لە ئەوروپا دادەنیشن و هەموو مافێكیشیان هەیە، وە ئەوەتا لە وولاتى ئیمارات و چەندین وولاتى تر دەتوانیت زەوى و موڵك بكڕیت، ئەوا راست نییە، چونكە ئەو وولاتانە سەربەخۆیى خۆیان هەیە و هەرەشەى بوون لەسەریان نییە وەكو كورد كە تا ئێستا دەولەتى نییە، وە ئەورووپاش خەریكە كۆت دادەنێت بۆ كەمكردنەوەى مەترسى گۆررانى دیمۆگرافى، هەروەها ئیمارات زەوى تاپۆ ناكات بە موڵك و هەتا هەتایى بەڵكو ئەگەر ماوەكەى دەیان ساڵیش بێت سەقفێكى زەمەنى هەیە..دووەم:ئەگەر بووترێت ئاساییە چونكە كوردیش بۆى هەیە لە بەغدا و هەر شارێكى عەرەبى عێراق نیشتەجێ بێت! دەپرسم ئەگەر ژمارەى كورد لە هەرێمى كوردستان پێنج ملیۆن بێت و ژمارەى عەرەب لە عێراق بیست ملیۆن بێت و هەرێمیش بەم شێوەیەى ئێستا رێگەخۆشبكات و هانى تەعریبكردنى هەرێمى كوردستان بدات، ئایا ئەگەر لەو بیست ملیۆنەى عەرەب تەنها پێنج ملیۆنیان كۆچ بكەن بۆ هەرێم بە هەر پاساوێك بێت، ئایا ژمارەى عەرەب یەكسان نابێت بە ژمارەى كورد ؟! بەڵام ئەگەر هەموو كورد كوردستان جێبێڵێت و بچێتە عەرەبستانى عێراق ئەوا ناتوانێت بیكاتە شارێكى كوردى !!
(تاڵ) ەبانى و بارزانى هیچ شتێك موقەددەس نییە لایان تەنها پارە نەبێت!! وە لە پێناو پارە هەموو شتێك دەكەن هەر لە مقاوەلاتى سیاسى و جاشێتى تا تەزویر و بەرتیل و شەریكە بەشى لە هەموو پرۆژەیەك و دزى لە حكومەت و حیزب !! كورد لایان (ئامانج) نیە، بەلكو تەنهاو تەنها (وەسیلە)یە بۆ گەیشتنیان بە ئامانجێكى تایبەتى و بنەماڵەیى كە بریتییە لە پڕكردنى گیرفان!! ئەوەى بیرى لێنەكەنەوە بریتییە لە دامەزراندنى دەسەلاتێكى دیموكرات و مرۆڤپەروەرو موئەسسەساتی ! هەربۆیە نەك هەر حكوومەت و پەرلەمان بوونەتە عەبدى حیزب، بەڵكو حیزب كەڵەگایە بەسەر هەموو كایەكانى ژیانى شارستانى وەك دادگاكان و سەندیكاكان و زانكۆكان..!!
ئەوانە سەركردە نین بەڵكو مقاولى سیاسین و بازرگانى بە شەرەفى نەتەوەیى و چارەنووسمان دەكەن!
بارزانى واتە بازرگانى !!
سەركردەكانى دەسەلات درێخییان نەكرد لە دزینى هەموو سەروت و سامانى ووڵات لەماوەى نزیكەى بیست ساڵى رابردووەوە (گوومرگەكانى ئیبراهیم خەلیل و گومرگەكانى ترو دواتر بڕیارى 986 ئێستاش دزینى نەوت!) و خۆدەوڵەمەندكردنى گەندەڵكارەكانى دەسەڵات لەسەر حیسابى هەژاربوونى رێژەیەكى زۆرو سەرسوڕهێنەر لە خەڵك !!.
دەسەلات نەك هەر فەشەلى هێناوە لە دابینكردنى دادپەروەرى، بەلكو دواى بیست سال حوكمرانى ژێرخانى ئابووریمان سفرە، پیشەسازیمان نەماوە، كشتوكالمان نەماوە، میللەتمان كردۆتە بەرهەمخۆر نەك بەرهەمهێن ، كۆمەلگایەكى سەقەت بەرهەمهاتووە !! ئاسایشى خۆراك بوونى نییە ، بەلكو تیرۆرى خۆراك بوونى هەیە لەسایەى سیستەمى سەقەتى تەندروستى !!
ئەرێ خەڵینە دەزانم كە لە كیمیابارانى هەڵەبجەدا پێنج هەزار كەس شەهیدبوون بە دەستى بەعس كە دوژمن بوو، بەلام دەپرسم كە چەند ئەوەندە لەژێر سایەى ئەم حوكمە پیسە تیاچوون بە نەخۆشیەكانى جەڵتە و شەكرە و شێرپەنجە..هتد(كە بەهۆى خواردەمەنى ئێكسپایەر و ژەهراوى و دەرمانى خراپە كە خۆیان بازرگانى پێوە دەكەن!)، وە چەند ئەوەندە بە رووداوى هاتووچۆ تیاچوون كە دیسانەوە بەهۆى بازرگانى كردنە بە خراپترین جۆرى ئۆتۆمبیل و خراپترین كوالیتى شەقام و نەبوونى پلان و سیستەمى هاتووچۆیە!! وە چەند ئافرەت خۆیان سووتاندووە بەهۆى خراپى رەوشى كۆمەلایەتى و ئابوورییەوە!!
دەسەڵات تووشى نەخۆشى رق و كینە (حقد) بووە بەرامبەر بە میللەتى خۆیان و بە دوژمنى خۆیانى دادەنێن وە وا دەزانن كە هەموو رەفتارەكانیان ئاشكرادەبن و هەقیقەتیان دەردەكەوێ بۆیە هەردەم لە دڵەڕاوكێى ئەوەن كەى راپەڕینیان بەسەر دەكرێت لەلایەن میللەتەوە! بۆیە هەردەم وەك شەیتان حەزدەكەن و هەوڵدەدەن زیاترین خەڵكى خراپ لە خۆیان كۆبكەنەوە و ئەوانەش كە باشن لەخشتەیان بەرن و فێرى هەموو شتێكى خراپیان بكەن!
بۆیە رۆژ لەدواى رۆژ حەقیقەتیان زیاتر دەردەكەوێ و ئێستا میللەت تەواو پڕبوە لە زوڵم و ناعەدالەتى و هەموو خراپەكارییەك ،گەیشتۆتە رادەیەك كە میللەت هیچ حەللێكى نەبێت لە بەرامبەر دەسەڵات تەنها (راپەڕین) نەبێت!! بەڵێ راپەڕین بە سەركردایەتى نوخبەى رۆشنبیر و شۆرشگێڕ !! بەتایبەتیش لەبەرئەوەى حەللى ئاشتیانە و خۆپیشاندان ئومێدى نەماوە !!
هەرگیز كەسایەتیەكى شەرانگێز نیم و دەزانم كە شەڕ ماڵوێرانییە ، بەتایبەتیش بۆ چینى هەژار، بەڵام بەرپرسیارێتى مێژوویى هەموو ماڵوێرانییەكىش دەكەوێتە ئەستۆى دەسەڵات چونكە خۆى سەرچاوەى كێشەكانە و هەموو ئیمكانیاتى ماددى و دەسەلاتى لەبەردەستە بۆ چاكسازى كە نایكات ...!!
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









