رۆژبەیانی خوێندنگایهكی پەروەردەكردنی رۆژنامەنوسی بە جەرگ وئازا
26/04/2009, 12:00 (GMT+1)

ئەوەی رۆژبەیانی جیا دەكاتەوە لە زۆریەك هاوڕێ و هاوپیشەكانی ئەویە ئەو پیاوە بۆ خۆی جگە لەوەی وەك كەس هەڵگری زانست و مەعریفەیەكی زۆر ورد و هەڵگری بەرزترین سیفاتی شەهامەت و لەخۆ بوردەیی بووە، ئەو هیچ كات چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد بۆ بەرپەرچدانەوەی پلانەكانی بەعس كەسێك هەبێت ئامۆژگاری بكات یان ئیعازێكی بداتێ، ئەو خۆڕسكانە دەیزانی چیدەكات و چۆن بڕیار دەدات، ئەگەر بە خێرایش بێت سەفەرگوزارێك بەناو نووسین و بابەتەكانی "مەلا جەمیل"دا بكەیت، بێ ئەوەی خودی كەسایەتی خۆشی بناسیت بۆت دەردەكەوێ كە ئەم كەڵەپیاوە چەندە بلیمەت و بەجەرگ بووە، بە دەگمەن نووسینێ یان وتارێكیت بەرچاو دەكەوێت بە بڵاوبوونەوەی هەرایەكی لەسەر نەقەومابێت یان سجن و دەربەدەری لەسەر نەكێشابێت، هیچكات خامەی بە بێ مەڵامەت نەخستوەتە سەر كاغەز بۆیە خامە و كاغەز بێوچان لەوپەڕی سەبردا چاوەڕوانی ئەوە بوون بە حزووری وشەكانی سەركەش و شاد بن.
هەستی روح پەری رۆژبەیانی بۆ خزمەتكردن و نماكردنی گیانی كوردایەتی و حەقبێژی ئەو باوەڕەی لا دامەزراندبوو كە حەسرەتی تفت و تاڵ و ژیانی غوربەت و دەربەدەركردن و ژیانی بەندیخانەی زۆر لا ئەهوەنتر بێت لە كڕنووش بردن و خۆگێل كردن لە راستیەكان، لە مجێزی ئەودا خۆگێل كردن و خۆدزینەوە لە ئەركی دەربڕین و ئاشكراكردنی راستیەكان تۆمار نەكرابوون.
رۆژبەیانی رۆژنامەنووسێك لێوانلێو لە جورئەت، لە راستی، پڕ لە مەعریفە و زانست، كەسایەتییەك چاپوك نەترس دەستپێشخەر، هەڵمەتبەر، بەهرەبەخش بە بێ ئەوەی تەما لە هیچ دەسكەوت و پاداشتێك هەڵچنێ چاكی لێدەكرد بەلادا و خۆی دەخزاندە ناو دەریای پەژارەیی و سەرئێشەی دوژمنانەوە و رێسەكەی لێیان دەكردەوە بە خوری. كۆی ئەم خەسڵەتانە وای كردبوو بەعسیەكان رۆژ بە رۆژ زیاتر لە رۆژبەیانی پڕبن، ئەوان دەیانویست بەهەر نرخ و رێگایەك بێت ئەو بڵندگۆیە بێدەنگ بكەن، ئەوان دەیانویست شەبەنگی گەش و پڕشنگداری رۆژبەیانی لە زیندانادا ژەنگ پێ هەڵبێنن , دەیان ویست لە وەرشەخانەی زەینی خەڵكدا بەبێدەنگی بەرەو فەرامۆشی و پەراوێزخستنی بەرن, تا ئەو هێمایە بكوژن كە بەردەوام دەبووە چرا بۆ وشیاركردنەوەی خەڵك ودامەزراندنی ترس و دڵەراوكێ لەمێشكی پیاوانی دەسەڵاتدا ، بەڵام كاتێ بەندیخانە و جەلادەكان تاقەتیان لە ئازاردان و ئەشكەنجەدانی دەچێت، وەڕس دەبن لە خۆڕاگری و ئیرادەى ئەو پیاوە مەزنە، بڕیار دەدەن بە تەور تۆڵەی خۆیانی لێبكەونەوە و رق و تووڕەیی زۆردارییان لە خوێن پژانی ئەودا دامركێننەوە ، نەیانزانی مەرگی ئەو دەبێتە ئەو وانەیەی دەیان رۆژنامەنووسی بەجەرگ و تازەی لەسەر پەروەردە دەبێت.
رۆژبەیانی نەك هەر ئەو پێشەوایە بوو كە بۆ یەكەمجار پایەیەكی سێكوچكەی سیاسەتی جینۆسایدی بەعسی دژ بەكورد، پایەی تەعریبی شكاند ،بەڵكو قوتابخانەیەكی وای دامەزراند بەردەوام رۆژبەیانی نوێ بەرهەم دێنێت، لەسەر رۆیشتن بەشوێن پێی ئەو پیاوە مەزنە لەواقعی رۆژنامەگەری كوردستاندا ئەمرۆ ئێمە بۆ خۆمان توانیومانە دەیان وێنەی رۆژبەیانی پەروەردە كەین, زۆرن ئەوانە وەك سەربازی وون كار دەكەن بەردەوام ژیان و بەرژەوەندیەكانیان دەكەنە قوربانی ئاشكراكردنی راستیەكان ، هەندێك لەوانە كە توانییان بەرزترین پلە و نمرەكانی خوێندنگاكەی رۆژبەیانی بەدەست بێنن گەیشتنە ئەو ئاكامەی هەمان چارەنووسی ئەو بدورنەوە، لەوانە سۆرانی مامە حەمە ئەو لاوەی كە هێشتا درەوشاوەیی بیر و هۆشی تەواو نەپشكابوو، ئاشنای یاساكانی ژیانی دارستان و ململانێ سیاسیەكان نەببوو، بڕیاریدا بێدەنگ نەبێت لە گەندەڵی و زوڵمی پیاوانی دەسەڵات, زۆر پێیان ووت تۆ چیت بەگژ قولەی قافدا دەچیت ئەویش دەیگوت تا لە ژیاندا بم دەبم بەو دەنگەی هەموو راستیەكان ئاشكرا دەكەم، گەندەڵان و زۆرداران سوك و رسوا دەكەم كە كوژراشم بە مۆمی تەمەنم پەردەی رووناكی لەسەر تاریكایی هەموو كردەوە قێزەونەكانیان هەڵدەماڵم. شێخ ستار ئەو پیاوەی بڕیاری دا چیتر بێدنگ نەبێت و چاو لە راستیەكان نەپۆشێت، شێخ وتی هەرچی شاراوەیە ئاشكرای دەكەم هەرچی بن بەڕەیە دەیخەمە سەر بەڕە، هەرچی مێژووی شێواوە راستی دەكەمەوە، عومری پیرە مەڕێكم ماوە دەمكوژن با بمكوژن، لە كۆتادا هەر من براوەم ئەوان خەڵافاون چاویان هەقیقەت نابینێ.
ئەمانە و دەیان رۆژنامەنووسی وڵاتەكەم كە رۆژانە لە گەڕانیان بەدوای راستیدا دەستەویەخە لەگەڵ مەرگدا رووبەڕوو دەبنەوە , باجی زۆر گەورە لەسەر ئەم هەڵوێستەیان دەدەن.لەگەڵ ئەوەی بار و ژیانی ئەم جۆرە رۆژنامە نووسە بە شێوەیكی گشتی لە كولەمەرگی و ناهەموریدایە ,بەڵام هەر بەهۆی ئەم هەڵوێستەشیانەوە سەرماییەكی مەزن لە حورمەت و رێز وجوانی بۆ ئایندەی خۆیان كۆ دەكەنەوە .من بۆخۆم پێم وایە ئەمەش ئەوە دێنێت كە رۆژنامەنووس باج وقوربانی گەورەی بۆ بدات ,نرخی هەقیقی ئەمەش بەراستی لای ئەو رۆژنامەنووسانە زانراوە كە بەهۆی فرۆشتنی هەڵوێست و ویژدان و حورمەتیانەوە بۆ هەتا هەتایە ئەم هەلەیان لە دەست چوە ,بەواتا محاڵە بتوانن جارێكی تر بگەرێنەوە و ببنەوە پۆلی یەكەمی رۆژنامەنووسان .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









