پیرۆز بێت 15 ساڵەی دامەزراندنى پارتمان پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان كرێكاران و جوتیاران و زەحمەتكێشانی گەلەكەمان..
31/01/2010, 12:00 (GMT+1)

بێگومان دەركەوتن و هاتنە مەیدانی پارتمان هەروا سانا و بەڕێكەوت نەبوو، بەڵكو لە ئاكامی ئەو هەلومەرجە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیەى ئەو كاتەی كە گەلی كوردستان پێیدا تێدەپەڕی، وەك داخوازیەكی مێژویی بۆ وەڵام دانەوەی ئەركەكانی ئەو قۆناغە وەك پێداویستیەكی حەتمی خۆی سەپاند، چونكە بارودۆخە ئابوریەكە بەهۆی هەردوو گەمارۆی ئابووری نێودەوڵەتی و رژێمی رووخاوی بەعس لەسەر هەرێمی كوردستان ، گەیاندبوویە ئەوپەڕی سەختی و دەرئەنجامی ئەوەش مل ملانێ چینایەتیەكان و دابین كردنی قوتی رۆژانە و بارودۆخی سیاسی خراپی ئەو كاتە گەیشتبووە ئاستێكی مەترسیدار كە چەندین روو بەڕو بوونەوەی خوێناوی و راپەڕینی خەڵكی جوتیار و هەژاری لێ بەرپا بوو، لە ئاكامیدا بزوتنەوەی جوتیارانی كوردستان وەك داینەمۆو پێشڕەوایەتی كردنی ئەو قۆناغەی خەبات لە ناو خەڵكی راپەریو و دادپەروەرخواز لە 1/2/1995 وەك رێكخراوێكی سیاسی دامەزرا بەمەبەستی نوێنەرایەتی كردن و داكۆكی كردن لە مافە رەواكانی جوتیاران و زەحمەتكێشی گەلەكەمان، توانی لە بەرەنگار بوونەوەیەكی سەختدا بەگیانفیدایی و قوربانیدانی چەندین كەسانی سەركردە و هەڵكەوتوی گەلەكەمان، بوێرانە داكۆكی لە خەڵكی هەژار بكات و بۆ یەكجاری و هەتا هەتایە كۆتایی بە زوڵم و ستەمی پاشكۆی دەرەبەگایەتی بهێنێت و دەیان گوند لەناوچە جیا جیاكانی كوردستان لەدەست ئەو سیستەمە پاشڤەڕووە رزگار بكات. ئەوەش بەدەستكەوتێكی مەزن و پڕ بەها دادەنرێت بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتی و بۆ چینی هەژار و جووتیار بە تایبەتی كە لەسەر دەستی بزووتنەوەی جووتیاران هاتەدی. بۆیە بە شانازیەوە دەڕوانینە ئەو مێژووە پڕ شكۆیە و هەموو ئەو هەوراز و نشێوەی كە بزووتنەوەكەمان توشی هات، لەگەڵ ئەوەشدا بەخۆڕاگری ئیرادەیەكی بەهێزەوە درێژەی بەخەباتی خۆی دا و وەك پارتێكی چینایەتی و نەتەوایەتی كە خۆی لە پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستاندا دەبینێتەوە كە لەگۆڕەپانە سیاسیەكەدا دەركەوت. پارتمان بە پشت ئەستور بەو مێژووەی كە پەزەمەندەی كرد، لەهەر ئاستێكی رێكخراوەییدا پێشكەوت و بووە خاوەن پێگەیەكی جەماوەری و سیاسی خۆی، بۆیە بەپشت بەستن بەخۆی و بەتوانا و دەرامەتێكی كەمەوە بێ هیچ هاوكاریەكی ماددی و مەعنەوی، لە بارودۆخێكی سیاسی شڵەقاودا وەك پارتێكی سیاسی، بە تەنها و سەربەخۆ، هاتە مەیدانی ململانێی هەڵبژاردنەوە، كە لە 25/7/2009 بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا. پارتمان بەوپەڕی بوێریەوە لە پێشبركێیەكی سەختدا بەرەو رووی هێزە دەسەڵاتدارەكان و لایەنە دیارەكانی كوردستان بۆوە، ئەگەرچی نەى توانى نوێنەری خۆی بگەیەنێتە پەرلەمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانی پلەی شەشەم لەسەر ئاستی كوردستان لە بەرامبەر بە قەوارە و هاوپەیمان و لایەنەكانی ترى كوردستان بەدەست بهێنێت، كە بۆ ئەو بارودۆخەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامێكی گرنگ بوو.
خەڵكی كۆڵنەدەر و خەباتگێڕی كوردستان...
لەم ساتە مێژووییەدا كە ساڵیادی دامەزراندنی پارتمانە و هاوكاتە لەگەڵ وێستگەیەكی تری خەباتی نەتەوایەتی و نیشتیمانیمان كە بریتیە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیار وایە لە 7/3/2010 ئەنجام بدرێت، پارتمان لە ئامادەسازی دایە و بەگوڕ و هێزێكی ترەوە هاتۆتە مەیدان و لەناو لیستی هاوپەیمانی كوردستاندا كە زۆرینەی پارت و لایەنە تێكۆشەرەكانی كوردستانی لەخۆ گرتووە، لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین نوێنەرایەتی كە بتوانێت رۆڵی كارا و سەرەكی بگێڕێت لە سەركردایەتی كردن و ئاراستە كردنی گەلەكەمان بۆ قۆناغی داهاتوو. ئەم هەڵبژاردنە گەلی كوردستانی خستۆتە بەردەم قۆناغێكی چارەنوسسازى لە راددە بەدەر هەستیار، كە بەهۆیەوە سەنگ و قورسایی لەناو پێكهاتەكانی عێراقی نوێدا دەردەخات و رووبەرووى بەرپرسیاریەتێكی مێژویی دەكاتەوە لە بەرامبەر گشت ئەو دەسكەوتانەی كە تا ئێستا بەدرێژایی مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلەكەمان بەدەستی هێناون ، لە هەمان كاتدا ئەو داخوازی و مافە نەتەوەییانەی كە لە ئایندەدا ئامانجیەتی، بەتایبەتی گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی شاری كەركوك بۆ باوەشی نیشتیمان. بۆیە گەلی كوردستان لەبەردەم تاقی كردنەوەیەكی مێژوییدایە و شەڕێكی قورسی لەپێشە كەوا دەخوازێت هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە بەوپەڕی هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی و هۆشیاری نەتەوایەتیەوە خۆ بۆ ئەم ململانێیە ئامادە بكات و گەل لە مەترسی و ئاسەوارە خراپەكانی لاواز بوون وریا بكاتەوە، چونكە هەموومان بە بیر و رای جیاواز و بە ئەندێشە و گرفت و ئازارەكانمانەوە لە كەشتیەكی ناو دەریاداین كە بەرەو تۆفان و شەپۆلی توند و بەهێز دەڕۆین، ئەوەش پێویستی بە هاتنە مەیدانی هێز و بازووی تەواوی خەڵكی كوردستان هەیە بەو پەڕی تواناوە و بەیەكگرتوویی بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵە دوژمنكاری و پیلانگێڕیە بێتەوە كە لەلایەن نەیارانیەوە دەخوازن لە رۆڵی گەلەكەمان كەم بكەنەوە و پێگەی لاواز بكەن. بێگومان ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە لێبڕاوانەتر و كاراتر بەئەركی سەرشانی خۆی هەستێت و هەوڵی چارەسەر كردنی كەموكورتیەكان بدات و زۆرترین خزمەتگوزاری كە شایستەی گەلە خۆڕاگرەكەمان بێت پێشكەش بكات، بەتایبەتی ئاوڕدانەوەیەكی جددی و دڵسۆزانە لە خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت و چارەسە كردنی ئێش و ئازارەكانیان. پێمان وایە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دادپەروەرانەتر و بەنەخشە و پلانی تۆكمەترەوە ئەركەكانی سەر شانی راپەڕێنێت، ئەوا لە توانایدا هەیە باری قورسی سەر شانی هاووڵاتیانی نەدار سوك بكات و ژیان و گوزەرانێكی شایستەتریان بۆ فەراهەم بكات، بێگومان ئەوەش بەرنامەی حكومەتە و لەو پێناوەدا هەوڵی باشی داوە چاوەڕوانی هیممەت و هەنگاوی گەورەتری لێ دەكرێت، تاكو بیسەلمێنێت حكومەت لە گەل دروست بووە و بۆ خزمەت كردن و ئاسودە كردنی گەلە.
ئەندامان و دۆست و هەوادارانی پارتمان...
وا ساڵێكی تر تێدەپەڕێت بەسەر خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتیمان 15 ساڵمان بەڕێكرد. كە ئەوە بەرپرسیاریەتیمان زیاتر دەكات و بەتێپەڕ بوونی رۆژگار ئەركمان قورستر دەبێت، بۆیە پێویستە زیاتر لە جاران و بەجۆش و خرۆشێكی زۆرترەوە لە هەوڵ و تێكۆشانی بێ وچاندا بین و لەژێر رۆشنایی بەرنامە و ئامانجە ستراتیژیەكانمان رۆڵی زیاتر بگێڕین، ئێمە ئەوپەڕی متمانەمان پێتان هەیە و دڵنیاین بەدڵسۆزیەوە ئەركەكانتان راپەڕاندووە و درێغیتان نەكردووە، بەڵام قۆناغی داهاتوو زیاتر لێمان دەخوازێت كە لێبڕاوانەتر لەناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا هەڵسوڕێین و متمانەی زیاتر بەدەست بهێنین. لێرەوە دەستی ماندو نەناسیتان دەگوشین و پیرۆزبایی ساڵێكی تر لە خەبات و تێكۆشانتان لێ دەكەین، ئومێدەوارین بەبڕوا و متمانەیەكی یەكگرتوو و بەهێزەوە ئەركە رێكخراوەیەكانی سەر شانمان بەجێ بهێنین و لە هەوڵ و كۆششی بەردوامدا بین بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادی و دادپەروەری بۆ گەلەكەمان.
* نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی پارتمان و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان.
* پیرۆز بێت یادی 15 ساڵەی دامەزراندنی پارتمان.
* سەركەوێ خەباتی چینایەتی و نەتەوییمان.
مەكتەبی سیاسی
پارتی كرێكاران رەنجدەرانی كوردستان
هەولێر/ پایتەختی هەرێمی كوردستان
1/2/2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









