عومەر فەتاح و حەسیرمەیانەکەی حسک
22/06/2013, 12:00 (GMT+1)

هاوڕێیەکی پێشمەرگەم بۆی گێڕامەوە وووتی: ساڵی ١٩٨٢ مەفرەزەیەک پێشمەرگەبووین لە جادەی دوکانیان لای دارەکەی حسک بەدەبە و سۆندەیەکەوە وەستابووین تا داوای بەنزین لەو سەیارانە بکەین کە بەو جادەیەدا هاتوچۆیان دەکرد ، ووتی: نۆرەی سەیارەیەک بوو ئێمەش زۆر بەڕێزەوە پێمان ووت: گەر ئەرک نییە بەڵکو یارمەتیمان بدەیت و دەبەیەک بەنزینمان بدەیتێ ، قسەکەمان لەدەمدا تەواوو نەبووبوو بە شێوازێکی زۆر ناشرین کاکی شۆفێر نەڕاندی بەسەرماندا و ووتی: ئێوە دەزانن من کێم ، من عومەر فەتاحم چۆن زات دەکەن من بوەستێنن و داوای بەنزینم لێدەکەن.
ئەوکاتە عومەر فەتاح لە دائیرەی ئەشغالی سلێمانی لە گەڕەکی کانێسکان موهەندیسی ڕێگاوبان دەبێت. پێشمەرگەکەش پێی ووتبوو: کاکی برا گرنگ نییە بزانین جەنابت کێیت؟ ئێمە تەنها داوای بەنزینیت لێدەکەین خۆ دەفتەر نفووست بۆ دەرناهێنین. هەر ئەوەندەمان زانی بە توڕەییەوە لە سەیارەکەی دابەزی و پێی ووتین ئێوە پێشمەرگە نین دزن ، وەڵاهی دەبێت نامەیەک بۆ مام جەلال بنووسم و پێی بڵێم ئەوانەی تۆ ناوت لێناون پێشمەرگە هەر هەموویان چەتەن! ووتی ئێمەش نەمانکردە نامەردی بە سۆندەی بەنزین و قۆناغە تفەنگ حەسیرمەیانێکی باشمان کرد، لەجیاتی یەک دەبە دوو دەبە بەنزینیشمان لێسەند.

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









