<

گۆڕان چى گۆڕى؟

30/06/2012, 12:00 (GMT+1)
نەسیاسیم تا شرۆڤەى بارودۆخ بكەم، نەنوسەریشم تا وەك هەر نووسەرێكى دیكە بەشێوازى خۆى نووسینەكەم بهۆنمەوە ، ئەوەى باسیدەكەم زادەى بیرى خۆم و هەڵێنجاوى ناو ناخى خۆمە لەبەر ئەوە بەدەر نییە لە هەڵە و كەمو كوڕى، بۆیه‌ هه‌ر خۆم لە هەموو وشەكانى بەرپرسم و ئامادەى هەموو بەرسف و وەڵامێكم.

هەموو دەزانین گۆڕان و بزوتنەوەكەى وامان لێکدایه‌وه‌، که‌ لە ئەنجامى ناهەقى و ناعەدالەتى و زوڵم و خراپە و بەدی لایەنى دەسەلات له‌ دایک بوو، ئەوەبوو وایكرد كە زۆرینەى خەڵك هیوا و ئومێدێك لەو بزوتنەوە بەناو ئۆپۆزسیۆنەدا بەدیبكات و بە گوڕ و تین و حەماسەوە پشتیوانى خۆى بۆ دەرببڕێت، به‌و هیواسه‌وه‌ دەیان رۆژ و شەو لەبەردەم سەرادا بەسەرما و گەرما هاوخەباتى خۆى بۆ گۆڕان و لایەنى ئۆپۆزسیۆن دەربڕێت و هەر بەوەش نەوەستا، بەڵكو لە هەڵبژادنەكانیشدا بڕوا و متمانەى خۆیان بەوان بەخشى، بەو نیەتەى كە ئەوان هەندێك باشتر بن و كەمێك گەندەڵتربن و لە دزى و راوە رووت بەتاڵانبردن چاوپۆشى بكەن. زۆرینەى خەڵك بەو نیازە دەنگی پێدان و كردیانن بەنوێنەرى راستەقینەی خۆیان، تا سبەى رۆژ، كە چوونە سەركورسى پەرلەمان هەموو خواست و داواكارى و دروشمە قەبەكان، که‌ لە هەڵبژاردندا بەرزیان كردبووە لەسەر ئەرزى واقیع بۆیان بێننە دى، بەڵام هەر زوو چاوى رەشى جەماوەرەكەیان كاڵ بۆوە، هەموو خۆزگە و خەون و ئاواتیان بوو بەپووشى بابردەڵە.

من هەر لە یەكەم ساتى دروسبوونى ئەو بزوتنەوەیەوە و ناسینى كەسانى سەركردە و قسە رۆیشتوەكانیان گاڵتە و پێكەنینم پێى دەهات، لەبەر ئەوەى سەركردەكانى ئەو بزوتنەوەیە بەكاك نەوشیروانیشەوە زۆرینەیان كەسە لێكەوتوو و دۆراوەكانى سیاسەتە چەوتەكانى رابردوو بوون، نەك خاوەن مەبده‌ئو فیكرە و هزرى جوانن، بەڵكو هەرهیچیان لە هەگبەدا نەبووە و ناشبێت، پێویست ناكات یەك یەك ناویان بینم بڵێم ئەویان وا ئەمیان وا، تەنها هێندە باس دەكەم، كە مەبەستى كاك نەوشیروان مسته‌فا لە دروستكردنى بزوتنەوەى گۆڕان نەچاكسازیى بووە و نەرەتكردنەوەى زوڵم و ناعەدالەتین بەڵكو هەموو ئامانج و بەرنامەكەى وەڵامدانەوە و رق و قین بووە بەرامبەر بە نەیارانى لە ناو یەكێتىدا.
كاتێك نه‌وشیروان مسته‌فا كە لە هەڵبژاردنى مەڵبەندەكاندا خواستى تەكەتول و لایەنگرانى خۆى حاكمیەت و باڵادەستى ناو یەكێتى بن، بەڵام سەرەنجام و ئاكامەكان زۆر لە روئیا و خەیاڵى ئەوەوە دووربوون بەمەش ئەو بەرێزە توشى مەلەل و نائومێدى هات، بۆ تێپەڕاندنى ئەو بارە ناهەموارە و تۆڵەكردنەوە لە یەكێتى و ئەندامەكانى جاڕى بزوتنەوەى گۆڕانى دا و سەنگەرى لێگرتن. من وه‌ک ئاماژه‌م پێی دا، که‌ پێكەنین و گاڵتەم به‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌هات، چونکه‌ بزوتنەوەى گۆڕان لە منداڵدانى یەكێتى نیشتمانى لەدایك بووە، كە هەموو باش دەزانین یەكێتى چ میحنەت و نەهامەتى و ماڵویرانى بۆ بەدیهێناوین، ئەوان بەهەمان عەقل و بیرو باوەر و هەمان كەسانى قێزەون و نەفرینى دوێنێ هاتنەوە سەر شانۆ، بەبێ ئەوەى بتوانن یەك ئیزافە یان زیادەیه‌ك بخەنە سەر ژیانى سیاسى و دۆخەكە ، یان خۆیان لەو هەڵە و كەموكوڕیانە ببوێرن كە پێیەوە گیرۆدەبوون و بچنە بەرگ و شێوازێكى نوێوە و بەشێوازێكى زانستى و نوێوە درێژە بە خەبات بدەن. من لەو باوەڕەدام گۆڕان و نوێبونەوە و چاكسازى لاى ئەوانە شتێكى ئەستەم و محاڵە، ئەوان بۆیان ناكرێت بچوكترین شتى خۆیان بگۆڕن و بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە و كەموكوڕیەكانیان دەرباز بكەن و رووى ناشرینى خۆیان چاك بكەن چ جاى ئەوەى بخوازن حكومەت و حیزب و پەرلەمان چاك بكەن!
هەموومان ئەوە باش دەزانین كەسەكانى ناو ئەو بزوتنەوەیە هێندەى كەسى بەد و مەسڵەحه‌تچی و خه‌ڵکی گومانلێکراوی تێدایه‌، نیو هێندە كەسانى باش و چاك و گۆڕانخوازى تێدا نابینیت، دەبێت مرۆڤ چ متمانە و خۆشى و باوەڕێكى بەو بزوتنەوەیە هەبێت كە كەسێكى وەك كاك نەوشیروان رابەرایەتى بكات كە لە زۆرینەى نەهامەتى و براكوژیی و نه‌هامه‌تییدا خاوەن بڕیارو دەسەڵات بووە، بە نوسین وكتێبەكانى و دانپیدانانى خۆى سەراپاى شۆڕش و خەباتى ئەو له‌گه‌ڵ جه‌لال تاله‌بانییدا، تەنها هەر بریتى بووە لە پاکتاوکردنی نه‌یاره‌کانی، چ ئه‌و نه‌یارانه‌ی شیوعى، پارتى، پاسۆك، یان نه‌یارهانی تری بووبێت له‌ ناو حیزبەكانى دیكەدا، رۆژێك دژى پارتییە و رۆژێكیش شین بۆحەمائیل دەكات؟ چ خێر و بێرێك لە هزریدا دەبینیت، كە دەبینیت رۆژانە ئیرانى عەمامە بەسەر دەیان لاو لەسەر بیروراى سیاسى دەخنكێنرێت، رۆژانە كورد و شۆرشەكەى خەڵتانى خوێن دەكات، ئیمڕۆ ئەچێت شاڵ و كەواى ئاغاى نەژادیى ماچ دەكات، بۆ خۆى چاك دەزانیت چۆن وەكو چ كارتێك بەكارى ده‌هێنن، ئەو وەها خۆى نیشان دەدات كە كەسێكى سادە و ساكارو بێ فیزە (چەپ و پرۆلیتارە) بەڵام لەولاشەوە دەبینین كە لە لایەن كۆمپانیاى نالیاوە ڤێلاى چەند ملیۆن دۆلارى بۆ دروست دەكرێت، كە بۆخۆشى پشكى هەیە لەو كۆمپانیایەدا، ئەو كۆمپانیایەى بەحساب وەبەرهێنەرە و لەخەمى هەژاراندایە و كێشەى نیشتەجێبون چارەسەر دەكات و شوقەیەك بڕى دوو دەفتەرى تێناچێت ئەو بە دەقات دەیداتەوە بە خەڵك و قازانجێكى خەیاڵى تێدا دەكات كە لەگەڵ كاك نەوشیروانیدا وەك برا بەشى دەكەن! ئایا سەرنجتان داوە چۆن ئەو زاتە خۆى نیشان دەدات كە تا دوا رادە لە خزمەتى چینى هەژار و ستەم دیدەدایە،كەچى لەولاشەوە لە رێگەى ماركێتە گەورەكانى وەك زارا و میترۆ، كە گرانترین بازاڕى سلێمانین و پشكى گەورەى ئەویان تێدایە چ بازرگانییەك دەكات؟ ئەو بۆخۆى تەواوى تەمەنى لەسەنگەرى دژى بەعس و جاش و جەیشى شەعبیدا بەسەر بردووە دەیان و سەدانى لێ كوشتون، بەڵام ئه‌مڕۆ دەبینین ئه‌مڕۆ ده‌یان که‌سی کۆنه‌ جه‌یش شه‌عبی  و جاشی له‌ ناو بزووتنه‌وه‌یه‌کدا داڵده‌ داوه‌، ئایا تۆ بڵێیت جەنابى كاك نەوشیروان حسابى موستەقبەلى نەكردبێت و بەو نیەتەى كە بەڕێزى سیاسیە و دوربینانە بۆ شتەكان ئەڕوانێت و ئەگەرى ئەوەى دانابێت سبەى رۆژ ئەگەر فەرەزنا بەعس بێتەوە سەر حوكم بۆ ئەوەش پشت بەمانه‌ ئەبەستێت و ئەیانكات بە حەلقەى وەسل و لەو خەمە رزگاریان بكات؟
نەك ئەوانە زۆرێك لەوانە هەن كە خزاونەتە ناو ئەو بزوتنەوەیەوە و كەسانى تر، كە تەواو تەواو قێزەون و لێكەوتو دۆڕاوى سیاسى بوون، لە یەكێتى و حیزبەكانى تر تێربوون و ئێستا خزاونەتە ناو گۆڕان و ئومێدى ئەوەیان هەیە كەبەشكوم شتێكیش لەوان بپچڕن كە زۆریشیان دەستیان كەوتوە، ئەگینا ئەوەتا بەدرێژاى ئەم چەند وەختە چ ئەوان و چ پەرلەمانتاران و چ خودى كاك نەوشیروان جگە لە موزایەدەى سیاسى و دەهول كوتینى ناو پەڕلەمان چ بەرهەمێكیان هەبووە؟ كامە پرۆژە و یاسا و دەستكەوتیان بۆمان فەراهەم كردوە تابڵین ئافەرین بەراستى نوێنەرن نه‌ک گاڵتە؟
بۆ نمونه‌ ئەبێت مرۆڤ چ دڵێكى بەو گۆڕانخوازه‌ خۆش بێت كاتێك كە پیاوى مەلا بەختیار بوو لە رێكخراوە دیموكراتیەكان بەهۆى پلەكەیەوە پەلامارى كچانى 16 ساڵى دەدا و داواى كارى خراپى لێدەكرن؟ یان ئەبێت میللەت و دەنگدەرانى بزوتنەوەى گۆڕن چ دڵێكیان بەو دکتۆره‌ی گۆڕان خۆش بێت كەتا دوا پول و مەنسەب پیاوى یەكەمى دكتۆر بەرهم بوو، شهادە و پارەى خۆى مسۆگەر كرد و منەتى بەوان نەما؟ یان ئەبێت ئەو نوێنەر و ئەندام پەرلەمانە چى باس و خواس و وەزع و حاڵى میللەت بگەیەنێتە پەرلەمان و چ زیرەكیی وخیبرەیەكى لە كارى پەرلەمانیدا هەبێت، كە تەنها لەبەر ئەوە سەرانى گۆڕان كردویانە بە ئەندام پەرلەمان گوایە لە كاتى رووداوەكانى 17ى شوباتدا ئەو بەِرێزە كە پارێزەرە و رۆڵى كاریگەریى هەبووە و بەردى زلى گرتۆتە كاسۆ مۆڵ چەندین پەنجەرى بەدەستى خۆى شكاندوە!؟
شت زۆرە هەتا باسی بكەیت كۆتایى نایەت شتێكى دیكه‌ش كەمایەى پێكەنین و گاڵتەوە قەشمەریە خۆپیشاندانەكەى ئەم دواییەى ئۆپۆزسیۆن بوو بە رابەرایەتى بزوتنەوەى گۆڕان كە بەهەموو هێز و قوەتى خۆیان چ لە رێگاى راگەیاندن و كەنال و رادیۆ و سایتەكانیان و چ لە رێگەى هاوپەیمانەكانى و رۆژنامە و كەناڵە ئەهلیەكانەوە كە نەیانتوانى ژمارەیەكى پێویست خەڵك كۆبكەنەوە، بۆ بەشدارى لەو خۆپشاندانەى كە دژى بودجە رێكخرا؟ بۆچى و لەبەر چى؟ چونكە كورد واتەنى میللەت و جەماوەر جه‌وهه‌ری ئه‌مانه‌ی بۆ ده‌رکه‌وت، ئەزانن چ ماڵێكن و چۆن خەڵك و كەسانى هەژارو قوربەسەرى وێنەى (ئومێد وبیلال و رێژوان) ئەكەن بە سوتەمەنى و لەسەر حسابى ئەوان ئیمتیاز و دەسكەوت بەدەست ده‌هێنن و سنگ دەر ئەپەڕێنن منەت بەسەرمیللەتدا دەكەن.
من ئەوپەڕى رێزم بۆ كاك نەوشیروان هەیە، بەڵام پێى خۆش بێت یان نا راستە تەمەنى لاویى و گەنجى سەرفكردووه‌، بەڵام هەرگیز وەكو سیاسیەك لاى من سەیر نەكراوە، بەڵكو زیاتر وەكو نووسەر و مێژوو نوسێك ئەیبینم، بەڵگەشم بۆ ئەوە دەتوانن بۆخۆتان گوزەرێك بە ناو كتیێب و نوسراوەكانیدا بكەن بزانن زیاتر لەچ خانەیەكدا خۆى دەبینێتەوە، سەراپاى كتێب نوسینەكانى مێژووی و ئەدەبیە نەك سیاسى، تاكو ئیمڕۆ هیچ شتێكى واى ئەو بەرێزەم نەخوێندۆتەوە جگە لە یاداشتەكانى و لەگەڵ شەرى هەكارى كە ئەوانە زیاتر بیرەوەرین نەك بابەتى سیاسى، بەم دوایەش زیاتر لام روون بۆوە كە بەرێزى كەسێكى سیاسى نییە، ئەگەر سیاسىیش بێت هێشتا باڵق و كامڵ نەبووە، تۆ سەیركە چەند ساڵە بزوتنەوەكەى دامەزراوە كە بزوتنەوەیەكى سیاسىیە. بەڵام تاكو ئێستا بچوكترین نامیلكە و كتێبى سیاسى چ خۆى چ كەسانى ترم بەرچاو نەكەوت، تا لەم دواییە تازەترین كتێبى كەوتە بەر دیدە ، من وام گومان دەكرد ئیدى ئەو بەڕێزە هاتۆتە مەیدان چیدی بێدەنگ نابێت بەتایبەت ئێستا كە گەورەترین ململانێى دەسەڵات لە عێراقدا هەیە و هاوكێشە سیاسییەكان خەریكە لاسەنگ دەبن و كورد گەورەترین مەترسى لەسەرە و دەیان پیلان و ئۆین لەدژى كورد لە گۆڕیدایە ، لەكوردستانیش لە هەمبەر ئەو كێشە ناخۆیى و دەرەكیانەى یەخەمان پێدەگرن ئەم كتێبە تازەیەى بەرێزى دەبێتە مانفێست و ئاوێستا ئینجیل بۆ ئێمەش و هەمو گۆران خواز و ئۆپۆزسیۆنێك ، بەڵام هەر كە سەیرم كرد و وردە وردە خوێندمەوە ئیتر باوەڕى تەواوم هێنا كە ئەو بەرێزە لە بوارى سیاسیدا كرچ و كاڵ و دەڵەمە و سیاسى نییە ، بەڵكو خۆى بە سیاسەتدا هەڵواسیوە. ئەمەش رێك سەردەمى شۆڕشى ئەیلولى وەبیر هێنامەوە كە ئەو دەمە هەستى نەتەوەى كورد گەیشتبووە لوتكە و پریشكى ئاگرى شۆڕشەكەى سەراپاى كوردستانى گرتبۆوە، خەڵك تینووى ئازادیى و رزگارى بوو هەست و بیرو باوەڕ بەرەو گەشەكردن دەچوو ، میللەت دەیخواست دەزگا و چاپەمەنیەكانى شۆرش رۆڵى كاریگەر بگێڕن لە هۆشیاركردنەوەى خەڵك و روونكردنەوەى رێبازى شۆرش و خەباتى رەواى و ناساندنى دوژمن و پیلانەكانى، كەچى لەو سات و كاتەدا سەركردایەتى شۆڕش چ نامیلكەیەكى چاپ كردبێت باشە؟ فیربوونى كوردى بە لاتینى. ئەمیش چى واى لەگەڵ (بەدەم رێگاوە گوڵچنین)ى بەرێزى فەرقى نییە.



كوردە بابان
[email protected]


سه‌رنجی کوردستانپۆست
 کاکی به‌ڕێز که‌ که‌سێکی نه‌ناسراوه‌ و وه‌ک خوینه‌رێک خۆی ناساندووه‌ نه‌ک وه‌ک نووسه‌رێک، بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌ماتوانی نووسینه‌که‌ی به‌و هه‌موو ناوانه‌وه‌ بڵاوبکه‌ینه‌وه‌، که‌ زیاتر له‌ ده‌یان ناوی تێدا هاتبوو، که‌ ئێمه‌ نه‌ماتوانی ناوه‌کان وه‌کو خۆی بنووسینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزه‌ وێنه‌ و ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ئه‌وا چۆنی نووسیوه‌ و چۆنی ناردووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بۆی بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، ناکرێت که‌سێکی بێناو، له‌سه‌ر که‌سانی تر بنووسێت و ئۆباڵه‌که‌ی سه‌ر شانی ئێمه‌دا بکه‌وێت.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست