بەیاننامەى ڕاگەیاندنى ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان (RAK)
07/04/2011, 12:00 (GMT+1)

گەلى باشورى كوردستان بە تایبەتى....
خانمان، لاوان، سەرجەم چین و توێژەكان لە ناوخۆ و دەرەوەى كوردستان...
هاوكات لەگەڵ(4ى نیسان) ساڵیادى لە دایكبوونى عەبدوللا ئۆجەلان، وێڕاى ئەوەى ئەو یادە بەرز دەنرخێنین و بەشكۆیى ڕایدەگرین، ئێمە وەك بەشێك لە چین و توێژەكان و چالاكوانانى مەدەنى لە باشورى كوردستان لە ڕێگەى ئەو بەیاننامەیەوە دامەزراندنى(ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان) ڕادەگەیەنین. ئامانجمان لە ڕاگەیاندنى ئەو ڕەوتە دروستكردنى بزووتنەوەیەكى نەتەوەیى بەهێزە لە باشورى كوردستان، بۆ پوچەڵ كردنەوەى هەموو پیلانگێرییەكانى دژى گەلەكەمان. ڕاگەیاندنى ئەو ڕەوتە لە زەمەنێكدایە پڕۆسەى سیاسى لە باشورى كوردستان لە قەیراندایە و هێز و لایەنە سیاسییەكان بەهۆى هەڵە سیاسییەكانیان چارەنووسى گەلێكیان ڕووبەڕووى مەترسى كردۆتەوە، نەك بە تەنها لە باشورى كوردستان، بەڵكو مەترسییان لەسەر پارچەكانى دیكەى كوردستانیش دروست كردووە. هەرچەندە ئێمە ئەو شێوازەى مامەڵەى سەركردایەتى كورد لە باشورى كوردستان بە سیاسەتێكى نوێ نازانین و لەبیرمان نەچۆتەوە كە 2 حیزبى دەسەڵاتدار(یەنەكە و پەدەكە) دەیان جار سیاسەتى دوو ڕوویى و خیانەتى نیشتیمانیان پەیڕەو كردووە، كە بەشێكە لە بەرنامە و سیناریۆى وەڵاتانى ناوچەكە و لە دژى گەلەكەمان بەڕێوە دەبرێت.
گەلى كوردى هێژا.... ڕاگەیاندنى ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان، لەكاتێكدایە كە گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە شۆڕشى مەدەنیانەن لەپێناو ئاشتى و ئازادى و بەدەستهێنانى مافەكانیان، لەو چوارچێوەیەشدا گەلى كورد وەك ژێردەستە ترین گەلى ناوچەكە لە شۆِرشدایە لە باكور و باشور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى كوردستان و ڕۆڵەكانمان بە پەرۆشەوە لە مەیدانەكانى ئازادی كۆبوونەتەوە و دروشمى(یان ئازادى...یان ئازادى) دەڵێنەوە. بەڕاى ئێمە جوڵانى شەقامى باشورى كوردستان دژى دەسەڵاتى بنەماڵەیى و بەرژەوەندى خوازى بەرتەسك و بێگانەپەرست، سەرەتایەكە بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەكانى(توركیا و ئێران و سوریا) و دوژمنانى دیكەى كورد، چونكە دەسەڵاتى باشورى كوردستان هاوپەیمانى سەرەكى وەڵاتانى دژە كوردە لە ناوچەكە و هیچ هەوڵێكى سەركوتكارانە دژى گەلەكەمان بەبێ ڕەزامەندى ئەو دەسەڵاتە نادرێت. بۆیە ئێمە گەشبینین بەو ڕاپەڕینە و دڵنیایین گەل سەردەكەوێت بەسەر دەسەڵاتى دیكتاتۆرى و ستەمكارى لە كوردستان، لە هەمان كاتدا ڕاپەڕینى گەلى باكور و ڕۆژئاواى كوردستان بەرز دەنرخێنین و بە ئومێدین هەر چوار پارچەى كوردستان بەیەكەوە زەنگى سەركەوتن لێبدەن و سەرجەم دیوارە دەستكردەكان بشكێندرێن. ئێمە وەك چین و توێژەكانى باشورى كوردستان زۆر ناڕازین لە ئەداى سیاسى بەرپرسان بەتایبەت لە پرسە نەتەوەیى و نیشتیمانییەكان، نوێترین نمونەش بۆ سەلماندنى هۆكارى نیگەرانییەكانمان، مامەڵەى چەوتى سەرانى دەسەڵاتى باشور بوو لەگەڵ سەردانى سەرۆك وەزیرانى توركیا بۆ هەولێر كە شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتى خۆجێیى باشورى كوردستان بەو ئەندازەیە ناسیاسى و گەل فرۆش بێت، كە پێمان وایە مێژووش ڕەحم بەو دەسەڵاتە ناكات كە كاڵفامانە هەڵسوكەوت دەكات.
گەلى ئازادیخواز... دەمانەوێ بەشداربین لەو شۆڕشە مەدەنییەى گەلەكەمان دەستیپێكردووە لەپێناو ئازادى بۆ كوردستان و بەگژداچوونەوەى سیاسەتى لەناوبردنى فەرهەنگ و دابەشكردنى جوگرافیاى كوردستان و سیاسەتى خزمەتكردنى دوژمنانى كورد و بەشدارى كردن لە پیلانى نێودەوڵەتى دژى گەلەكەمان، هەروەها لە دژى هەموو ئەو هەڵوێستانەى سەركردایەتى باشورى كوردستان لە بەرژەوەندى وەڵاتان بە زیانى گەلى كورد دەینوێنن دەوەستینەوە و هەموو ڕێگایەك دەگرینە بەر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى ئەو سیاسەتە هەڵەیەى دەسەڵاتى باشورى كوردستان بەرجەستەى دەكات. بۆیە لەم بەیاننامەیەدا بە لەبەرچاوگرتنى یەك پارچەیى كوردستان، بۆ یەكەم جار ڕایدەگیەنین:
1. هیچ سەركردەیەك و لایەنێكى سیاسى لە باشورى كوردستان بە پێشەواى گەلەكەمان ناناسین و ئاشكراى دەكەین عەبدوللا ئۆجەلان(سەرۆك ئاپۆ) بە ڕێبەرى گەلى كورد لە هەر چوار پارچەى كوردستان دەناسێنین، چونكە تەمەنى خۆى لەپێناو ئاشتى گەلانى ناوچەكە بە تایبەت گەلى كورد تەرخان كردووە و بەپشت بەستن بە كەسایەتى(تیۆریستى) ڕێبەر ئۆجەلان گەلەكەمان بەئیرادەى بەهێز سەركەوتن بەدەست دێنێت.
2. ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان، ئایدۆلۆژیاى ڕێبەرى گەلى كورد(بەڕێز ئۆجەلان)، بە بنەما وەردەگرێت بۆ بەرجەستەكردنى ڕێكخستنى جڤاكى لە كوردستان، لە سۆنگەى ئەوەى ئەجێنداى ئۆجەلان بە باشترین ڕێباز دەزانین بۆ ئاشتى گەلانى ناوچەكە.
3. ئەو ئاڵایەى ئێستا لە باشورى كوردستان، بە ئاڵاى كوردستان ناسێندراوە، تێبینى زۆرمان لەسەرى هەیە و بیر لە گۆڕینى دەكەینەوە.
4. كوردستان بریتى نیە، لە باشورى كوردستان بە تەنها، بەڵكو بریتیە لە (باكور و ڕۆژهەڵات و باشور و ڕۆژئاوا)ى كوردستان، پێویستیشە یەك پارچەیى خاكەكەمان بپارێزین و هەرگیز دان بە سنورە دەستكردەكان دانانێین.
5. ئامەد(دیاربەكر) بە پایتەختى ڕامیارى هەر چوار پارچەى كوردستان دەناسێنین، چونكە بە لەبەرچاو گرتنى زۆربەى پێوەرەكان شیاو ترین ناوچەى كوردستانە كە پایتەختى كوردستان بێت، شارى سلێمانیش بە دەروازەى شۆڕشى نێرگز و شارى ڕۆشنبیرى دەناسێنین و هەولێریش بە شارى دەوڵەمەندى فۆلكلۆر و ئاسەوارى كەلەپورى كوردى دەناسێنین.
6. شێوەزارە كوردییەكان لە كوردستان بە نیشانەى دەوڵەمەندى فەرهەنگى كوردى دەناسێنین و زمانى ستاندارد ڕەتدەكەینەوە و بەپێویستى دەزانین گەلەكەمان خاوەندارى لەسەرجەم زاراوە كوردییەكان بكات.
7. پشتیوانى لە شۆڕشى گەلى كورد لە باكور و باشور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى كوردستان دەكەین، بەڵام پێمان وایە یەكەم هەنگاو لەو شۆڕشەدا لاى ئێمە لە باشورى كوردستان دەنرێت، ئەویش بە گۆڕینى دەسەڵاتى سیاسى لە باشورى كوردستان، چونكە ئەو دەسەڵاتە بە مانەوەى مەترسى دروست دەكات لەسەر ئەو شۆڕشە و دڵنیایین پارێزگارى لە بەرژەوەندییەكانى دوژمنان دەكات، بۆیە بە ڕوو بەڕوو بونەوەى دەسەڵاتى خیڵەكى، توانیومانە لە بەرژەوەندییەكانى دوژمنان بدەین لە باشورى كوردستان، بۆیە لەئێستادا بەشدارى دەكەین لە ڕاپەڕینى گەلى باشورى كوردستان.
8. بێ دەنگ نابین و لە ئاست هەموو بابەتێكى پەیوەند بە گەلەكەمان قسەى خۆمان دەبێت و هەڵوێستمان دەبێت، ڕێگا نادەین هیچى دیكە هیچ كەس و لایەنێك بازرگانى بە نەتەوە و خاكەكەمان بكات و چارەنوسى كوردان بخاتە مەترسییەوە و پشتیوانى هەموو هەنگاوێك دەكەین لەپێناو بەرژەوەندى گەلى كوردمان. هەروەها بەهەموو شێوازێك بەرپەرچى ئەو لایەنانە دەدەینەوە و ڕوو بە ڕوویان دەبینەوە كە زیان بە بەرژەوەندى گەل و یەك پارچەیى خاكمان دەگەیەنن، تەنانەت ئەگەر بە هێزى بازووش بێت.
9. بەهێزترین تۆڕبەندى دروست دەكەین لە هەموو كوردستان بۆ هێنانەدى ئارمانجەكانمان.
لە كۆتایدا داوا لە گەلى دڵسۆزمان لە كوردستان بە گشتى دەكەین، پەیوەندى بە (ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان)ەوە بكەن، بۆ كۆدەنگى دروست كردن لەسەر جێبەجێكردنى ئەو خاڵانەى ئاماژەمان بۆ كردن، لەپێناو ئایندەیەكى گەش بۆ گەلەكەمان، ئێمە ئاپۆچین و ڕەحم بە هیچ كەس و لایەنێكى سیاسى ناكەین ئەگەر بەرژەوەندى گەل و نەتەوەكەمان بخاتە مەترسیەوە، لە ئایندەشدا هەڵوێستى ڕونترمان ڕادەگەیەنین سەبارەت بە ڕەوشى باشورى كوردستان بە تایبەتى.
بەرەو ڕاپەڕین..... بەرەو سەركەوتن
یان ئازادى........یان ئازادى
پەیوەندییەكان لە ڕێگەى ئەو ناونیشانانە دەبن:
[email protected]
facebook: http://www.facebook.com/profile.php?id=100002255177815&sk=wall
ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان RAK
4/4/2011
باشورى كوردستان
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









