شه‌ڕ له که‌ربه‌لایه تۆز له به‌ر ده‌رکی ئێمه‌دایه
10/01/2010, 12:00 (GMT+1)

ئیتر کلتورێک له قورئان‌و کتێبه ئاسمانییه‌کان باسی نه‌کرابێت له زیان‌و ئازاری جه‌سته‌یی بۆ مرۆڤ به‌ولاوه هیچ حیکمه‌تێکی تێدا نه‌بێت بۆچی بێته نێو کلتوره‌که‌ی من‌و نێوبانگو جوانی شاره‌که‌م له‌که‌داربکات!؟ هه‌موو که‌سێک ئازاده چۆن بیرده‌کاته‌وه‌و به‌چ شێوه‌یه‌ک تقوسی دینی خۆی پیاده ده‌کات به‌ڵام ناکرێت له‌سه‌ر حیسابی من‌و تۆ‌و ئهمو ئه‌و بێت زیان به ده‌ورو به‌ره‌که‌ی بگه‌یه‌نێت. براده‌رانی شیعه له وڵاتانی ئه‌وروپاش هه‌ن حوسێنییهیان هه‌یه ده‌چن بۆ ئه‌وێ ئه‌رکی ئایینی‌و مه‌زهه‌بی خۆیان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن بێ ئه‌وه‌ی ده‌رو دراوسێ بێتاقه‌ت بکهنو که‌سێک بیان بینێت بێنه سه‌ر شهقامو سه‌رو کهللهو سینگ بکوتن به زنجیر لهخۆبدهن! ئه‌ی ئهگهرئهمهی لای خۆمان عه‌رزی عهزهڵاتو مه‌به‌ستێکی سیاسی‌و مه‌زهه‌بی له پشته‌وه نه‌بێت ده‌بێت چی بێت!؟
خۆ ئه‌گه‌ر برایانی شیعه‌ی عێراق وکوردستان گره‌ویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه هه‌رده‌بێ خوێنیان لێ بچوڕێت ، با وه‌ک کورده عه‌له‌وییه‌کانی باکور به شێوه‌یه‌کی شارستانی تر وه‌ک چۆن بینیمان له جیاتی ئه‌و خوێنه‌ی به‌فیڕۆ له جه‌سته‌یان دێته خوار، با ئه‌وانه‌ی لای خۆشمان به خواردنی هه‌ریسه‌که‌و به به‌خشینی بوتڵێک خوێن‌و به‌گوتنه‌وه‌ی سهردولکهو لاواندنه‌وه بۆ حهزرهتیئیمام حوسێن له‌چوارچێوه‌ی مزگهوتو حوسێنیهکانیان کۆتایی به مهڕاسیمهکهبێنن.ئه‌وکاته خێریان بۆخۆیان زیاتر دهبێتو له ئازاری برین‌و هه‌وکردن رزگاریان ده‌بێت، هاوکات ئه‌و خوینهش که دهیبهخشندهچێته جه‌سته‌ی که‌سێکی نهخۆشوپێویست ژیانی که‌سانێکی یه‌کجار زۆر له مردن زرگار ده‌بێت،.
ڕێوڕه‌سمی عاشورای ئه‌مساڵ له هه‌ولێر به سه‌رپه‌رشتی حزبی ده‌عوه‌و مه‌کته‌بی مه‌جلیسی ئه‌علا به‌ڕێوه‌چوو،بۆ پیشاندانی نفوزی خۆیان‌و مه‌به‌ستێکی سیاسی ئه‌و کاره‌یان له پایته‌ختی کوردان ئه‌نجام دا!
لێرهداخهتا ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌کانی حکومهتو میدیای کوردی به‌تایبه‌ت سه‌ته‌لایته‌کان که ئه‌و ڕوداوه‌یان له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر نیشان دا!
- ده‌کرا حکومه‌ت ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی ته‌نها له چوارچیوه‌ی مزگهوتو حوسێنیه‌کان پێ بدانایه نه‌وه‌که بڕژێنه سهرشهقامو کۆڵانه‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ی بینیمان!
تلفزیونهکانیش وه‌ک ئه‌وه‌ی کوره‌ی هه‌نگیان دۆزیبێته‌وه وا بوون ئه‌و هه‌موو کامێره‌و پهیامنێرانهیان بۆ ته‌رخان کردبوو تا رێپێوانێکی 200 که‌سی له مێشێکه‌وه بکه‌ن به گامێشێ و بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌ی بگوازنه‌وه !
تۆ بڵێی!؟ بۆ ساڵی داهاتوو برایانی شیعه مه‌زهه‌بی باشوور به هۆی ئارامی‌و ئاسایشی کوردستان له جیاتی نهجهفو که‌ربه‌لا ڕێڕه‌وی کاروانه‌کانیان به‌ره‌و پایته‌ختی هه‌رێم به‌ڕێ نه‌خه‌ن !؟ چون بینیمان به‌رپرسێکی مه‌جلیسی ئه‌علا له‌کاتی ڕێپێوانه‌که‌ی هه‌ولێر بۆ که‌ناڵێکی کوردیی گوتی: به‌نیازین ساڵی داهاتوو له ههولێرمهراسیمێکی زۆر گه‌وره‌و به‌رفراوانی عاشورا ئه‌نجام بده‌ین !.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









