پێویستی شکاندنی ده مانگ بێدهنگی....
19/05/2012, 12:00 (GMT+1)

لە سالی ٢٠١٢ دا و له کاتێکدا کە بە بەرفراوانی باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، هێشتا پێشێل کردنی مافە سەرەتایەکانی مرۆڤ لە بەرزترین ئاستی خۆیدایه.
چەندین رێکخراوی نێونەتەوەیی و نێودەولەتی بە بێدەنگیان ئەرێی ئەو کردەوانە دەکەن،فیدراسیونی زیندانیانی سیاسی و دادگای مافی ئەوروپا و کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا سی پی تی ، بە ئیشی خۆیان هەڵناسن کە بەردەوامیش ناڕەزایەتی هەیه بهرانبهر به مرۆڤێکی بهندکراو که بێ بەشه لە سەرەتایی ترین مافی بەندکراوان .
لە دورگەی ئیمرالی تورکیادا، بەرێز عەبدولا ئۆجەلان بێ بەش کراوه لە چاوپێکەوتن و مافی گیراوان هەروەها لە زیندانی ئیمرالی بەتەنیا ماوەی ٩ سال راگیراوه و بەچەندین جار رەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە تەتانەت بەگەلێک جار مافی هەوا گۆڕینی لێ زەوت کراوە .
لە 16 ئۆکتۆبری ٢٠٠٩ دا دەوڵەتی تورک رێگای دا دوورگەی ئیمرالی ببێتە ٦ کەس بە ئۆجەلانەوە،بەوپێیە ٤ کەسی دۆزی پەکەکە و کەسێکی لە دۆزی چەپگەری TKO ڕەوانەی ئەو گرتووخانە تایبەتە کراون .وێرای تێپەر بوونی ١٢ سال بەسەر زیندانی کردنی دا ، زیاتر لە ٩ مانگە لە مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی بێبەش کراوە و دوایین جار بنەماڵەکەی لە ٣ مانگی رابردوو دا رێگهیان پێدرا کە سەردانی بکەن.
بەڵام ئۆجەلان دیدار لە گەل پارێزەرانی بە گرنگ دهبینی و لە نامەیەکی کورت دا کە داویهته پاسەوانەکانی، رایگەیاندبوو کە ئەم پرۆسەیە زۆر هەستیارە و بۆیە پێوستم بە دیدار لەگەل بنەمالەکەم نیە .
ئەمە لە کاتێدایە کە ٤٦ پارێزەری بە بانگەشەی هاوکاری رێکخستنی لەلایەن دەولەتی تورکەوە ماوەی 6 مانگە دەستبەسەر کراون.
گۆشەگیری ئیمرالی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە فەرمانی ئاکەپە خراوەتە واری جێبەکردنەوە، هەرجارە کە پارێزەرانی دهخوازن سەردانی دادگا و دادستانی تورک لە شاری بۆرسا بکەن ، بە بیانووی ئەوەی کەشتی ئیمرالی خراپ بووە و یان کەش وهەوا نالەبارە، چوون بۆ ئیمرالی ئاستەنگ دەکرێ .
بەجورێک دێت که لە هاوین و وەرزی بەهار و پاییزدا هەموو رۆژێک کەش وهەوا لەبار نیە بۆ ببینی دیل کراوێک ، کە مافی خۆیەتی دیدار لەگەل بنەماڵە یاخود پارێزەرانی ئەنجام بدات .
ئیدی بۆ هەموو کەسێک ئاشکرا بووه کە ئەو کەشتیە چاک ناکرێتەوە لە بەر ئەوەی خراپ نەبووه ...
هەر تاکێکی ئەم کۆمەلگایە بەوه گەیشتووە کە بیانوویهکە و هیچی تر ، باشە تا ئیستا ئەو دەولەتانی کە بەردەوام جاڕی مافی مرۆڤ و بەندکراوان دەدەن بۆ چی بێدەنگن ؟
بۆچی هاوار و ناڕەزایەتی گەلی کورد لە دژی ئەو پێشلکاریانه نابیین کە بەرچاوترینیان مانگرتنی دوومانگی رابردووی شاری ستراسبۆرگی فەرانسا و بەندکراوان لە گرتووخانەکانی تورکیا و باکور و باشوری کوردستان بووه .. کە له ئاکامدا دۆخی زۆرینەی مانگرتوان رووبەرووی مەترسی مردن بویەوە و تا ئێستاکەش بەدەس نەخۆشی جەستیەوە دەنالێنن .
بەراستی بێدەنگی لایەنەکانی نیوەدەولەتی و نێونەتەوەیی تا رادەیەک بۆ تاکی کورد هەرس دەبێ چونکە ئاوان لە ئاستی کۆمەلکوژیەکانی سەر گەلی کوردا بەردوام بێدەنگیان هەلبژاردبوو کە نمونەی کۆمەلکوژی چەلێ و رۆبۆسکی بوو .
لێرەدا ئەوەی زیاتر جێگای داخ و سەرسورمانە بێدەنگی پارت و رێکخستنەکانی گەلی کوردە لە هەرچۆار بەشی کوردستان بەتایبەت لە باشوری ولات کە بەچەندین جار داوا لە سەرۆک کوماری عێراق و سەرۆکی هەریم کوردستان کراوە کە کۆتایی بەو بێدەنگیە بێنن و له ئاست ئەو کردەوانەی ئاکەپە کە لەسەر کوردان لە باکوری کوردستان لە کەسایەتی ئۆجەلان دا پەیرەو دەکرێ وەدەنگ بێن ، بەلام هیچ کە بەدەنگ ناین کەچی چالاکی ولامدانەوەی گەریلاکانی هەپەگە کە داکۆکی کردنە لە خواستی رەوای کوردستانیان ، لەلایەن نوسینگەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمەوە پرۆتستۆ دەکرێ ، بەلکوو تاکی کوردی ئازاد،خۆزگەی ئەوە بخوازن کە چەندە حکومەتی هەرێم خەمی سەرباز و فەرماندەکانی تورک دەخوات ئەوەندەش خەمی شورشگێران و بەندکراوانی کورد لەوانە سەرکردەیەکی گەلی بخوات کە ماوەی ١٠ مانگە هیچ زانیاریەک لە بارەیەوە نازاندرێت و ئەوەش گەلی کوردی بەگشتی نیگەران کردوە.
ئێستاکە ئاکەپە لەئامادەکردنی یاسایەک دایه تایبەت بۆ ئەوەی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان دژوارتر بکات ، یاسایەک کە لە پەرلەمانی تورکیا دا باسی لە سەر کراوه ئهوهیه که ئەگەر هەر بەندکراوێک لە زیندانەوە فەرمان بدات ، ٦ مانگ گۆشەگیری بەسەردا جێبەجێ دەکرێ ، باشە ئەگەر ئاکەپە دەتوانێ دە مانگ گۆشەگیری بە بیانووی جۆراجور بسەپێنێ ئیدی پێویست بەویاسایە چیە؟! تەنیا ئەوە نەبێ بهرگی یاسایی لهبهر کردەوە نایاساییەکانی دهکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









