لە یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕینی ئازاری 1991
08/03/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەمرۆ حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستان خۆیان هەڵدەکێشن بەوەی کە دەسەڵات و ئەزموونی ئەوان بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە و دەسکەوتەکانیەتی، دروست بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتی ئەوان بەرهەمی لەباردن و خنکاندنی ئەو ڕاپەڕینە و دەسکەوتەکانی بوو، لەلایەن ئەوانەوە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانیدا. بەو ئەندازەی کە ئەم حزبە ناسیونالیستە کوردیانە، سەرکوتی شۆراکانیان کرد، بزوتنەوەی بێکاری ئەو کاتەیان تێکشکاند، خۆیان پڕچەك و خاوەن میلیشیا کرد، توانیان جەماوەر بێ ئیرادە بکەن، دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسهپێنن، سەروەتوسامانی گشتی لوش بدەن و وەك مۆتەکە بنیشنەوە بەسەر سینگی خەڵکی کوردستانەوە.
هاتنەمەیدانی جەماوەری ناڕازی بەدژی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە لە 17 ی شوباتی ئەم ساڵدا و گوللە باران کردنی خۆپێشاندەران، کوشتن و بریندارکردنیان، باشترین دەرخەری ئەو ڕاستیانەی سەرەوەن.
ئەم خۆپێشاندانانە پێبەپێی پەرەسەندنیان، پاشەکشەیان بە دەسەڵاتدارانی کوردستان کردوە و ناچار کەوتونەتە زمان لوسی و بەڵێندان بە چاکسازی، ئەویش لەپێناو هێورکردنەوەی جەماوەری داخ لەدڵ و فریودانی خەڵك، دواترینان پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم بوو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.
لە یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕینی ئازاری 1991دا، کۆمەڵگەی کوردستان لە ژانگرتنی ڕاپەڕینێکی تردایە، بەڵام ئەم ڕاپەڕینە نەك دژی دەسەڵاتێکی چەوسێنەری نەتەوەیی کە لەدەرەوەی کوردستانەوە هاتبێت، بەڵكو دژی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی خۆماڵییە.
ئەمرۆ لە کاتێکدا جەماوەری کوردستان هاتۆتەمەیدان کە شەپۆلێك لە ڕاپەڕین و شۆڕش وڵاتانی باکوری ئەفریقیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە و چەند دکتاتۆریان ڕوخاندوە و هی تریش بهڕێوهیه. هەر بۆیە، بۆ ڕزگار بوون لەم دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە خۆماڵییە، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان پێویستە سود وەرگرن لەو ئەزموونە شۆڕشگێرانەیەی وڵاتانی باکوری ئەفریقیا.
ڕێگەی بەدەستهێنانی خواسەتەکانی خەلکی کوردستان بۆ ژیانێکی کامەران و ئازاد، پەرەسەندن و باڵا پێکردنی ئەم خۆپێشاندانانەیە، تا ئاستی ڕاپەڕین و لە گۆڕنانی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە و بەرپا کردنی دەسەڵاتێکی شۆرایی.
هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵی ئازادیخواز لەدەرونی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە و ئەم خۆپێشاندانانەدا، یەکێك لە ئەرکە دەمودەستەکانی هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و ئازادیخواز، هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستە، بۆ ڕیسواکردنی زمان لوسی و فریوکاریەکانی دەسەڵات، بۆ بەرگرتن بە ئاسۆی ڕیفۆڕمیستی لیبراڵانە کە بە چاکسازیەکی نیوە ناچڵ، ئەم بزوتنەوە ناڕازیە و ئەم خۆپێشاندانانە هێور دەکەنەوە و لەدایك بوونی کۆرپەیەکی تری ڕاپەڕین لە کوردستاندا لەبار دەبەن.
نەمری و سەربەرزی بۆ گیان بەخت کردوانی ڕاپەڕینی ئازاری 1991، و خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵ.
مەرگ و نەمان بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەر.
بژی ڕاپەڕین، بژی دەسەڵاتدارەتی شۆرایی.
6-3-2011
www.rewend.info
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









