<

پکک چەک دادەنێت !!!

12/06/2012, 12:00 (GMT+1)


لە ڕۆژەڤی ئێستەماندا دەوڵەتی تورک سەرقاڵی بە ژیان کردنی چەند پیلانێکە تاکو لە چەک داماڵینی پکک دا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ، تورکیا لەلای ڕوون و ئاشکرایە کە سەرکەوتنی پیلانەکانی هەروا کارێکی ئاسان نییە ، هەربۆیە پێویستی بە چەند لایەنێکی دیکە هەیە تاکو خەونەکانی بێتە دی ، لەم ڕۆژانەدا بەشیر ئەتەلای یاریدەدەری ئەردۆغان لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا چەند خاڵێکی لەم بارەیەوە هێنایە زمان ، ئەتەلای لەم بارەیەوە ووتی کە حکومەتەکەیان بۆ بەرجەستە کردنی پیلانی چەک داماڵینی پکک لەگەڵ دەسەڵاتی باشوری کوردستان و ئەمەریکا گەنگەشەیان کردووە و بەم زوانەش ئەردۆغان ناوەڕۆکی بەرنامەکەیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات .
پێشتر حکومەتی تورکیا ئەم ڕێگایەیان تاقی کردبۆوە چەند ساڵێک لەمەو بەر حکومەتی ئەردۆغان لێبوردنی تایبەتی بۆ گەریلاکانی پکک دەرهێنا بوو ، لێبوردنەکە ئەو گەریلایانەی دەگرتەوە کە بەشداری شەڕوشۆڕی نەکردبێت و دەستی لە خوێنی سەربازی تورک سوور نەبوبێت ، ئەم کارەی حکومەتی ئەردۆغان بۆ چەواشە کردنی ڕای گشتی تورکیا و جیهان بوو چونکە مەحاڵە گەریلایەکی پکک بەشداری شەڕ و پێکدادانی نەکردبێت ، ئێستاش تیشکی سەوزی بۆ پیلانێک داگیرساندووە کە لەگەڵ خۆیدا چەند لایەنێک پێوە دەگلێنێت ، هەربۆیە دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێز جەلال تاڵەبانی ڕەزامەندی خۆی نیشانداوە کە ببێتە پردی نێوان پکک و دەوڵەتی تورک .
لەم بارەیەوە پێشنیارێک بۆ بەڕێز تاڵەبانی دەکەم ، ئەویش ئەوەیە دەبێت بەڕێزیان ناوەڕۆکی پیلانی چەک داماڵینی پکک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات و ئینجا ببێت بە پردی نێوان .

پکک چەک دادەنێت
بێگومان پکک چەک دادەنێت ، لەبارەی پیلانی چەک داماڵینی پکک وەک باسم کرد کە حکومەتی ئەردۆغان دایڕشتبوو لەم بارەیەوە ڕێزدار ئۆجەلان و کۆنسەی کۆما جڤاکی کوردستان { کجک } لێدوانیان دابوو ، بەڕێز ئۆجەلان و کجک دەڵێن { ئێمەی کورد بۆ ئەوە نەخوڵقاوین کە لە شاخ بین و جەک هەڵگرین ، ئێمە چەکمان هەڵگرتووە بۆ ئەوەی بگەینە ئازادی خۆمان ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکریت ئەوە ئێمە ئامادەین چەک دابنێین } هەربۆیە بۆ نیشاندانی نیەت باشی خۆیان جەند پیشنیارێکیان هێنایە زامن ، پکک باوەڕیان بە ڕێکەوتنی دوو قۆڵی نییە لەگەل تورکیادا هەربۆیە داوان کرد کە نەتەوە یەکگرتۆکان بێتە پردی نێوانیان ، وە هەر لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتۆکانەوە ئامادەن چەک دابنێن ، بەڵام تورکیا ئامادەی ئەم پێشنیارە نەبوو کە جێ بەجێی بکات ، ئێستاش تورکیا دەیەویت بەبێ ئەوەی نیەت باشی خۆی نیشان بدات پیلانی ڕەشی بێ ناوەڕۆکی خۆی بە پشت بەستن بە هێزەکانی دەرەکی پکک لاواز بکات و چەکیان پێ دابنێن ، ئەو کارانەی کە پیویستە وەک نیاز پاکی نیشانی بدات بریتییە لەوەی کە دەبێت سەرەتا لێبوردنێکی گشت دەربکات و ڕێگا بۆ سیاسەت مەدارانی کورد خۆش بکات کە بتوانن لە تورکیا سیاسەت بکات ، تورکیا تاکو ئێستاش پرۆژەیەکی نییە لەبارەی چارەسەرکردنی دۆزی کوردەوە جگە لە ئۆپەراسیۆن و دەست گیر کردنی سیاسەت مەدارانی کورد ، ئەوانەی دەیانوێت ببنە پردی نێوان بەم شێوەیە چۆن دەتوانێت باوەڕ بە تورکیا بهێنێت ئەوەی خۆی لەقەرەی ئەم باسە بدات جگە لە خۆهەڵخەڵەتاندن هیچی تری لێ سەوز نابێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست