بێ بازاڕى كتێب ،پاشە كشەى عەقڵە
29/05/2014, 12:00 (GMT+1)

من یان تۆ دەتوانین بەخۆراكێكى هاكەزایى و هەرزان و كەم نرخ رۆژگارەكان بەڕێبكەین، دەتوانین وئاساییە گەر جلەكانمان چەندین پێنەى پێوە بێت ، سەربەرزیە گەر لەبەر نەبوونى پێڵاوەكانمان شەقار شەقار و رزیو بن،گەر وەكو جاران كاڵا وشتى ماڵمان هەراج بكەین، بەڵام ئەوەى كە ئەستەم و كارى نەكردەیە، ئەى برسێتى مێشك و عەقڵ بەچى تێردەكەین؟ ئەوەى مایەى نیگەرانیە بۆ هەموومان ، كتێب وەك كاڵاكانى دیكە نى یە، تابڵێین قەیدی ناكات كامەیان هەرزان و كەم نرخە ئەوە دەكڕین، رەنگە كتێبمان بە هەرزان ونرخێكى زۆر سادە و ساكار دەست بكەوێت، بەڵام چ جۆرە كتێبێك؟ ئەو كتێبانەى كە دەسەڵات و حكومەت حەز بەخوێندنەوەى دەكەن، ئەو كتێبانەى وشەكانیان بەرەنگى زەردو سەوز نوسراوە،مۆرو و ناسنامەى حزبى بەدفەرٍِى پێوەیە. گەر بۆشیان بكرێت پێیان نەنگ و شەرم نەبێت، وەك كتێبەكانى سەردەمى سەدام لەگەڵ بایەعى و تەنانەت خەڵاتیشدا دابەشى دەكەن و بەسەرماندا دەیبەخشنەوە.
پێشینان جوانیان وتوە ،قەدرى زێر لەلاى زەرنگەڕە، كتێبیش كەسى تایبەت و خوێنەرى خۆى هەیە، ئەوەتا خاوەن كتێبخانەیەكى بەڕێزى ئەمشارە دەڵێت پێشتر مانگانە بایى 50 ملیۆن وپتر كتێبمان دەفرۆشت، بەڵام ئەوڕۆ بەهۆى قەیرانى دارایى و نەبوونى مووچە وگیرفان بەتاڵى توێژى خوێنەر، بازاڕى كتێب فرۆشتینش رووى لەكزى كردووە، تەواو بێ بازاڕ بووین
جا شینەكەى من بۆ ئەوەیە، ئێمە خاوەنى ئەو هەموو خوێنەر ونووسەر و رۆشنبیرەین، رۆژانەو مانگانە بە سەدان رۆژنامەو گۆڤار و كتێب و سەرچاوەى ئەلیكترۆنى دەكەونە بەردەستمان، ئەوە حاڵمانەو، لەبوارى فیكر و رۆشنبیرى زانست و زانیارى تەواو بێ كەڵكین ،هەست وناخمان خاڵى خاڵى یە، تا ئێستاش سمێل زلەكان ونێرینەكانى وڵات بونەتە گورگ وپەلامارى ژنان دەدەن،تائێستاش لەسەر تەماع باوك نەوەى خۆى دەكوژێت، تائێستاش بون بەكۆیلەى دەسەڵات و خزمەتكردنیان لامان سەربەرزى یە،تائێستاش خنكاندنى ئازادى و لەخاچ دانى سەربەستى ،ئاساییە، بۆیە تا هەنوكە نەمانتوانیوە میللەت بەئاگا بێینینەوە، لەهەمبەر ئەو گەلەكۆمەكییەى كە حزبە كلاسیكى و ناڕەواكانى كوردستان پێمان دەكەن و، هەیمەنەو دەسەڵاتیان گەیاندۆتە ناو ماڵو خێزانەكانمانەوە، بەئارەزووى خۆیان یارى بەعەقڵ وئیدراكمان دەكەن، هیچ ورتە ناكەین، كاردانەوەمان نى یە، بچوكترین ئامانجمان نەپێكاوە، جا ئەگەر بێت و خوانەكردە لەو تۆزە سەرچاوە و بڵاوكراوانەش مەحروم بین، ئەبێت چیمان بەسەر بێت،؟! ئەمەش بۆ خۆى قازانجێكى دیكەى ئەو قەیرانەیە بۆ دەسەڵات، ئەبێتە چەقبەستنى بیركردنەوە و تەسكبونەوەى ئاسۆى هزرمان، كە ئەوەش بۆخۆى گەورەترین ئاوات و ئامانجى دەسەڵاتە لەمێژە خەون بەو رۆژگارەوە دەبینیت،هەوڵى گەوجاندنمان دەدات، تا میللەت و خەڵكەكەى ئاستى تێگەیشتن و بیركردنەوەیان هاو هزرى ئەوان بێت كەسى لەخۆیان ژیر تر دروست نەبێت، هەروابێتەوە بەهۆى ئەو سیاسەتە بەد فەڕەیانەوە بۆ یەكجارى وەكو ئەوان ماڵئاوایى لە عەقڵ وداهێنان و رۆشنگەریى بكەین، ببینە میللەتێكى حەپۆل و نەفام و مێشك پڕكاو، باى باى لەزانست و پێشكەوتن بكەین، بۆ بژێوى ژیان و پارە پەیداكردن، ببنە چەكدار و پاسەوانى حەرەم سەراكانیان و، هەموو هۆش و بیر و حەزێكمان لە تێر بوونى سك و پڕبوونى گیرفاندا ببینەوە، كە ئەوەش خواست و حەز و خولیاى هەموو دەسەڵاتێكى دیكتاتۆر و گەندەڵە، تا چەند میللەت و خەڵكەكەى بودەڵەو نەزان و پاشكەوتوبن، ئەوا ئاشیان باشتر دەگەڕێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









