<

بەیاننامەى ژمارەیەك رۆژنامەنووسو رۆشنبیرى گەرمیان لەبارەى "چاكسازیی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانى گەرمیان دا"

25/06/2011, 12:00 (GMT+1)
لەسەرەتاى دەستبەكاربوونیدا، سەرپەرشتیاری نوێى ئیدارەى گەرمیان بەڵێنى ئەنجامدانى چاكسازیی دا لە فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكانى سنوورەكە، بەتایبەتى ئەو بەرێوەبەرانەى كە قسەو دەنگۆی ئەنجامدانى كاری نایاسایی و گەندەڵییان لەسەرە.
ئێستاو دواى تێپەڕینى ماوەیەك، هەست بەوەدەكەین ئەو پرۆسەیەى كە دەویستراو لێمان چاوەڕوان دەكرد ناچێت بەرێوە، بەڵكو زۆرتر قاڵبێكى ململانێ ئامێزی نێوان جەمسەر و كەسە باڵادەستەكان دەنوێنێت، چاكسازییەكان لەكەسانێكەوە دەستى پێكردووەو چڕ بووەتەوە بۆ كەسانى دیكە پەلی نەكێشاوە. بەرێوەبەرى زۆر لەوانەى ئێستا هەن كە ئیجرائاتیان لەگەلأ دا نەكراوە، شایانى ئەو پۆستە نیە كە تیایدایە و دەبێت لێپێچینەوە لەبارەى كارە نایاساییەكانییانەوە بكرێت كە ئەنجامیان داون، بەڵام پێدەچێت بۆ رازیكردنى دڵی ئەم بەرپرس یان ئەو بەرپرس، ئەمە وەلا بنرێت.
خاڵَێكى دیكە كە بەراى ئێمە كەموكورتییە، ئەو ئالیەت و سیستەمەیە كە لەرێگەیەوە گۆڕانكاریی دەكرێت، بۆنمونە: هەست ناكەین تەنسیق و رێككەوتنێكى پێشوەخت و تەنانەت لەیەك گەیشتنێك لەنێوان ئیدارەى گەرمیان و وەزارەتى پەیوەندیدار بە بەڕێوەبەرایەتییەكان دا هەبێت، ئەمەش وایكردووە بەشى پێویست ئەو گۆڕانكارییانە سەنگییان نەبێت و بەڵكو گرفت بۆ جێبەجێكردنیشی درووست دەبێت. هەروەها خاڵێكى دیكە دیارییكردنى بەڕێوەبەرە نوێكانە، كە وەك دیقەتمان داوە نە پشتى بە ئەزموون بەستووە نە بە پسپۆرێتى و شارەزایی، بەڵكو ئەو پێوەرانەى كە بەهۆیانەوە چەند بەڕێوەبەرێكى نوێی پێ دیارییكراوە، جگە لە مەزاجی شەخسی هیچی تری لێناخوێنینەوە، ئەمە سەربارى ئەوەى قسە لەوە دەكرێت هەندێك لەو دانانانە بە واستەو پشكپشكێنەى حزبیی و بەرپرسەكانی كراون.
ئێمە وەكو ئەو كەسانەى كە ئیمزاى ئەم بەیاننامەمان كردووە، چاوەڕێمان دەكرد كە حكومەت نەكەوێتە ئەو هەڵانەى كەلە پێشووتردا كردوویەتى، جارێكى تر بنەماى حزبی و خزمخزمێنەو راگرتنى دڵی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس كرایەوە بەپێوەر بۆ گۆڕانكارییەكان، بەڵكو لەپێشبركێ كردن و پسپۆریی و ئەزموون پۆستەكان یەكلا بكاتەوە. هەربۆیە حكومەت و ئیدارەى گەرمیان ئاگادار دەكەینەوە لە گرتنەبەرى رێوشوێنى گونجاو بۆ چاكسازیی بنەڕەتى لە فەرمانگەو دامودەزگاكان دا، بەپێچەوانەوە هەڵوێستى توندمان بەرامبەر بەو كارانە دەبێت كە دژ و خواست و ویستى گۆڕانكاریی و چاكسازیین.

بەئیمزاى:
جەزا محەمەد، محەمەد حسێن، دڵشاد ئەنوەر، ئارام ئیكرام، ئازاد عوسمان، كاوە ئەحمەد، ئەركان رەئوف، چۆمان ئەحمەد، بیلال سەعید، پەیمان ئەمین، بەرزان ئەمین حاجی، محەمەد ئەمین، یاسین لەتیف، گەرمیان حەمەى پوور، كاوە گەرمیانی، سالار حەسەن، فەریق حەمەساڵەح، كەریم مەدحەت، كەمال محەمەد، دلێر عەبدولرەحمان
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست