<

لە نێو بەڕێوەبەرایەتى پۆلیس هەوڵى ڕفاندنى رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس)دەدرێت- که‌مپین

15/08/2010, 12:00 (GMT+1)
رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) بەهۆى كێشەیەكى یاساییەوە دەچێتە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى (خەبات) و لەوكاتەشدا نەقیبێكى ئاسایش و پاسەوانەكانى پەلامارى دەدەن و هەوڵدەدەن بیڕفێنن، بەڕێوەبەرى پۆلیسیش هیچ ئیجرائاتێكى یاسایى وەرناگرێت.
رووداوەكە لە كاتژمێر (11)ى پێش نیوەڕۆى (5/7/2010) روویداوەو لەوكاتەى رۆژنامەنووس (هیوا فریادرەس) سكرتێرى رێكخراوى (بزاڤى ژیان) و سەرۆكى (لیستى گەنجانى سەربەخۆ) لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى كوردستاندا، بەخۆی و پارێزەرەكەى (بارزان مەجید) بەدواى كێشەیەكى یاسایى دەچن، لەو كاتەدا كۆمەڵێك ئاسایش كە بەرپرسەكەیان ئەفسەرێكى ئاسایش بووە بە پلەى نەقیب، لە نێو حەرەمى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى قەزاى خەبات پەلامارى دەدەن و دەیانەوێ بیڕفێنن، بەڵام فریادڕەس بەهەوڵى خۆى و یارمەتى پارێزەرەكەى خۆى لە دەستیان دەربازدەكات. فریادڕەس دەڵێت "من و پارێزەرەكەم بەدواى داوایەكى یاساییەوە چووبووین. كەچى لەنێو بەڕێوەبەرایەتیەكەى پۆلیس كۆمەڵێك ئاسایش كە بەرپرسەكەیان بەڕێوەبەرى ئاسایشى ناحیەى رزگارى بوو، پەلاماریان دام و گوتیان تۆ حیجزى ئێمەیت و ویستیان بمڕفێنن, بەڵام من هاوارم بەسەرداكردن و خۆم لە دەستیان دەركرد". فریادڕەس گوتیشى دواى ئەوە چوونەتە لاى بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەبات (عقید ئەزوەر تاڵب) و لە ڕووداوەكە ئاگاداریان كردووەتەوە، بەڵام هیچ ئیجرائاتێكى یاسایى وەرنەگیراوەو تا نزیكەى سەعاتێك دواتریش ئاسایشەكان ئەوێیان جێنەهێشتووە.
لەهەمانكاتدا (بارزان مەجید) پارێزەرى هیوا فریادڕەس كە لە كاتى ڕووداوەكە لەوێ ئامادەبووە، رایدەگەیەنێت كە ئەو نەقیبەى ئاسایش هەوڵى ڕفاندنى هیوا فریادڕەسی داوەو گوتیشى "بۆ لێكۆڵینەوەى سەرەتایى سەبارەت بەكێشە یاساییەكە چووینە بنكەى پۆلیس و لەوێش نەقیبێكى ئاسایش و چەند ئاسایشێك دەورەیاندا و ویستیان هیوا بڕفێنن و دەستبەجێ عقید ئەزوەر بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەباتم لێ ئاگادار كردەوەو عقید ئەزوەر بەو نەقیبەى ئاسایشى راگەیاند كەس مافى ئەوەى نییە دەستدرێژى بكاتە سەر هیوا فریادڕەس و كەیسەكەى پەیوەندیى بەوانەوە هەیە".
هەروەها عقید ئەزوەر تالب دزەیى بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەبات رایگەیاند كەس ناتوانێت لە بەڕێوبەرایەتى پۆلیس دەستدرێژی بكاتە سەر هاووڵاتیان و گوتیشى "لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئەم نەقیبە و چەند ئاسایشێك دەورى هیوا فریادڕەسیان داوە و دەستیان گرتووە، بەڵام دڵنیانین مەبەست ئەوەبووە كە هیوا بڕفێنن یاخود نا، چونكە بەگوتەى ئەو نەقیبە و ئاسایشەكانى لەگەڵیدابوون وایانزانیوە هیوا دەیەوێت رابكات، ئەمە لەكاتێكدایە كە هیوا فریادڕەس لەگەڵ پارێزەرەكەى بەخۆیان بەدەم داواكەوە هاتوون نەك داواكراوبێت، بەڵام وەك بەڕێوەبەرى پۆلیس ئەو نەقیبەى ئاسایشم ئاگادار كردەوەو سەرزەنشتیشم كرد، چونكە نەك ئەو كەس بۆی نیە سوكایەتى بە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیس بكات و لە ناو بەڕێوبەرایەتییەكەمان هێرش بكاتەسەر هاووڵاتیان و رۆژنامەنووسان، ئێستاش لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكەدا دەكرێت."
ئێستا هیوا فریادڕەس سكالاى یاسایی خۆى لە دژى تۆمەتباران تۆماركردووە، بەڵام مەترسى ئەوە لە ئارادایە كە لایەنى (پۆلیس و دادوەرى)لە ژێر فشارى تۆمەتبارەكاندا نەتوانن ڕێوشوێنە یاساییەكان بە باشى جێبەجێ بكەن. فریادڕەس رایدەگەیەنێت كە پۆلیسەكانى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى خەبات بە حورمەتێكى زۆرەوە مامەلەیان لەگەڵ كردووە، بەڵام كەمتەرخەمیەكەیان لەوەدابووە كە نەیانتوانیوە ئیجرائاتێكى یاسایی دەرهەق بەو نەقیبەى ئاسایش و چەكدارەكانى تربكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هیوا فریادڕەس دەڵێت:" كاتێك ئاسایشەكان هەوڵیاندا بمڕفێنن من هاوارم بەسەرداكردن و پۆلیسەكان كۆبوونەوە، بۆیە نەیانتوانى لە هەوڵى رقاندنەكە سەركەوتووبن، من دڵنیام ئەگەر لەبەر پۆلیسەكان نەبوایە و من لەدەرەوەى بەڕێوەبەرایەتیەكەى پۆلیس بوومایە دەیانڕفاندم."
ئەم هەوڵى رفاندنە دواى بەدواى ئەوە هاتووە كە رۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس بە نیازبووە ئەو كێشانەى لەگەڵ كەسە نزیكیەكانى ئەم بەرپرسەى ئاسایش هەیبووە لە رێگەى رۆژنامەوە بڵاوبكاتەوەو پێشى راگەیاندبوون كە ئەم كارە دەكات، بۆبە ئەم هەوڵى رفاندنە وەك بەرچەكردارێك بووە.
هەر ئەم بەرپرسەى ئاسایش بە چەند رۆژێك پێش ئەم رووداوە تۆمەتى ئەوەى خستۆتە پاڵ فریادڕەس كە هەڕەشەى لێكردوون و ئەو رۆژەش كە هیوا فریادڕەس بەدواى داواكەوە دەچێت، دادوەرى دادگاى لێكۆڵینەوەى قەزاى خەبات (حاكم گەیلان خالید) بڕیارى زیندانیكردن بە پێی ماددەى (431) كە تایبەتە بە هەڕەشەلێكردن, دەرهەق بە فریادرەس دەدات و لە 5/7 تاكو 18/7 لە زینداندا دەهێڵدرێتەوە، گومانیش دەكرێت كە حاكمى ناوبراو لەم دادوەری كردنەدا بێ لایەنى ڕەچاونەكردبێت و گومان دەكرێت كە دادوەر لەژێر گوشارى تۆمەتبارانى هەوڵى ڕفاندنەكەدا، ئەو ماوەیە (هبوا فریادڕەس)ى لە زینداندا هێشتبێتەوە بۆ ئەوەى فڕیادڕەس نەتوانێت هەواڵى هەوڵى ڕفاندنەكە بە میدیاكان بگەیەنێت، هیوا فریادڕەس و چوار شایەدیش لەبەردەم دادوەردا ئەم تۆمەتەیان ڕەتكردووەتەوە كە دراوەتە پاڵى و ئەم ماددەیەش مەشمولە بە ئازادكردنى دەست بەجێی بە كەفالەت یان سزاى ماڵی بەڵام زیاتر لە سێ جار داواى ئازادبوونى بە كەفالەتى بۆ كراو دادوەر تا 18ى تەممووز ئازادى نەكرد، ئەمە لەكاتێدا كە هیوا فریادڕەس كەسایەتیەكى مەعنەوى هەیە و نووسەرو ڕۆژنامەنووسێكى ناسراوەو ئەو كەسە نییە كە گومانى لێ بكرێت لەدەست یاسا هەڵبێت، بەڵگەش ئەوەیە كە خۆى چووبوو بەدەم شكایەتەكەوە بەبێ ئەوەى تەبلیغ كرابێت.
هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسیارن لەوەى كە ئیجرائاتى پێویست دەرهەق بە ئەنجامدەرانى ئەم پێشێڵكاریانە وەربگرن و بۆ ئەم مەبەستەش بزاڤى ژیان بە فەرمى سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان و فراكسیۆنەكان و وەزیرى ناوخۆو بەڕێوەبەرى ئاسایشى گشتى و بەڕێوەبەرى ئاسایشى هەولێرو بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێرو پارێزگارى هەولێرو چەندان لایەنى ترى لە ڕووداوەكە ئاگاداركردووەتەوە.

تێبینى: ناوەڕۆكى ئەم ڕاپۆرتە لە دوو ڕاپۆرتى ڕۆژنامەوانى هەردوو گۆڤارى (راڤە) و (هەڵبوون) وەرگیراوەو لەلایەن (بزاڤى ژیان) داڕێژدراوەتەوە.
--------------------------
كەمپینى پشتیوانى
 لە كەیسى ڕۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس
 ---------------------------------------------------  
 بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان
 دەبێ تۆمەتبارانى هەوڵى ڕفاندنى
 ڕۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) سزابدرێن
 ئێمە ئەم كۆمەڵە ڕۆژنامەنووسەى كە لە خوارەوەدا ناومان هاتووە (كەمپینى پشتیوانى لە كەیسى ڕۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس) ڕادەگەیەنین و داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە بە جددى و بە پەلە لە ڕووداوى هەوڵى رفاندنى هاوكارمان ڕۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس بكۆڵدرێتەوەو تۆمەتباران كە كەسانى ناسراون سزاى پێویست بدرێن.
 ڕووداوى هەوڵى ڕفاندنەكە لەنێو حەرەمى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى قەزاى خەبات لەلایەن كۆمەڵێك ئاسایشەوە بووە كە بەرپرسەكەیان ئەفسەرێكى ئاسایش بووە بە پلەى نەقیب و بەڕێوەبەرى ئاسایشى ناحیەى رزگارییە، ئەمەش دوابەدواى ئەوە هاتووە كە ڕۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس بەنیازبووە كێشەكانى كە لەگەڵ كەسە نزیكەكانى ئەو بەرپرسەى ئاسایش هەیبووە لە ڕێگەى ڕۆژنامەوە بڵاوبكاتەوە، بەمەش دەردەكەوێت ئەوەى كە ڕوویداوە هەوڵێك بووە بەمەبەستى لەنێوبردن یان ئازاردان و تۆقاندن تا ڕووداوەكان لەڕێى میدیاوە بڵاونەكاتەوە.
 ئێمە وەكو كەمپین ڕایدەگەیەنین:
 - ئەوەى كە روویداوە پێشێلكارییەكى ئازادى ڕۆژنامەوانییە بەوەى كە ڕۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس ویستوویەتى شتەكان لە ڕێگەى ڕۆژنامەوە بڵاوبكاتەوە، بۆیە ڕووبەڕووى هەوڵى ڕفاندن بووتەوە.
 - ئەوەى كە ڕوویداوە پێشێڵكارییەكى یاساییە بەوەى كۆمەڵێك چەكدار حەرەمى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسیان شكاندووەو بە چەكەوە لەنێو بەڕێوەبەرایەتیەكەدا پەلامارى ڕۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس-یان داوەو هەوڵیانداوە بیڕفێنن.
 - ئەوەى كە ڕوویداوە پێشێلكارییەكى ئیدارییە بەوەى كە ئەفسەرێكى ئاسایش كەڵكى خراپى لە پلە وەزیفیەكەى خۆى و كۆمەڵێك كەسى تر(واتە پاسەوانەكانى)وەرگرتووە، بۆ جێبەجێكردنى نیازە ناقانوونیەكانى.
 داوكارى كەمپین لەتەواوى لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەوەیە كە هەرچى زووتر تۆمەتباران سزاى یاسایی و ئیدارى بدرێن و سزادانەكەش لەبەردەم كەناڵەكانى میدیا ڕابگەیەندرێت، بۆ ئەوەى ئەمە بەربەستێك بێت لەبەردەم ئەوەى كە چیتر ئەم پێشێڵكاریانە دووبارە نەبێتەوە.
 كەمپینى پشتیوانى لە كەیسى ڕۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس
 11/8/2010
 بۆ پەیوەندى گرتن لەگەڵ كەمپین: 0750 740 0551
 [email protected]
 
 
 1-    رۆژنامەنووس هەردى ئەحمەد                             16- رۆژنامەنووس مەهدى زریان
 2-    رۆژنامەنووس رێبوار رەزا چوچانى                      17- رۆژنامەنووس ئەحمەدخورشید
 3-    رۆژنامەنووس عەلى كەریم                                 18-رۆژنامەنووس عیسا خدر
 4-    رۆژنامەنووس هێمن عومەر                                 19- رۆژنامەنووس كەمال چۆمانى
 5-    رۆژنامەنووس دڵشاد كاوانى                              20- رۆژنامەنووس شیلان یاسین
 6-    رۆژنامەنووس مەریوان غەریب                           21- رۆژنامەنووس عیسا عبدالقادر
 7-    رۆژنامەنووس سەرباز سیامەند                         22- رۆژنامەنووس بڵند مستەفا
 8-    رۆژنامەنووس جوان میرانى                               23- رۆژنامەنووس چۆمان هیوا 
 9-    رۆژنامەنووس ئیبراهیم شێخ وەسانى                24- رۆژنامەنووس ئەحمەد كەركوكى
 10-    رۆژنامەنووس شاخەوان عومەر سلێمان             25- رۆژنامەنووس رەسول بایز  
 11-    رۆژنامەنووس ئارام سەرحەد                           26- رۆژنامەنووس هەرێم عومەر
 12-    رۆژنامەنووس وشیار نورى لەك                       27- رۆژنامەنووس دیدار عەبدوڵڵا
 13-    رۆژنامەنووس سامان قەرەچووخى                  28- رۆژنامەنووس هیوا بەرزنجى  
 14-    رۆژنامەنووس دڵشاد هەرتەلى                        29- رۆژنامەنووس هێمن رانیەیی
 15-    رۆژنامەنووس هاوار ئەحمەد هەلەبجەیی     30- رۆژنامەنووس ئاودێر نێرالدین
 
 تێبینى: هەرنووسەرو رۆژنامەنووس و چالاكوانێكى مافى مرۆڤ و كۆمەڵگەى مەدەنى دەیەوێت پشتگیرى لەم كەمپینە بكات و هاوهەڵوێستى نیشانبدات، با لە رێگەى ژمارە تەلەفۆن یان ئیمەیلى كەمپینەوە پەیوەندى بگرێت.
 
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست