حەیرانێك بەیادى سەردەشت عوسمانەوە هەولێر داواى لێبوردن لە (سەردەشت عوسمان) دەكات
02/03/2011, 12:00 (GMT+1)

بەر لە ساڵیادى شەهیدكردنى كاكە سەردەشتى هەڵگرى ناسنامەى ئازادى و پەیامى جوان پەرستى، ئەمێستاكە هەولێر شانازى بە رۆلەیەكى قارەمانى وەك تۆ دەكات كە لە ناو جەرگەى قەڵا و بەرزى منارەكەى چۆلى هاوارت دەكرد: نا بۆ گەندەڵیی و دیكتاتۆرى..نا بۆ پاوانكردنى دەسەڵات و دزینى سەروەت و سامانى ئەو گەڵە. ئەمێستاكە هەولێر داواى لێبوردنت لێدەكات لەوەى بكوژان و تاوانبارانى تۆ لەو شارە باڵا دەستن و بە ئوتومبێلە جام رەشەكانیانەوە جەبانانە بە بەردەم دەرگاى ماڵەكەت دێن و دەچن.. شارى هەولێر بەگەورەیی خۆى بە 5 هەزارەى مێژووەكەى بۆ یەكەمجار داواى لێبوردن لەرۆلەیەكى خۆى دەكات و سەری رێز نەوازش بۆ سەردەشتەكەى دادەنوێنێت.
بیرمە ئەوكاتەى لە مەخموورى مەغدوورەوە رووم لە شارەكەى پیرە هەولێر كردوو بە دەنگێكى بەرز دەمووت: (هەموومان سەردەشتین.. هەموومان ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستین). ئەمڕۆكەش بۆ جارێكى دیكە و بۆ دەیان جارى تریش هەر دەڵێن هەموومان سەردەشتین.. ئەوەى تۆیان لە خاچ دا.. ئەوەى كوڕە خوێن شیرین و دەم بەخەندەكەى حەى عومال و كۆلیژى ئادابی هەولێریان خنكاند.. ئەگەرچى ئەمڕۆكە رێگە بە پەیكەرێكى تۆ نادەن و تەنانەت لە پەیكەرەكەشت دەترسن، دڵنیاین رۆژێك دێت جگە لە ریسوایی بۆ بكوژانت شتێكى دیكە بە فریایان ناكەوێت و جگە لەسەرشۆرى لە لاپەرەى مێژووى رەشیان شتێكى دیكەیان بۆ نانوسرێت.
دیارە زۆرن ئەوانەى بە درێژایی مێژوو هەوڵیان داوە بۆ بەرز راگرتنى ئەو شارەو جوانتركردنى هەولێرى پایتەخت، بەڵێ زۆرن ئەوانەى گیان و ماڵی خۆیان لە پێناو پیرۆزى هەولێر بەخت كردووە، بەڵام تۆ ئەى سەردەشتەكەم لە ریزى پێشەوەى هەموو ئەوانەى كە لەم شارەدا قوربانیان داوە و گیانى خۆیان لە پێناو ئازادى و خۆشگوزەرانى پێشكەش كردووە. تۆ ئەى سەردەشتەكەم باڵات بە قەد باڵاى منارەكەى چۆلییە و مێژووى جوامێرى و هەقبێژى تۆ لەتەك مێژووى پڕ سەروەرى هەولێر دەنووسرێت.
باسكردنى ئازایەتى و بوێرى تۆ بە دێرێك و دووان و سەدان دێریش تەواو نابن، بەڵام ئەوەتا ئازایەتى و مەردایەتى تۆ منێكى لەدەڤەرێكى فەرامۆشكراوى كوردستان هێناوەتە گۆ، خۆزگەم دەخواست تۆ ئەى (سەردەشت) خەڵكى مەخموور بویتایە تاوەكو پەیكەرێكم لە بەردە پیرۆزەكانى چیاى قەرەچوغى سەركەشدا دروست بكردایە دواتریش لەبەردەم گومبەتەكەى برایماغا دامنابوایە. ئینجا حەیرانێكم بەناوى تۆوە بهۆنیبوایە دواتریش هەڵمبدایە لەزوورگەزراوى خۆمان، لەكەندى كەندێناوێ لە گاوەرە و كەندارى، ناوەڵا لە تەلەرخێم و مەلاقەرەى تادەگاتە قەراجى دڵ بریندار و قەرەچووغى بلباسان لەوێشەوە بەرەو پیرە قەراتى هەولێرى تا دەگاتە سەفینە شێتى خۆشناوان..ئینجا بەناوە پیرۆزەكەى تۆ سەرووبەندى حەیرانەكەم تا دەگاتە دوابەند بە سەردەشتەوە برازاندایە.
لەكۆتاییدا ئاواتەخوازم لەدواى تیرۆركردنى هەناسەكانى سەردەشت، هەرچى رۆحى پیس و ناشیرینى ناپاكان و بكوژانى ئەوبوایە بهاتبوایە دەرو بە درێژایی شەقامە شەست مەترییەكەى هەولێر خەڵك بوەستانایەو بە دەنگێكى بەرز نەفرتیان لەو رۆحە ناپاكانە بكردایە. من دڵنیام هەموو شار و شارۆچكەیەكى ئەم سەر گۆى زەمینە ئەگەر ئازایەتى و بوێرى سەردەشتیان پێ بگەیشتایە ئەوا خۆزگەیان دەخواست كە تۆ خەڵكى شارەكەى ئەوان بویتایە، بەڵام ئەمڕۆكە شارەكەى تۆ هەولێر لەنێوان (شانازى و لێبوردن)ەوە چاوەرێی نەوەكانى دواى تۆ دەكات كە بۆ هەتا هەتایی روورەشی بكوژانى تۆ بخاتە نێو زبڵدانى مێژووەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









