<

پێكەوە بەرەو خەباتێكى ڕاستەقینەى پیشەییانە بۆ خزمەتى ئەندازیاران

27/04/2010, 12:00 (GMT+1)
كۆمیتەى باڵا لەیادى 18 ساڵەى دامەزراندنى یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان لە بەروارى 27/4/1992دا .. وەك یەكەم ڕێكخراوى پیشەیى ئەندازیارى سەربەخۆ لەسایەى ڕاپەڕین و ئازادى و دیموكراسى و دەسەڵاتى خۆماڵیدا..پیرۆزباییەكى گەرم ئاڕاستەى سەرجەم ئەندازیارانى كوردستان دەكەین و خوازیارین ساڵى ئایندە هەنگاوى گەورەتر و كاریگەرتر هەڵبنێین بەرەو خزمەتى زیاترى ئەندازیاران و ئاوەدانكردنەوەى زیاترى كوردستانیش.
لەهەمان كاتیشدا سەرى ڕٍێز و نەوازیش دادەنەوێنین بۆ گیانى پاكى ئەندازیارانى شەهید كە خوێنى خۆیان كردە مەشخەڵ بۆ ڕووناككردنەوە و ئاوەدانى و سەربەخۆیى كوردستان.و بە دڵنیاییەوە ڕۆژگارى ئەمڕۆمان بەرى ڕەنجى خەبات و خوێن و قوربانى ئەوانە.
ئەندازیارانى بەڕێز
ئەم یاد و بۆنە پیرۆزە هانمان دەدات كە هەوڵ و هیمەت و خەباتى زیاتر بكەین و هەموو تواناكانى ئەندازیاران یەك بخەین و بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو بنێین كە ڕیزەكانى ئەندازیاران یەك بخەین بۆ ئەوەى بتوانین لەگەڵ ئاڵوگۆڕە سیاسى و زانستى و ئابوریەكانى سەردەمدا ئەندازیارانیش هەنگاوى گەورە و چەسپاوتر و كاریگەرتر هەڵبنێین و بتوانین بەڕۆڵ و كاریگەرى خۆمان هەڵبستین و بەشداریەكى كارامان هەبێت لەسەر گۆڕەپانى سیاسى و زانستى و ئابورى و ئاوەدانكردنەوەى كوردستان و خەمى گەورەمان خزمەتكردنى زیاترى ئەندازیاران بێت و پێداگرى زیاتر بكەین لەسەر ماف و داخوازیە پیشەییە ڕەواكانى ئەندازیاران. ئەم كارەش تەنها بەوە دەبێت كە ئەندازیاران ڕیزەكانى خۆیان یەك بخەن لەچوارچێوەى یەك ڕێكخراوى سەرتاسەرى تۆكمەى ئەندازیاریدا.
بەهەمان شێوەش ئەركمانە لە پاڵ خەباتە پیشەییەكەى خۆماندا كار بكەین لە پێناو وەدیهێنان و جێبەجێكردنى ئەركە نیشتیمانیەكانیشماندا بەوەى هاوكار و ڕاوێژكار و پشتیوانى لە حكومەت و دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان بكەین لەسەر گۆڕەپانى سیاسى عێراقیدا وتێبكۆشین بۆ وەدیهێنانى مافە نەتەوایەتى نیشتیمانیەكانمان.
لەكۆتاییدا جارێكى تریش پیرۆزبایى گەرممان ئاڕاستەى سەرجەم ئەندازیاران دەكەین و خوازیارین خەون و ئاواتەكانمان لە یەك ڕیزى و خزمەتكردنى ئەندازیاران و ئاوەدانكردنەوەى كوردستاندا بێتەى دى لەساڵى نوێدا..
كۆمیتەى باڵاى
یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان
سلێمانى
27 /4/2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست