<

پلنۆمى دووهەمى كومیتەى ناوەندى هەڵبژێردراوى كۆنگرەى چوارەمى سازمانى خەبات بەرێوە چوو

11/01/2011, 12:00 (GMT+1)
هاونیشتمانانى تێكۆشەر!
ئەندامانى و لایەنگرانى سازمانى خەبات ى كوردستانى ئێران!

بەئاگاداریتان دەگەیێنین، پلنۆمى دووهەمى كۆمیتەى ناوەندى هەڵبژێردراوى كونگرەى چوارەمى سازمانى خەبات ى كوردستانى ئێران بە ئامادە بوونى زۆربەى ئەندامانى كۆمیتەى ناوەندى لە كوردستان و ئەندامانى كومیتەى ناوەندى لە ئوروپا لە رێگەى تەلەفوون وئێنتەرنێت و هەروەها بەشدارى چەندین كادرى لە مێژینەى سازمان، بەیانى رۆژى هەینى 17 بەفرانبار 7/1/2011 دەستى پێ كرد و سەعات 10 ى شەوى شەممە 18ى بەفرانبارى 1389ى كۆچى خۆرى، 8ى جانیوەرى 2011 كۆتایى بەكارەكانى هێنا.
سەرەتاى كارى پلنۆم بە فاتیحەیێك و دەقیقەییك وێستان بۆ رۆحى شەهیدانى سازمانى خەبات ى كوردستانى ئێران و رۆحى پاكى رێبەرى نەتەوەیى و دامەزرێنەرى سازمانى خەبات مامۆستا سەید جەلال حسینى و تێكراى شەهیدانى رێگەى ئازادى دەستى پێ كرد.
رێزبەندى كارەكانى پلنۆم دیارى كران و لەسەرەتادا كاك بەختیار عزیزى وەك جێگرى كۆمیتەى ناوەندى دیارى كرا لە درێژەدا راپۆرتى كومیتەى ناوەندى لە سەر رووداوە سیاسیەكانى جیهان و ناوچەكە و ئێران و كوردستان لە لایەن بەرێز كاك بابەشێخ حسەینى سكرتێرى گشتى سازمان پێش كەش كرا.
لە راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى باسى هەل ومەرجە سیاسیەكانى جیهان وەك كێشەى ترۆریزم، ئابوورى، بوونى هێزى سەربازى ووڵاتانى رۆژئاوا لە ناوچەكەداو و ناكۆكى لە نێوان ئووروپا و توركیە لە پێوەند بە داواى توركیە بۆ ئەندام بوونى لە یەكیەتى ئووروپا كە هۆێك لە وەرنەگیرانى بە ئەندامەتى و پێ شێل كرانى مافى مرۆڤـ لەو ووڵاتەیە و لەبەرچاونەگرتنى مافى گەلى كورد لە كوردستانى توركیەیە. هەروەها كێشەى فەلستین و ئیسرائیل و لە هەمانكاتدا، كێشە لە نێوان ئیسرائیل و توركیە بە وردى خرانە بەر باس.
لە راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى ئیشارە بە پێداگرییەكانى ئیسرائیل لە دروست كردنى شارە جولەكەنشینەكان و ئامادە نەبوونى ئەو ووڵاتە بۆ سەلماندنى مافى خەڵكى فەلستین كرا. راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى پێ داگرى ئیسرائیلى لە سەر دروست كردنى شارە جولەكەنشینەكان بە كارێك لە دژى هەوڵە ئاشتیەكان زانى. لە بەرهەستیارى و مەترسیدارى كێشەى فەلستین و كاریگەرى ئەو كێشەیە لەسەر هەل ومەرجى سیاسى ناوچەكەو جیهان و هەروەها ئەوەى كە بەشێكى زۆر لە ترۆریستان پێ شێل كارییەكانى ئیسرائیلیان كردۆتە بیانوو بۆ درێژەدان بەكردەوەكانیان، بەو پێیە بەردەوام بوونى سیاسەتى ئێستاى ئیسرائیل بە زیان بۆ تێكراى ناوچەكە و بەخۆراكى تبلیغى و هۆێك بۆ هاندانى رێكخراوە ترۆیستیەكان دەزاندرێ و هەروەها رژیمى ئاخوندى دەسەڵاتدارى ئێران كەڵكى لێ دەبینێ.
لە پێوەند بە وەزعى ئێران و روداوەكانى یەك ساڵى رابردوو، راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى بە وردى ئاماژەى بە سەركوتى بێ سنور و بەربڵاوى هێزە سەركوتگەرەكانى رژیمى ئاخوندى دا و سەركووتى ئازادیخواز و چین وتوێژەكان بە بەرنامەى سیستماتیكى رژیمى ئاخوندى زانیوە. هەروەها ئیعدامى بەربڵاوى تێكۆشەرانى كورد لە لایەن دەسەڵاتى ئاخوندیەوە وەك خاڵى رەش و بەڵگەى حاشاهەڵنەگر لەسەر جینایەتكارى و دڕندەیى ئاخوندان لە راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى هاتبووە بەرباس. بێكارى لە كوردستان و ئێران و هەل ومەرجى نالەبارى ژیان و مەبەستدار كردنى یارانەكان و لابردنى یارانە لە لایەن حكومەتى ئەحمەدى نژاد، لە راپۆرتى كومیتەى ناوەندى سازماندا بە كێشەییكى گەوەرە زاندرا، بە تایبەت لابردنى یارانەكان لەسەر كەل وپەلە پێویستەكان و خواردمەنى، گران بوونى سووتەمەنى وەك بەنزین و گازاوئیل، كە بوونە هۆى داخرانى چەندین كارخانە و كارگەى گەورە و بچوك، ئابوورى خراپى ئێرانى بەرەو دارمانى زیاتر بردوە.
لە پێوەند بە كوردستانى ئێران، راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى نارەزایەتى بەربڵاوى خەڵك لە كوردستانى ئێران بە دڵخۆشكەر وگرینگ و بە نیشانەى ووشیارى و لەسەر هەستى جەماوەرى كوردستان و بە خەمەوەبوونیان بەچارەنووسى نیشتمان و داهاتوویانى زانیوە. نارەزایەتیەكان لە بەرانبەر ئێعدامى فەرزاد كەمانگەر و شیرین عەلەم هولى و تێكرایى زیندانە سیاسیەكان لە شارە جیاجیاكانى كوردستان، نارەزایەتى خەڵكى شارى سنە بە دژایەتى ئیعدامى حەبیبولڵا لەتیفى، بە نمونەى ووشیارى و لە سەرهەستى هاونیشتمانان و دانیشتوانى كوردستان زاندراوە.
راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى وەزعى ئافرەتانى كوردستان و ئەو چەوسانەوەو فشارانەى لەلایەن دەسەڵات و لە لایەن پیاوانەوە دەكرێتە سەر ئافرتان بە مەترسیدار زانیوە. بۆ چارەسەرى هەل ومەرجى نالەبارى ئافرەتان راپۆرتى كومیتەى ناوەندى داواى لە ئافرەتان كرد بەشدارى زیاتر بكەن لە خەبات بۆ هاتنەدى مافەكانیان و كۆتایى هێنان بە ستەم و نابەرانبەرییەكان. لە پێوەند بە لاوان لە راپۆرتى پلنۆم دا باس لە ئازار و مەینەتیەكان و فشارەكان بۆ سەر لاوان و ئەوگشتە سەركووتەى ئاخوندان لە سەر لاوان بەرێوەى دەبەن، كراوە. ئێعدامى ژمارەیێكى بەرچاو لە لاوان و چاوەرێ كردنى دەیان لاوى دیكە بۆ بەرێوەچوونى حوكمى ئێعدام و شكنجە و ئازارى بەرینى دیكە و بێكارى و خراپى ژیانى لاوان بە وردى هاتبووە بەرباس و راپۆرتى كومیتەى ناوەندى داواى لە لاوانى نیشتمان پەروەر كردوە كە بە فیداكارى رووبەرووى سیاسەتە قێزەونەكانى رژیمى ئاخوندى لە كوردستان بنەوە و هەوڵ بدەن بەسەر تەنگ و چەڵەمەكاندا زاڵ بن.
لە بەشێكى دیكەى راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى باس لە كاروبار و هەڵسووڕانى سازمان بەگشتى و تێكراى ئۆرگانە جیاجیاكانى كرا. راپۆرتى كومیتەى ناوەندى چالاكى و هەروەها كەم وكوڕییەكانى ئورگانە جیاجیاكانى سازمانى بەروردى خستە بەرباس و رەخنەى لەكەم كارى و نەبوونى چالاكى پێویستى ئۆرگانەكان بەپێى راسپاردەكانى كۆنگرەى چوارەمى سازمان گرت. لە راپۆرتى كومیتەى ناوەندى داوا كراوە كە پلنۆم بریارى جیددى و كاریگەرتر بدا بۆ چالاك تر بوونى ئورگانەكانى سازمان بە تێكرا و كومیتەى ئافرەتان و كومیتەى ئورپاى سازمان بە تایبەت.
بەشى یەكەمى كارەكانى پلنۆم بە پێش كەش كردنى راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى و هەروەها تێ بینى ئەندامان لەسەر راپۆرتەكە و چەندین پێشنهاد و خاڵى گرینگ و راست كردنەوەى چەندین هەڵە لە راپۆرتى كۆمیتەى ناوەندى درێژەى كێشا، هەر لە یەكەم بەشى كارەكانى پلنۆمدا ئامادەبووان پێشنهاد و رەخنەى بەكەڵكیان بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنى پلنۆم و بە تایبەت زیاتر گەشەكردنى سازمان خستنە بەردەست. پلنۆم سەبارەت بە باس و لێكدانەوە و لەسەر پێشنهادە بەكەڵكەكان كە جێ پەسەندى پلنۆم بوون، بریارى دا لە داهاتوو دا سازمانى خەبات ئەو پێشنهادە باشانە جێ بەجێ بكا و كاریان پێ بكا.
لە بەشى دووهەمى كارى پلنۆم كە پاش نیوەرۆى یەكەم رۆژى كارەكانى پلنۆم درێژەى كێشا، باس لە چەندین بابەتى دیكە، وەك جیاوازى لە بیروبۆچون و راى جیاواز لە سازمان و هەرەوها سنوورى ئورگانەكان و كار و هەڵسووڕانیان لە چوارچێوەى سازمان كرا. ئەو باسە و چەندین بابەتى دیكە درێژەیان كێشاو لە ئاكامدا لە كۆبوونەوەى شەوى هەینى بە گۆرینەوەى چروپڕى بیرورا لەگەڵ ئەندامانى كۆمیتەى ناوەندى لە ئوورپا، ئەو بنەما گرینگە پێى لەسەر داگیرایەوە كە لە چوارچێوەى سازمانى خەبات و پرۆگرامى سازمان دا، هەر كەس چەندە دەتوانى خزمەت بە سازمان بكا و چالاكى هەبێ هیچ ئۆرگانێك و ناوندێك بۆى نیە لەمپەر بخاتە سەر رێگەى، هەروەها هەر ئەندام و دڵسۆزێكى سازمان بە بێ هیچ بەربەستێك لە هەر كوبوونەوەیێك دەتوانێ پیشنهاد و رەخنە بگرێ لە بەرزترین ئۆرگانى سازمان بە مەبەستى باشتركردنى ئەركەكانى سازمان و بەرەو پێش چوونى. هەر بۆیە بە پێى بڕیارى پلنۆم، بۆچوونى جیاواز لە سازمانى خەبات دا گرینگە بەڵام بیروراى جیاواز لە سازمانى خەباتدا، تەنیا لە كونگرە و كونفرانسى گشتى دا خۆ دەنوێنێ و هەروەها پلنۆم جارێكى دیكە، ناوچەگەرایى و دەستە و دەستەبەندى و پشت كردن لە پەیرەو پرۆگرامى پەسەندكراوى كونگرەى چوارەمى لە لایەن هەر ئەندامێكى سازمانى بە خەتى سوور زانى. جارێكى دیكە پێ لەسەر ئەوە داگێرایەوە كە ریزەكانى سازمان دەبێ وەك هەمیشە یەك دەست و یەك دەنگ و یەك بریار بێ و سازمانى خەبات دوور بێ لە دەستەبەندى. سەركەوتن و بەروپێش چوونى سازمانى خەبات بە رێزگرتن لە نەزەر و رەخنە و پێشنهاد و هەروەها بە پێ بەندبوون بە یەك رێزى و یەك هەڵوێستى درێژەى دەبێ.
لەبەشى سێهەمى كارەكانى پلنۆم باسى ئەرك و كارەكانى داهاتووى ئورگانە جیاجیاكانى سازمان كرا.
لە سەرەتا چەند پۆستى سازمان و ئۆرگانەكانى سەركردایەتى سەر لە نوێ پێداچوونەوەى پێدا كرا، لەو چوارچێوەدا بەرپرسى كومیسونى مالى ـ كۆمەلایەتى نوێ دیارى كرا، هەروەها بۆ دەبیرخانەى ناوەندى سازمان بەرپرسێكى دیكە دەست نیشان كرا. لە پێوەند بە ئۆرگانى كۆمیتەى ئافرەتان، پلنۆم داواى لە كۆمیتەى ئافرەتانى سازمان كرد هەوڵى جیددى بدەن بۆ گەشەپێدانى كۆمیتەى ئافرەتان و چالاك كردنى بەشێوەى بەرچاو. لەو پێوەندەدا سازمانى خەبات هەر جۆرە ئیمكاناتێكیان بۆ دەستە بەر دەكا.
لە پێوەند بە كۆمیتەى ئووروپا پلنۆم سپاسى ماندووبوون و چالاكى ئەندامانى سازمان لە ئووروپاى كرد و داواى كرد كە لە داهاتوو كۆمیتەى ئووروپا بە شێوەى چالاك تر بێتە مەیدان و كارێك بكەن تێكراى كومیتەكان لە ووڵاتانى ئووروپا هەڵسووڕانیان زیاتر بێ.
هەروەها پلنۆم بریارى دا هەوڵ بدرێ بۆ دامەزراندنى ناوەندێك بۆ لاوان لە ریزەكانى سازماندا تا لاوان بتوانن لە چوارچێوەى ئۆرگانێكى تایبەت بەخۆیان ئەركە نیشتمانیەكان بەرەو پێش بەرن.
لە بەشى كۆتایى كارەكانى پلنۆم، لە سەر سیاسەتە گشتیەكانى سازمان قسەو باس كراو لە ئاكامدا پلنۆم بریارى دا لە پێوەندى و هاوكارى لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیە ئێرانیە شۆرشگێرەكان و هێزولایەنەكانى كوردستان دۆستایەتى و هاوكارى كە لەكونگرە چوارم پەسەند كرابوو درێژەى پێ بدرى، هەروەها لەسەر هاوكارى و هاوپەیمانى لەگەڵ سازمانى موجاهدینى خەڵقى ئێران پێ داگیرایەوە و ئەو هاوپەیمانى و دۆستایەتیە بە قازانجى جولانەوەى ئازادیخوازى لە بەرانبەر رژیمى ئاخوندى و گەڵى كورد لە كوردستانى ئێران زاندرا.
پلنۆم داواى لە هێزو لایەنەكانى كوردستانى ئێران كرد ئەگەر لە ئێستادا ناكرێ بەرەى كوردستانى یا پلاتفورمێك بۆ یەك خستنى لایەنەكان پێك بێ لانى كەم لە سەر چەند خاڵى هاوبەش، وەك حەرام كردنى شەرى براكوژى، پێ بەندبوون بە دیموكراسى و هەڵبژاردنى ئازاد، و ئازادى چالاكى سیاسى و لەبەرچاو گرتنى ماف و عەداڵەتى كۆمەڵایەتى و سیاسى رێكەوتن لە نێوان لایەنەكان پێك بێ و هیچ نەبێ لە كاتى سەرهەڵدانى هەر ئالۆگۆرێك لە ئێراندا، هێزە كوردستانیەكان لە جیات رووبەروو بوونەوە لەگەڵ یەكتر بە ئەركى سیاسى و نیشتمانیان كە پێویست و حەیاتیە خەریك بن.
پلنۆم پێ داگرى لەسەر ئەوە كردوە كە سازمانى خەبات وەك هەمیشە رێزى بۆ تێكراى هێزو لایەنە سیاسیەكانى كوردستانى لە پارچەكانى دیكەى كوردستان هەیە و خەبات و كۆڵنەدانیان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەكان بەگرینگ دەزانێ.
پلنۆم بریارى دایەوە سازمانى خەبات یاساكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەبەر چاوبگرێ. پلنومى كومیتەى ناوەندى سازمانى خەبات، داواى لە كەس و كارى شەهیدان سازمان كرد وەك هەمیشە پشتگیرى سازمان خۆشەویستەكەیان بكەن، هەروەها داواى لە ئەندامانى و لایەنگرانى سازمان لە ناوخۆى كوردستان كرد چالاكتر لە رابردووو لە مەیدانى تێكۆشاندابن.
هەروەها داواى لە مامۆستایانى ئاینى و موعەلیم و ئوستادانى دانشگا و خوێندكارانى تێكۆشەر كرد لە پەرە پێ دانى گیانى شۆرشگێرى و نیشتمان پەروەرى و دڵسۆزى بۆ نیشتمان و گەڵ تواناكانیان بخەنە گەڕ و هەوڵەكانیان زیاتر بكەن.
پلنۆمى كۆمیتەى ناوەندى پشتیوانى خوى بۆ پالێوراى محەممەد سدیقى كەبوودوەند بۆ وەرگرتنى خەڵاتى ئاشتى نوبیل دەربرى و داواى كرد بە لەبەر چاوگرتنى مەینەتى گەلى كورد و هەروەها ئەو گشتە هەول و ماندوبوونانەى بەرێز كەبودوەند بوویەتى، خەڵاتى ئاشتى نۆبیل مافى كەبوودوەند و گەلى كوردە هەر بۆیە پێویستە ببەخشرێ بە بەرێز محەممەد سدیقى كەبوودوەند.
پلنۆمى كۆمیتەى ناوەندى بەخۆشیەوە ساعەت 10ى شەوى شەممە 18 ى بەفرانبارى 1379 كۆتایى بە كارەكانى هێناو ئەندامانى پلنۆم و هەروەها كادرە پێشڕەوكانى میوانى پلنۆم بە یەك دەنگ و یەك بڕیار، دووپاتیان كردەوە لەسەر خستنى بڕیارەكانى سازمان و بەرەو پێش بردنى ئەركەكانى سەرشانیان هەوڵى جیدى دەدەن و بەردەوام دەبن لە شۆرشى رەواى ئازادیخوازى و خەبات دژ رژیمى ملهۆڕى ئاخوندى.
بروخێ رژیمى ملهۆرى ویلایەتى فقیە
سەركەوێ خەباتى رزگاریخوازى و ئازادیخوازى گەڵى كورد
كۆمیتەى ناوەندى سازمانى خەبات ى كوردستانى ئێران
یەك شەممە 19ى بەفرانبارى 1389 كۆچى خۆرى بەرانبەر 9ى جانیوەرى 2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست