<

هەولێر و قەڵام واناسیوە

30/04/2012, 12:00 (GMT+1)

 

 
ئەم ووتاره‌ لەساڵى 2008 لە روانگەیەكى دڵسۆزانەى تەنزامێزى رەخنامێزەوە نوسراوە، رەنگە ووتاری تریشى بەدوا دابێت كەهەر بەم ستایلە باس لە هەولێر بكات.. بەو هیوایەى عەقڵە بەڵغ گرتوەكان كەمێكیش بێ خۆ بتەكێنن!
لە منداڵیڕا قەڵامان ئەوەندە لەلا گرنگ و گەورە كراوە و ئەوەندە لەناو باسوخواسان ناویان بە چەندین تەرز و لە چەندین بابەت و روداو و سەربردەى جوێ جوێ بەرگوێ داوین تەنانەت رۆژ نەبوە ناوى قەڵامان نەبیستبێ، بۆیە كە دەچومە قەڵا هەستم دەكرد كە ئەوێ كۆتایى دنیایەو تازە تەواو منیش ساى تەمەن پێگەیشتوەكان پێگەیشتوم و موهیم بویمە چونكە توانیومە ئەو گەشتە پڕ ئیعتیزازە ئەنجام دەم و ئەو رێگە هات و نەهاتەى نێوان ناوقەسران و قەڵاتێ ببڕم، ئەو رۆژى بە رێچكە خۆڵییەكەشیدا بەسەریدا هەڵدەگەڕام كە سەرەتاكەى لەوبەرى خەستەخانەى شەعبى (سولتان موزەفەرى میللى) دەستى پێدەكرد و دەگەیشتەوە كۆتایی رێگە قیڕییەكەى قەڵات تا بزانم ئەو عاجباتیە چ دنیایەكى كەس نەدیدەى بە كۆڵى داداوە، رەنگە گەلێ جاران بۆ ئەوەى بەسەر قەڵادا هەڵگەڕێم خۆم بە سندبادێكى سەر روتى بێ كەشیلە هاتبێتە بەرچاو، جا كە دەگەیشتمە سەرى روو بەرەو شار رادەوەستام و پێیەكم دەخستە سەر لێوارى پەرژینە بەردینیەكەى یا بۆ دەمێك لەسەر هەڵدەنیشتم و ئاوڕم لەوسەرى تا ئەو سەرى دەدایەوە و لەو بەرزیەوە كە بەرزترین بەرزى من لەو هەولێرە گەیشتبمێ و وامدەزانى لە لوتكە ئێڤرێستم! لە هەولێرێ رادەمام و هەستم دەكرد تەواوى هەولێر هاتۆتە دیدەنیم و چومەتە دیدەنى تەواوى هەولێرێ. چ هەولێرێَك .. هەولێرێكى خۆڵرەنگى بێ كەسكایى و بێ روبار و بێ دەریاچە! هەولێرێك كە دەتگوت دوو سێ هەزار ساڵە بەڕۆژووە و ئەوەندە خەفەتخانى دەستى مێژووە لە داخان بڕكى لێ هەڵدەستێ و هەناسە تەنگ بوە ، دەتگوت ئەوەند رقى لە كەسانێك هەڵگرتوە تا لە توڕەییان رەق و هیشك بۆتەوەو تەڕاتى تێدا نەماوە..ئەوجا بەو هەموو ئیحساساتە و لەژێر ئەو هەموو كاریگەرە پڕ مەتەڵانەى كە هیچیان لێ تێنەدەگەیشتم روم وەردەگێراو ملى ئەو جادەیەم دەگرت تا بەرەو بازاڕى شۆڕ ببمەوە. ئەو جادەیەى كە وەك لاتیغى شمشێرێكى زەبەلاحى ئەفسانەیى قەڵاتى كردبوە دوو بەش، كە نەدەبوو بە لاى راست یا چەپدا رێ بگۆڕم چونكە لەناو كەلاوە وێران و كوچەو كۆڵان و دەربونە تەنگ و تریسكەكانیدا وێڵ دەبوم، ئەو كەلاوانەى ئەگەر بەشەو بیانبینى دەڵێى حەتمەن ماڵ و مۆڵگەى جن و جڕو جانەوەرى ترسناكن و لە كەلێن و حەشارگەكانیان دێنە دەرەوە و بە دنیادا پەرت و بڵاو دەبن و سام و ترس پەخش دەكەن و لە سەرە كۆڵان و سەرە رێگاكان خۆ مەڵاس دەدەن دەیانەوێ روح لە كونى كەپوى منداڵان دەرێنن، كەچى هەندێ لە رۆشنبیر و خەڵكانى ئەم شارە پێیان وایە ئەم كەلاوانە نمونەن بۆ هونەرى بیناسازى و شارستانی كوردان!
كە هەراش بوم و گەیشتمە هەرزەكارى گەلێك جاران گوێم لە باسى نرخ و بەها و گرنگى قەڵا دەبوو كە مەعلەمێكى حەزارییە و ئاسەوارێكى كۆنینە و عەجایبێكى دنیایە و پێنج هەزار ساڵە ژیانى لێ نەبڕاوەتەوە و هەمیشە ئاوەدانى بەدوى ئاوەدانى هێناوە. پاشان لە ساڵانى دواى راپەڕین گوتیان قەڵات كونى لێ بەدیار كەوتوە و فڵان مەسول پێشمەرگەى ناودار چەند نەفەرێكى ناردوە تا گەنجینەى بە نرخى لێدەربێنن بەڵام ئوكسجینیان لێبڕاوە بۆیە بەدەستى بەتاڵ گەڕاونەتەوە، بەرگوێشمان دەكەوت كە چەند شتێكیان لێدەرهێناوە و فرۆشتویانەتە ئاساردزان و ئاساركڕان و بۆ دەرەوەى وڵات چوە. . دواتر لە كتێب و مەقالان خوێندمەوە كە قەڵات حەفت هەشت تەبەقەى ژیارى هەیە رێك وەك تەبەقەكانى ناو مەولودێ كە دەیگوت دنیا لەسەر پشتى گایە، گا لەسەر پشتى ماسییە، ماسى لەسەر هەوایە.. لەبن هەواش كەس نازانێ چ هەرایە.
ئەوجا قەڵات هەرچى و چۆنێك بى و كەى دروست بوبێ یا دروستكرابێ ئاوا خۆى بە من ناسیوە كە وایكردوە شارى هەولێر بە بازنەیى هەڵكەوێ و هەر لە جادەكەى دەورى بگرە تا سی مەتر و شەست مەترى و سەد مەترى و سەد و بیست مەترى و نازانم چەندین مەتری دیكەش هەمویان بە خڕى هەڵكەون. كە وەك تۆقێك دێنە بەرچاو كە خنخنۆكى ئەو شارەیان گرتبێ و رۆژ بە رۆژ پتر بیخنكێنن! پێم وایە قەڵاتیش هەست بەو تەوقانە دەكات و دەزانێ ئیتر لە سجنێكى هەمیشەیی ناو تەوقەكانى هەولێر ئاخنراوە! ئەگەر نا بۆچى گەلێ جاران ئەوەندە هەستى بە بێهودەیى و بێكەلكى و زیانبەخشیەكانى خۆى بەرامبەر بەم شارە كردوە نەیتوانیوە كۆچ بكات و بڕوات و جێمان بهێلێ.. قەڵات لە داخى هەولێر و هەولێریش لە داخى قەڵات هەردوكیان خەفەتـخانن و لە ململانێیەكى سەختدان لەگەڵ یەكدى.
شار لە قەڵا بێزارە و پێیوایە لە هاوینان بوەتە گەورەترین هیتەر چونكە تا دورى دوو مەترى دەورى گەرمى پەخش دەكات لە زستانانیش قوڕاوى داڕمانى خۆى بەسەردا هەڵدەڕژێ لە دوادواكانى بەهاریشدا بێسەبرترین و دڵتەنگترین دیمەنى زەردامێزى زەرد هەڵگەڕانى گژوگیاكانى سەرسنگى بە جەرگەى شار نیشان دەدا و پاییزانیش لە جیاتى خەزانى گەڵا كە تەعبیرى لە خواحافیزى ژوان و عیشقى پێكگەیشتنى شینى ئاسمان و سەوزایى بەهار و باڵەفڕكەى كۆتر و جریوە جریوەى سپێدانى چۆلەكان، مشت مشت خوڵ لەو شارە دەگرێ و پێیدەڵێ هەى هەولێرى بێ بەهارى بێ عیشقى دڵمردى هەر ئەوەندەت پێ رەوا دەبینم لە گەردەلولى خۆڵ و تەپوتۆزەكانمدا بگەوزى و ئەو چاو كزۆڵانەت پڕ تەراخوما كەم كە نە جوانیان دیوە نە جوانیش دەبین. شار كە لە تەمەنى قەڵا دەڕوانێ هەست بەوە دەكا هەمیشە لەگەڵ پیرێكى بەساڵاچوى پەككەوتەى هەناو وێران و ناوچەوان گرنجاوى گڕنى گڕنى و روو لۆچاوى و لچ و لێو وشكەڵاتودا دەژێ. هەست دەكا باڵى پیری و دڵتەنگى و لە مێژودا بەجێماوى بەسەردا كێشاوە و وەك گەورەترین قونێر لە لەسەر سنگیدا چەقیوە. ئەو شارە كە لەشارانى تر دەڕوانێ دەزانێ كە قەڵاتەكانى ئەوان هێندە پڕ خۆڵ و بە تەپ و تۆز نین هێندە ئیقاع قوڕس و دژەناسكى نین قەڵاتەكانى ئەوان شورەى بەرز و كۆشكى هونەرى و باڵاو ناسك و دڵكەمەندكێش و بە هەیبەت و ئیبداعێكى جیهانییان تێدایە ئەوتانێ فەرەنسا تاوەرى ئیڤل و ئیتالیا بیزا و هیند تاج مەحەل و ئەستانبول مزگەوتى سولتان ئەحمەد و چین شورەى مەزن و میسر ئەهرامى هەیە كەچى من قەڵاتم هەیە، قەڵاتێك با بەناچارى خۆشم بوێ و وجودى لەگەڵ وجودم ئاوێتە بوبێ بەڵام قەڵاتى ئاوەها هەڵبەت گەلێ زۆرن لە دنیادا و قەتیش نەبونەتە مەعلەمى ژیارى، رەنگە یەكێك هەبێ بپرسێ پاریس لەبەر ئەوەى پێشكەوتوە بۆیە ئیڤلەكەشى بۆتە مەعلەمێكى عالەمى خۆ ئەگەر هەولێریش پێشكەوێت ئەوا قەڵاش سیفەتێكى مەعلەمى وەردەگرێ.
لێرەدا دەڵێم ئەگەر هەولێر ئاوەها پێشبكەوێت (كە قەت بەو عەقلیەتە ناكامەى ژیارنەدیدەى حوكمى دەكات پێشناكەوێت) دیسان بەقەڵا ناناسرێتەوە چونكە پێشكەوتویى شاران لەم سەردەمەدا دەبێ بیناسازى ئەوەندە عەجایب و مەزنى تێدا بێ كە ئەو دەم قەڵا هێندە رۆڵەى نامێنێ و بە بودەڵەیى دێتە بەرچاو
، خۆ ئەگەر ئەم قەڵاتە ببەیە ناو شارى شەنگەهاى پڕ لە باڵاخانەى هەوربڕ، ئایا شەنگەهاى بە قەڵا دەناسرێتەوە ئایا قەڵا چ كێش و قەبارەیەكى دەبێ لەناو ئەو هەموو بینا زل و زەبەللاحانە؟ با پێت بڵێم كە قەڵا لەبەرچى ئاوا موهیم و زل و مەزن بوە بە مەعلەم هاتۆتە بەرچاوى خەڵكى بێگومان چونكە هەولێر پاشكەوتوە و جگە لە قەڵا شتێكى دیكەى نەبوە و نیە خەڵكى پێ ئاشنا بكات، كەواتە ئەى قەڵا تۆ بویتە مایەى چەواشەكردنى تێڕوانینى خەڵكى كە واتتێدەگەن، هەرچەندە سوچ لە خۆیانە كە ئاوا چاوبەستەى دنیا نەدیدەیین. خۆ ئەگەر بە مەعلەمیشت دابنێم ئەى قەڵا ئەوا لە دوو پێناسان بەولاوە بە چیتر ناخوێندرێیەوە یەكەم یا ئەوەتە مەعلەمی مێژوێكى داڕوخاو و غەوارەو نامۆى چونكە مل بدەینە ئەو تیۆرەى كە دەڵێن لەسەر دەستى ئاشوران وەبنیاد هاتوى ئەوا مەعلەمێكى روخاوى چونكە نە ئیمپراتۆرى ئاشوران ماوە تا بەرگریان لێبكەیت و ببى بە مۆڵگەی سەربازەكانى و هەر لەو رۆژەى كە خۆریان ئاوابوە تۆش ئەستێرەت ئاوا بوە و لە تەواوى مانا و پێناسەكانت داشۆراوى رەنگە بەوە یەكێك لە ئاسەوارەكانیان بخوێندرێیەوە ساى ئەو ئاسەوارە پەرش و بڵاوانەى كە بەجێماون كەواتە مەعلەمێكى ئاسەواریى نەك ژیارى دەزانى بۆ نامۆ و غەوارەشى؟ چونكە تۆ لە ماكى كوردان نى و ئەگەر بە عەقڵ و مەچەك و بازوو و قورینگ و پێمەڕە و كەر و تێڕ و هێسترى كوردان هەڵنرابواى ئەوسا دەبویە سیمبولێكى دەستڕەنگینى و كارزانى و داهێنانى كوردان و نەخش و مۆركێكى كوردانەت وەردەگرت ئەوجا ئێمەش رەنگە رانك و چۆغەڵیكمان بۆ بەڕادان دابایە و دەبەرمان كردباى و كڵاو و جەمەدانیەكى هەولێریانەشمان بۆ بەستباى و پشدێنێكیشمان لە ناو قەدى گرێدا بواى، بەڵام دەبوایە وەك حوجى حەللاق و وەك گلیڤەرى عیملاق تەواوى خەیاتەكانى ئەو شارەت بۆ بانگڕاهێژ كەین و تەواوى كوتاڵى كوتاڵفرۆشانت بۆ كۆكەینەوە تا رانك و چۆغەڵەكەمان بۆ ساز دەكردى، سەبارەت بە پشدێنیش نازانم بە تەواوەتى چەند مەترى دەوێ بەڵام ئەگەر (دە) قەد بێ ئەوا دەبێ(3-4) هەزار مەترت لێ بئاڵێنن. من دڵنیام ئەو سەربازەى لە ساڵى نەود و یەكى دەرپەڕین كە گوللە دەبابەیەكى تێگرتوى تۆى ئاوەها بە كوردێكى عیملاقى زل و قەڵەوى ورگنى رانك و چۆغەڵ لەبەرداى هاتۆتە بەرچاو و شورە بابلیەكەى دەروازەى لاى دەڵاڵخانەشى بە سەر و كەللەكەى تێگەییوە وایزانیوە نیشانەى لە تەختى نێوچەوانى گرتوە و پێیوابوە عیملاقى كوردانى كوشتوە! هەندێ لە دڵسۆز و دیزاینەرى هەولێرێش لە داخى بەعس و هێرشەكەى دەیانویست شورە بابلیە كوژراوەكە بكەن بە وێنەى سەرپولى رەسمى دامودەزگاكانى هەرێم و سەدو پەنجا دینارى برێمەرى بۆ بنرخێنن. رەنگە ئیبن مستۆفیش زۆر داخى لە دڵ راچوبێ كە لە دوورەوە پیانگوتوە قەڵات كوژراوە بۆیە هەر بەهەڵەداوان هاتوە لەبەردەمى قەڵادا لێیدانیشتوە و كتێبە مێژوییەكەى ئاوەڵا كردوە و دەڵێ خەڵكیى هەوڵیرێ من هاتوم لێرە خۆم روو بەرەو دوژمن دانیشتوم تا ئەگەر ویستیان جاریكى دیكە قەڵا بكوژن من خۆم بدەمە بەرێ و گوللە بەر سینگى من بكەوێ نەك قەڵا و خەڵكى قەڵا! بەڵام ئەى خەڵكى هەولێر بزانن هەتا ماوم كتێبەكەم واڵایە و فێرتان دەكەم كە ئێوە شارێكى تەبیعات خاو و خلیچن و دەبێ بگۆڕێن ئەوكاتى گۆڕان كتێبەكەم دادەخەم!
بەڵام ئیبن مستۆفیش دوو گرفتى هاتۆتە پێشێ یەكەم وایان بە زەوى چەسپاندوە كە جارێكى تر ناتوانێ قیت بێتەوەو جگە لەمەش بە نەترێكى زبر روو پۆشیان كردوە كە وا دەكات نەتوانێ خۆى وەرگێڕێ جارێكى تر و قەڵا ببینێ.. ببینێ كە بۆ یەكەمجار دواى 4-5 هەزار ساڵ لە ئاوەدانى لەسەر دەستى حكومەتى هەولێرێ ئاوەدانى لێبڕاوە و سەر قەڵایان لە خەڵكى چۆل كردوە و هەموویان پەرگەندەى دارەتو كردوە و لەوێشەوە بەشاریدا پەرت بونە،ئەوجا كەیفى خۆیانە چى دەكەن و چۆن دەژین با بژین، مندڵانیان بۆ كام قوتابخانە دەگوازنەوە با بیگوازنەوە، شوێنى كاریان لە شارى دورە یا نزیكە گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە جارێكى تر خەڵكى پەڕیدە و پەڕپوت و بێدەرامەت قەڵا داگیر نەكەنەوە، ئاخر كەى قەڵا شوێنى لانەوازان بوە! قەڵا هەمیشە ئەفەندى و پیاوماقوڵ و شان و باڵ پڕ خەت و ئەستێرانى تێدا ژیاوە! ئاخر كەى شوێنى بەرز شوێنى هەژاران بوە ئەوەتانێ لە سەرجەم دنیدا هەژارەكان لە ژێر زەمین و كەلاوە نزمەكانى ئەرزیدا دەژین نەك لە كەلاوە بەرزەكان! ئەوەش گرنگ نیە كە چ مانایەك بە قەڵا و ناوەندى شار دەیانبەستێتەوە چونكە سەردەمى مۆراڵ بەسەرچووە و سەردەم سەردەمى پێشكەوتنە. گرنگ ئەوەیە پارچە زەوى و بڕێك پارەیان پێدراوە و با سەر لە نوێ ژیان دەستپێكەنەوە...
ئەى قەڵا وەكو گوتم تۆ غەوارەى و كوردان سەر و كەللە تۆیان لەلاڕا دیوەو وەك دێوەزمەیەك لێیان راساوى، لەوە دڵنیا نیم كە منداڵانم تا ئەو راددەیە لێت ترسابن مسیان لەسەر سەرى تاواندرابێتەوە بەڵام دڵنیام گەلێكیانت لە سەرەوەڕا غلۆر كردۆتەوە و سەر و سەكوتت شكاندون یا دەست و لاقیان لەجێ چووە یا دەرەزیان بردوە تا ئەو راددەیەى نەمردون بەڵام بە قوربانى مردنێ بونە گەلێ جارانیش كەرپوچ و كوچكەت هەڵدێراوە و لە پۆت و كەللەى پیادانت گیركردوە و لە خوێن شەڵاڵت كردون جا نازانم لە ئاشوران توڕەى كە بەو نەشمەیان بنیاتناوى و بە ئێمەى دەردەكەى یا لێت گۆڕاوە و وا دەزانى هێشتا مێژوو وەرنەچەرخاوە و دنیا دنیاى شەڕە و هەر لەسەر دەقى شەڕ و شەڕندەیى ماوى یانیش بەسەرمان دەقیڕێنى: من و ئێوە كوجا مەرحەبا، منێكى ئاشورى و غەوارە پێتان نارازیم و ئێوەم ناوێ، بۆ تەختم ناكەن و بەوانم ناگەیەننەوەو حەواڵەى مێژوم ناكەنەوە!
پیناسى دوەمت ئەوەیە كە لە تۆزو باى بەر با و رەشەبایان هێدى هێدى بە ماوەى چەندین هەزار ساڵ لەسەر یەك كەڵەكەبوبى و تۆپەڵ تۆپەڵیش لەگەڵ لافاوان قوڕ و لیتە خۆیان لێ هەڵسوبى و پێیان وابوبێ داڵدەیەكى ئارامیان دۆزیوەتەوە و ئیدى لە هەڵوەدایى و شەق و پێلاقەى رەشەبایان رزگاریان بوە، بەڵام باوەڕ ناكەم قەت بیریان لەو هەمو نەگبەتی و سەرئێشەیە كردبێتەوە كە بە درێژایی مێژوو هێناوەتیانە ئاراوە.
كەواتە تۆ مەعلەمێكى تۆز و تۆپەڵاوى و لە لیتەو تۆزوبایان بەوەلەد هاتوى، كە ئەوسا هیچ نرخێكى ژیارى و مێژوییت نابێ ئەوە ناڵێم كە نرخێكى جوگرافیاییت هەیە و رەنگە جوگرافیناسان بەساى تۆوە بزانن كە ئێرە دەشتێكى پڕ ئافەت و تۆزاوى بوە و تۆش پێناسى ئەو كەشوهەوایە بوى، ئەوەشت بیر نەچێ ئێستا جوگرافیناسان زانستێكى دیكەیان بە ناوە سیستەمى زانیارى جیهانى(Global Information System GPS) یان دۆزیوەتەوە و پێویستیان بە مەعلەمى جوگرافى نەماوە! پێم بڵێ ئەى قەڵاى پێناسە پیوار كوا ئیبداعاتى هونەرى و میعمارى و ئاسەواریانەى كەس نەكردەت! مەگەر بە چڕە كەلاوە یەك قاتى و و بنمێچ چاتیەكانت دەنازى؟ پاشان قەڵاتى لەخۆبایى ئەگەر منیش وەك شارانى دنیا پێشكەوتو بام و باڵاخانەى تا تاشقى ئاسمانیم هەبوایە و جادە و كۆڵان و پارك و كەسكایى جوانى ئەوان هەبوایە رێی تێدەچوو وەك ئاسەوارێك چێژم لێوەرگرتبایى خەڵك بۆ دیدەنیت سەردانێكیان كردباى. بەڵام تۆ یەكەم هەرخۆت لەوەتەى هەى مایەى پاشكەوتنى منى لەبەر ئەوەى لە دەشتێكى وشكى بێئاو سنگت داكوتا و قوڕت بەسەر من و ئەو هەموو نەیەش كردوە كە هاوشوێنت بونە لەبەر ئەوەى شار بەوە خۆشە لە نزیك روبار و زێ و سەرچاوەى ئاو بێ بەڵام من بەساى تۆوە بنەوبارگەم لە دەوربەرت لێخستوە خۆ ئەگەر ئەتۆش بەماناى شارستانى و لەسەر بنەماى ژیارى قیت بكرابایەوە جێت ئەو جێیە نەدەبوو ماڵى منیشت ئاوا وێران نەدەكرد، دیارە كە تۆش هەر بە بەدبەختى رەنێو دنیایێ هاتوى. دوەم تۆ ئەگەر مەعلەمێكى مێژوێكى داڕوخاو بى ئەوا بە بنەمایەكى میلیتارى رەنێوهاتى كە میلیتاریش نەك هەر لەگەڵ ئیستاتیكادا دژە بگرە دوژمنیشە..هەر بۆیەشە ئاوەها خەڵكەكەت لە گێژاوى شەڕانگێزى هەڵداوە و عەقل و دەرونێكى شەڕاویت پێداون. تا ئەو دواییەش منداڵانى سەر پشتى خۆتت فێر دەكرد شەڕە بەردەقانێ لەگەڵ منداڵانى من بكەن! سێیەم ئەگەر دەڵێى خەتا لە هاوشاریانى خۆتە كە نە پێشدەكەون و نە دڵخۆش دەبن و هەمیشە ماتەمین و بێ چەشەن و لە گەورەیان تا بچوكیان چونكە جادەكانتان بازنەییە رویشتنتان بە پیادە و بەسوارى دە (10) پلە بازنەییە و دە دەرەجەش بە خوارى بیر دەكەنەوە بۆیە ئاوا سەرسوڕاو و سەرلێشواو و پەشۆكاون ئەوا دەڵێم ئەویش هەربەختى.. خۆتى ئەسبابى ئەو هەموو خوارى و خیچییە چونكە بە خوار و خڕى هەڵكەتوى خۆ ئەگەر تۆ سێسەد و شەست دەرەجە خوار و خێچ نەبواى منیش ئاوا دە دەرەجە لار نەدەبومەوە نەدەبوم.. باشە پێم ناڵێى بۆ درێژ یا چوار گۆشە یا دە گۆشە یا هەر بێ گۆشە هەڵنەكەوتى، دەزانى خڕى یانى چى؟ یانى سنوردارى یانى ئینعیزالییەت! ئەى قەڵا بزانە كە سیستەمى نوێى دنیا لە سەر بنەماكانى كرانەوە بەروى دنیادا هاتۆتە پێشێ و بڕواى بە سنور و تخوبان نەماوە و تا پێیبكرێ تێك و پێكیان دەشكێنێ وێڕاى ئەمە لەسەر بنەماى تێكەڵبونى و نەتەوان و ژیارەكان رێى گرتۆتە بەر جا وەرە پێم بڵێ تۆ چۆن بەرگەى ئەو گڵوبالیزمە دەگرى هەرچەندە دەزانم هێشتا ماوى بەڵام مانێكى روخاوى بێكەلكى چونكە گڵۆبالیزم پێتدەڵى تۆ لەبەر ئەوەى تەنانەت بچوكترین واتاى تەكنۆلۆژیت تێدا بەدى ناكەین بۆیە بەكەلكى من نایێ و بڕیارم دا بێهودەت كەم تا دادەتەپێى ، داتەپینیشت هەر زەرەرەو ماڵوێرانى شارەكەتە چونكە هەر لە تەپوتۆزەكەتڕا بگرە تا گواستنەەى داروپەردوت! ئەمە وێرشاى ئەو وێرانیەى دەینێیەوە! ئەگەر دەڵێى بیناى باڵابەرز هەڵنێن و كەس دەستى نەگرتون دەڵێم ئەوەش هەر لەبەرەكەتى نا موبارەكى تۆیە كە قانونى بەلەدیە و مەلەدیە بڕیارى داوە تا دوورى پێنج سەد مەتر بە دەورى قەڵا نابێ باڵاخانەكان لە بەرزیدا لە دوو قات زێتر بن بەڵام ئەگەر بڵێى با بە قوڵایی ئەرزی بچنە خوارەوە و چەند قاتێك روو بەرەو ژێر بینا بكەن! دەڵێم ئەوەش لە نێوچەوانى ئەو قەبرە كۆنینانەیە كە خەڵكانى قەڵا كە یەكێكیان لێ مردوە كەژاوەیان بەستوە رێك بەرەو خوارێ شۆڕ بونەتەوە و هەر لە نزیكى تۆ و دەورەبەرتەوە گۆڕیان هەڵكەنیوە و تەرمەكەیان ئەسپەردە كردوە چونكە پێیانوابوە خوارەوەى قەڵا دوورترین جێگەیە و بەس مردوەكان دەیگەنێ ، وێڕاى ئەمە قەڵا شوێنى زیندوانە و مردوانى تێدا جێنابێتەوە. هەرچەندە لەگەڵتم كە دەبوایە نەوەى نوێ دواى تێپەڕینى ئەو رۆژگارە درێژە هێندە هێسك و پروسك پەروەر نەبوان و لەبەر مردوانى مێژوو بارى زیندووان تێكنەدەن و ژین و ژیوار و پێشكەوتن لەخۆیان حەرام نەكەن. دیارە ئەندازیارە میعماریەكانیش بیریان لێنەكردۆتەوە كە نەخشەیەكى ئاوا بكێشن ، یا رەنگە خاوەن موڵكەكان ترساون پارەو پولیان وەك مولك و سامانى قارون بەژێر ئەرزیدا بچێ یا رەنگە چاویان هەر بەژنێك بەرەو زەوى و چەند بەژنێكیش بەرەو ئاسمان بڕ بكات.
ئەگەر دەڵێى ئەوا من هەبوم با موسەممیمە ئاقڵمەندەكانى نەخشەى هەولێریان داڕشت ئاقڵ بان و لە دورى هەزار مەتر بە دەورى من بناغەى شاریان دابمەزراندبا و ئەو نێوانەیان بكردبا پاركى پڕ لە داروبار و گوڵ و گوڵزار و نافورە تا سەنتەرى شارەكەت لە تێكەڵبونى سروشت ئاوا بێبەش نەبوایە و ئاوەها لە دارو درەختان نەتۆرابا، راستە من قەڵاتم و مایەى بەدبەختیتانم و شارم لێكردونەتە شارێكى سێنتراڵیزم و وەك موگناتیسێك هەموتانم راكێشاوە و وەك چەسپى دووقل بەخۆمەوە چەسپم كردون بەڵام ئێوە دەتانتوانى جوانترین سەنتەر بێننە دى كە ئەوپەڕى جوانناسى تێدا وەدیكەن با پێشت بڵێم ئێوە كە منتان كردۆتە سەنتەر و منیشتان ئاوەها بەبێ بایەخ راگرتوە و نازى پیرایەتیم هەڵناگرن و لە جیاتى دەریاچە و نافورە و دار و درەخت و پارك دەیان و سەدان كوتلە كۆنكریتتان لە دەورم بیناكردوە هەر بۆیەشە تەواوى شارەكات لە كۆنكریت غەرق بووە كەس ئەشقى دار و درەختان نیە! تۆ دەزانى كە شارى سێنتراڵیزم تەواوى هاوشاریان رووى تێدەكەن رۆژێ جارێك نەبێ دوو رۆژ جارێك یا هەفتەى جارێك روى تێدەكەن جا ئەگەر ئەو خەڵكە لەو سەنتەرەدا فێرببوان كە دار و درەخت و گوڵ و ئاو چ كاریگەرێكیان لە شاریدا هەیە ئاوەها شارێكى وشك و بێ كەسكایى نەدەبوو! بەڵام لە سەنتەر چ دەبینن؟َ ئەودەم ئینسانە شەكەتەكانى ئەو شارە دەهەسانەوە، هێندە نەفەس كورت و بێ تاسە بێ عیشق نەدەبون. ئەى قەڵا ئەم قسەیەت راستە هەرچەندە زۆرم داخ لە دڵە و وا بە ئاسانیش لێت نابورم ، نازانم چت لەگەڵدا بكەم هەرچى بكەم زیانەكانت پێ قەرەبوو ناكرێتەوە بەڵام كۆڵیش نادەم رۆژێك دادێ دەبێ هێسك و پروسكى ئەو كەسە لە گۆڕ هەڵكەنین كە تۆى لە ئێمە كردۆتە قەڵا لە شڕە مەحكەمەكەى هەولێرێ مەحكەمەیەكى مێژوویت بكەم و سزایەكى سەختى غیابیت بۆ دەركەن تا بزانێ ئەوە قەڵا نەبوە بەڵا بوو دروستى كردوە و جارێكى تر روى نەبێ لە مێژوى مندا بە ئافەرین ناوى هەڵدەن هەرچەندە كەس نازانێ چ كەس بوە چ ناجسن و شەڕندەیەك بوە! جا هەرچى خۆشى بە دۆستت دادەنێ و تۆ بە پیرۆز و مەقەددەس دەزانێ با بێتە مەحكەمە و ببێتە مەحامیت كە من لە ئێستاوەڕا پێت بڵێم دۆڕاون چونكە ئەو تەقدیس و مەحەببەتەى بۆ تۆیان هەیە بە خەڵەتاوى و لە بێئاگاییەوەیە.
ئەى پێم بڵێ تۆ تا ئێستا چ بەرەكەت و فەڕو پیرۆزیت بە خەڵكى شارەكەم من داوە، تا دوێنێ ئەوانەى لەسەر قەڵا بوون هەندێكیان ئاغاى زەبەللاح بونە و لەسەر پشتى تۆڕا ببونە خاوەنى سەدان هێكتار لە زەوییەكانى گوندەكانم و خەڵكى جوتیار و بەستەزمان ئەگەر ئیشێكیان هەبوایە دەبوایە سەدان پایە ببڕن تا دەگەیشتن یا نەدەگەیشتنە لایان كە دەشگەیشتن دەبوایە سەدان پایە ببڕنەوە تا بە لوژە لۆژ و بەدڵساردى دەهاتنە خوارەوە و دەگەڕانەوە گوندى. ئەوانەى ئاغاش نەبون لە جۆرێك كەش و فشی بەتاڵ لەسەرت دەژیان هەرچەندى لە نەهامەتیشدا بون و دەبوایە بە كەر و تێڕەكانیان ئاو وەسەر خەن! قەڵا تۆ هەمیشە واتكردوە ئەوانەى لەسەرت دەژین لە خەڵكى من جیا بن. بەم دواییەش ببویە سیمبوڵى لانەوازى و بەدبەختى چونكە هەرچى لە كۆمەڵگا پەڕپوت ببوو و هەرچى ئەوانەش كە لانەوازى بێ چارە بوون رویان تێكردبوى و لە كەلاوەكانتدا ژیانیان بەسەر دەبرد، كەلاوەكانت وێڕاى ئەوەى لە كۆڵانى بەرتەسك و نێوان یەك مەتریدا بون، نیوە روخاو لاڕوخاویش بون و شەوان كە تێیدا دەنوستن سەدان فاتیحەیان دەخوێند تا بەیانى دەكەنەوە كاریتە و كەرپوچ و تێل تەنەكە و حەسیر و قوڕ و كایان بەسەردا نەڕمێ، سەدان دوعاشایان دەكرد كە ئەو جورجانەى لە كەلێنى بنمێچان تەڕاتێنیان دەكرد نەیەنە خوارێ و نەیانگەزن و منداڵەكانیان چاوترساى نەكەن. ئەو دوو پشكانەش كە لە پەناو پەسێوى دیوار و بناغان خۆیان حەشارداوە نەیەنە بن دۆشەگ و لێف و بالیفەكانیان و بە لانكى منداڵەكانیان هەڵنەگەڕێن.. بیر لەو بوك و زاوایانە دەكەمەوە كە دەبێ بە چ ترس و تاریكیەك یەكەم شەوى یۆتۆپیاییان لەو كەلاوە بۆن گنخاى و بە تەرەششوح و پڕ جڕوجانەوەرانە بەسەر بردبێ!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست