دژ بە سەركوتكردنى ئازادى خۆپێشاندان و كۆبونەوەگشتیەكان وەرنە مەیدان
07/11/2010, 12:00 (GMT+1)

ناچاركردنى خەڵك بۆ وەرگرتنى مۆڵەت و لەقاڵبدانى داواو سنورداركردنى كات و خواست و بیرى خەڵك بۆ دەنگ هەڵبرین بەرامبەر بە خراپى باریگوزەران و خزمەتگوزارى سەرەتایى، ناوەرۆكى ئەوپرۆژەیە كە پەرلەمانتارانى سەربەدەسەڵات شانازى پێوە ئەكەن و بەبۆنەى پەسەندكردنیەوە پیرۆزباى ئاراستەى خەڵكى كوردستانەكەن. بەگوێرەى حكومەكانى ئەم یاسایە وە بەهەمان ئەوبیانوە سواوانەی دەسەڵاتدارانی كوردستان كە هەمیشە بۆبەرگرتن بە ناڕەزایەتیەكانی خەڵكی كوردستان دەیڵێنەوە بە نمونەى وەك (پاراستنی سیستم و ئادابی گشتى) هیچ كەس ولایەنێك مافی كۆبونەوە و خۆپیشاندانی نابێت .
پڕۆژە یاسای لەو جۆرە بێجگە لەوەی راستەوخۆ ئازادی خۆپیشاندان و كۆبونەوە زیندەبەچاڵ دەكات لەهەمانكاتدا دەستی هێزەكانی دەسەڵات ئاوەڵادەكات بۆ كوشتن و پەلامار و بڵاوە پێكردن و گرتن و تەنانەت كوشتنى خۆپیشاندەران وەك لە ماوەى رابوردودا لەلایەن هێزەكانى دەسەڵاتەوە دژ بە خۆپێشاندەران رویداو چەندین كەس بونەقوربانى و تاوانباران وەك بەرزەكى بانان بۆى دەرچون.
داواكردنى مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان لەگەلأ هیچ پێوەرێكى دنیاى مەدەنى و مۆدێرندا نایەتەوە ، لەمانەش سەمەرەتر ئەوەیە كە مانگرتن و كۆبونەوەكان تا بەرلەخۆراوابون بەردەوامیان هەبێت كەئەمەش پێشێلكردنى مافى خەڵكى نارازیە لەچۆنیەتى دیاریكردنى شێوازى بەدەستهێنانى ماف و داواكاریەكانیان.
رێكخراوە مەدەنیەكان ، خەڵكانى ئازادیخواز:
ئازادى مانگرتن و خۆپیشاندان و كۆبونەوەی گشتی یەكێكەلە بەڵگەكانى بونى ئازادی لە هەر كۆمەڵگایەكدا ، وە مافێكی بێ ئەملاولای خەڵكە بۆ یە هەرجۆرە رێگریەك بەهەربیانویەك پێشێلكردنی ئەو مافەیە، وە كاری ئێمەیە وە رێكخراوى مەدەنى و خەڵكى ئازادیخواز بەهەموو توانایەكمانەوە بەرگری لەو مافە بكەین و دژبە تێپەراندنى برۆژە یاسایەك بوەستینەوە، وەپێویستە دەنگ هەڵبڕین و تواناكانمان یەك بخەین لەپێناو فشارخستنەسەر سەرۆكى هەرێم تا ئیمزاى تێپەربون لە برۆژە یاسایەك نەدات كە سەركوت و گرتن و كوشتنى خەڵك بەیاساى ئەكاتەوە، وەلێرەوە هەوڵى هەڵوەشاندنەوەى ئەو پرۆژە پاسایە بدەین و كار بكەین لەپێناو جێخستنی یاسایەكدا كە ئازادی بێ قەید و شەرتی خۆپیشاندان و مانگرتن و كۆبونەوەگشتیەكان فەراهەم بكات .بۆیە بانگەواز لەهەموو پارتەسیاسیەكان و رێكخراوەمەدەنیەكان،،كرێكاران و فەرمانبەران،خوێندكاران و مامۆستایان،پزیشكان و ئەندازیاران،پارێزەران و رۆژنامەنوسان و سەرجەم خەڵكانى ئازادیخوازدەكەین كەبێن لەم پێناوەدا تواناكانمان بخەینەگەر تا دژبە تێپەراندنى یاساى خۆپێشاندان ، خۆپێشاندان و چالاكى جۆراوجۆرى مەدەنى ئەنجام بدەین.
تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك
سلێمانى 7/11/2010
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









