فاروق رەفیق لە سێدارە بدەن...!
02/05/2011, 12:00 (GMT+1)

- هەر فاروق رەفیق بوو کە بۆ دەیان ساڵ کۆمەڵگای کوردستانی گیرۆدەی شەڕێکی ناوخۆیی کرد و بەهۆی شەڕەنگێزی ئەم پاڵەوانەی شەڕی ناوخۆییەوە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا دەیان هەزار کەس کوژران و کەمئەندام و ئاوارە بوون و دەیان هەزاری تریش جگەرسوتاو و بێ باوک و هاوسەر مانەوە.
- فاروق رەفیق بوو لە ساڵی ١٩٦٦ بووە هاوپەیمانی حەرەس قەومییەکان و کەوتە جەنگی شۆڕشی کوردستان و ئەو سەنگەرانەی حەرەس قەومی و لەشکری داگیرکەری عێڕاق بۆیان نەدەگیرا، ئەم فارو رەفیقە دەیگرتن.
- هەر ئەم فاروق رەفیقە بوو لە ساڵی ١٩٧٥، بڕیاری ئاشبەتاڵی شۆڕشێکی ١٤ ساڵەی دا و خوێن و فرمێسک و ئارەق و چارەنووسی ملییۆنان کوردی لەچاونوقاندنێکدا کردە دیاری بۆ ئاغاکانی و خۆیشی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو.
- هەر ئەو فاروقە بوو لەساڵی ١٩٧٨ لەسەر ڕێبازی "ئەگەر شۆڕشیشم پێ نەکرێت ئەوا شۆرشم پێ تێک دەدرێت" لەرۆژگارێکی ڕەشدا کارەساتی هەکاری خوڵقاند و بە هاوکاری میتی تورکی و ساواکی ئێرانی سەدان پێشمەرگەی قارەمانی ئەو گەلە خێر لەخۆنەدیوەی قەتلو عام کرد، وە هەر ئەو مامۆستای فەلسەفەیەش بوو کە چەمکی "مرۆڤی مەزن دەبێت بە چەکی مەزن بکوژرێت"ی داهێنا و لەهەکاریدا جێبەجێی کرد.
- ئەم فاروق رەفیقەبوو لە ساڵی ١٩٧٩ خۆی کردبووە کەوا سووری بەر لەشکری خومەینی و کەوتە سەرکوتکردنی شۆڕشی برایانمان لە رۆژهەلاتی کوردستان و بووە هۆی لەدەست دانی گەورەترین هەلی مێژووی بۆ کوردانی رۆژهەڵات.
- ئەم فاروقە سکرتێری گشتی ئەو حیزبەش بوو کە لەساڵی ١٩٨٣ کارەساتی قڕناقاو پشتئاشانی خوڵقاند و ئەو شوعییانەی بەعس نەیتوانیبوو لەناویان بەرێت، ئەم فاروقە لەناوی بردن.
- هەر فاروق ڕەفیقە بوو لەساڵی ١٩٩١دا بەسەر دەریایەیەک لەخوێنی ئەنفال و کیمیاباران و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و کۆڕەودا بازیدا و باوەشی بەسەددام حوسێن دا کرد و بەجیهانی ڕاگەیاند سەددام حوسێن دوژمنی کوردنییە بەڵکو زەمانەتی میللەتی کوردە.
- دەسەڵاتدارانی کوردستان خۆتان دەکەمە حەکەم، جگە لەفاروق رەفیق کێی تر بوو کە گەورەترین شەڕی براکوژی لە ساڵی ١٩٩٤ لەسەر ریزێک دوکان هەلگیرساند و حکومەت و پەرلەمان و هەلی سەربەخۆیی لەباربرد و گەنج و لاوی ئەم وڵاتەو داهات و قووتی خەڵکی لەسەردەمی دوو ئەمبارگۆدا دەخستە گەرووی ئەو شەڕە نەگریسەوە. تا ئێستاش ئاسەواری کردەوە قێزەونەکانی ئەم فاروقە ماون و لەسایەی جەنگەکانی ئەم تاوانبارە هێشتا ئەم کەرتە هەرێمەی لەمەڕخۆمان بەسەر دوو ئیدارە و دوو لەتە هەرێمدا دابەش کراوە.
- خەڵکی هەولێری هۆلاکۆ بەزێن، ئێوە لەهەموو کەس زیاتر زوڵم وزۆری ئەم فاروق رەفیقەتان چێشتووە و لەهەموو کەس ئاگادارترن کە حیزبەکەی ئەم فاروق رەفیقە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا دەبابە و حەرەس جمهورییەکانی سەددامی هێنایە سەر شارەکەتان و حەرەمی پەرلەمان و موقەدەساتی خەڵکی خستە ژێر پۆستاڵی نەگریسی بەعسییەکان، ئیتر تاکەی دیواری بێدەنگی ناشکێنن و داوا ناکەن ئەم فاروقە خائینە بەسزای خیانەتەکانی بگات.
- ڕوناکبیرانی ئەم وڵاتە، ئەوانەی خەون بە کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازادەوە دەبینن، هەقوایە ئێوە پێش هەمووکەس داوای لەسێدارەدانی فاروق ڕەفیق بکەن. ئێوەی ڕۆشنبیر چاک لەبیرتانە ئەم فاروق رەفیقە چەند ساڵێک لەمەوبەر نازی بەسەر تورکەکاندا دەکرد و بیری دەخستنەوە کە ٣٦٠٠ کوردی بۆ رەزامەندی گورگەبۆرەکان لەشەڕی گەریلاکانی پەکەکە بەکوشت داوە و خۆ لانی کەم بەقەد ئەو ژمارەیەش لەگەریلاکانی پەکەکە بەدەستی زرێڤانەکانی ئەم رەفیقەی تورکەکاندا کوژراون.
- کەرکوکییەکان، قوربانیانی تەعریب و تەهجیر، خەڵکی ناوچە دابراوەکان، هەر ئەم فاروق رەفیقە بوو کە لە ساتوسەودای مادەی ١٤٠دا چارەنووسی ئێوە و نیوەی خەڵک و خاکی کوردستانی دیزە بەدەرخۆنە کرد و کردییە قوربانی عێڕاقی نوجەیفی و سەدر و عەلاوی و مالیکی و موتلەق، ئیتر بۆ دەنگ هەڵنابڕن و داوای بەسزا گەیاندنی فاروق رەفیق ناکەن.
- هەڵەبجەیی و بالیسانیەکانی قوربانی چەکی کیمییایی، جگە لەم فاروق رەفیقە کێبوو ئەو فرۆکەوانەی ئازاد کرد کە ئێوەی کیمیا باران کرد و موعەزەز موکەرەم و لەسەر حیسابی پارە و پولی خەڵکی کوردستان ناردی بۆ ئەوروپا.
- دواجاریش خەڵکی بەشەرەفی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین چاوتان ڕۆشن، وا عەدالەت و یاسا سەروەرە و ئەو فاروق رەفیقەی بە بیکەیسی مێرمناڵ ولاوانی ئێوەی خەڵتانی خوێن کرد و سەکۆی ئازادییەکانی ئێوەی گڕ تێبەردا سەرەنجام دەستی عەدالەتی پێگەیشت. دە ئێوەش دەنگی خۆتان بخەنە پاڵ دەنگمەوە و با هەموومان بەیەکەوە داوای لەسێدارەدانی بکەین و دڵنیا بن سەرۆکێکی زۆر عادل و خەمخۆرمان هەیە، ئەگەر تا ئێستا گوێی لەهیچ داواکارییەکی ئێوەی نەگرتبێت و هیچی ئێوەی جێبەجێ نەکردبێت، ئەوا بێ دوودڵی لەمەسەلەی فاروقدا دڵتان ناشکێنێت و ئەم داواکاریەمان لە ٢٤ سەعاتدا دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









