<

كابینەى حەوتەم ، كابینەیەكى شلۆق و لەرزۆك

09/04/2012, 12:00 (GMT+1)

 


لەگەڵ ئەوەى كابینەى حەوتەم لەسەرەتاوە بەشێوەیەكى نایاسایى و نائاسایى دروست بووە بەڵام هەر لەسەرەتاوە دیارە كابینەیەكى شڵۆق و لەرزۆكە و ناتوانێت لەسەر قاچەكانى بوەستێت ، پێكهێنانى كابینە و بەڕێكردنى حكومەت لەلایەن یەكێتى و پارتییەوە بەشێوەى فیفتى بەفیفتى واتە دووساڵ بەدووساڵ لەهیچ شوێنێكى ئەم جیهانە وێنەى نیە و یەكێكە لەسەیروسەمەرەكانى سەدەى بیستەم و یەكێكە لەداهێنانە بێ وێنە و بێ هاوتاكانى یەكێتى و پارتى .
 بەپێى یاسا لەهەموو وڵاتێكى ئەم جیهانە لەخولێكى هەڵبژاردن تەنها یەك كابینە پێكدەهێنرێت بەڵام ئەوەى هەرێمەكەى ئێمە دەبێت پێى بڵێین(جیاوازە) و مانا و واتاى جیاواز و جۆراوجۆریش هەڵدەگرێت ، دەكرێت ئەم دابەشكردنە بەشێوەى دووساڵ بەدووساڵ بمانگەڕێنێتەوە بۆبیرەوەرییەكانى سەردەمى شەڕى ناوخۆ و دابەشكردنى دەسەڵات و سەروەتى ئەم هەرێمە بەشێوەى نیوە بەنیوە و پەنجا بەپەنجا ،
دەكرێت بمانگەڕێنێتەوە بۆ رێككەوتننامەى ستراتیژى كەهەر لەسەرئەم ستایلە بێ وێنەیە رێككەوتوون ، خۆ دەشكرێت بمانگەرێنێتەوە بۆمتمانە نەبوون لەنێوان هەردوولا ، ماناو واتاكان هەرچى بێت واكابینەكە بەناوى كابینەى حەوتەم دروستكرا بەڵام دەبێت هەموو لایەك ئەو راستییە بزان كەلەرووى یاساییەوە كابینەكەى بەرهەم سالح كابینەى پێنج و نیو بوو و كابینەكەى نێچیرڤان بارزانى تەواوكەرى ئەوە و پێى دەگوترێت كابینەى شەشەم نەك كابینەى حەوتەم ،
كام یاسا ناس وەڵامى ئەوەم دەداتەوە كەلەكوێى دونیا هەیە كەسێك ئەندام پەرلەمان بێت و بەبێ دەست لەكاركێشانەوە راستەوخۆ ببێتە وەزیریش و دەنگ بۆخۆشى بدات ؟ خۆبینیمان دوو پەرلەمانتارى پارتى بەبێ دەست لەكاركێشانەوە لەپلەى ئەندام پەرلەمانێتى راستەوخۆ بوون بەوەزیر و یەكێكیشیان دەنگى بەخۆى داوە لەكاتى متمانە بەخشین پێى !!!
 ڕەنگە كەسانێك هەبن رەخنەى ئەوەم لێبگرن و بڵێن كاكە بسم الله هێشتا كابینەكە دەستى بەكار نەكردووە و تەها یەك كۆبونەوەشى ئەنجامداوە تۆ پێى دەڵێى كابینەى شكستخواردوو و فەشەل!!!
بەڵام ئەو رەخنەیەش وەڵامى خۆى هەیە ئەویش ئەوەیە وەكو كورد گۆتەنى(مانگەشەو سەر لەئێوارێ دیارە) دیارە كابینەكەى بەرهەم سالح كابینەیەكى پڕ كەموكورتى و كەمدەسەڵات بوو لەماوەى دووساڵەكەى خۆیشیدا تەنها گرنگى بەدەڤەرى سلێمانى و گەرمیاندا و تۆڵەى چەندساڵەى لەهەولێر كردەوە كەئەمەش كارێكى نەخوازراو بوو و بیرێكى تەسكى ناوچەگەرێتى بوو نەك حوكمرانى تەندروست ، ئەم كابینەیەى ئێستاش درێژكراوەى كابینەكەى ترە بەشێوەیەك كە كابینەى رابردوو بودجەى سالى 2012ى بۆكابینەكەى ئێستا دارشتووە و ئەمەش گواستنەوەى ڤایرۆسێكى كوشندەیە لەگیانى كابینەى رابردوو بۆكابینەى ئێستا كەپێویستە ئەم كابینەیە بودجەى 2012 لەلایەن خۆیەوە سەرلەنوێ دابرێژێتەوە ئەوەى كەئێستا دانراوە سەرلەبەرى رەتبكاتەوە بەتایبەت لەوەى كەبودجەى 2012ش لەسەر بنەماى دووئیدارەیى دارێژراوە ، هەموولایەك دەزانێت ئەم كابینەیەى ئێستاش هیچ گرنگییەكى بەداوا و داخوازى و پێشنیار و كۆمێنتى لایەنە سیاسیەكان و هاوڵاتیان و رۆشنبیران و نوسەر و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان نەداو هەمووى پشتگوێخست بەتایبەت لەدانانەوەى بەشێكى وەزیرەكان بەتایبەت هەندێكیان لەدواى 17ى شوباتى سالى رابردووە و بونە مایەى نیگەرانى بەشێكى خەڵكى هەرێم و لەبرى دوورخستنەوە و لێپێچینەوە لەگەڵیان جارێكیتر درێژە بەكارەكانیان دراو لەشوێنى خۆیان هێڵرانەوە و متمانەیان پێبەخشرایەوە ، نێچیرڤان بارزانى لەپەیجى خۆى داواى هاوكارى لەخەڵك كرد بۆپێكهێنانى كابینەكەى بەڵام بۆخەڵك دەركەوت ئەو داواكاریە تەنها بۆكات بەسەربردن بوو چونكە بۆچوونى هیچ كەسێك لەبەرچاو نەگیرا ، بەپێى دەنگۆى میدیاكان ئەوەندەى وڵاتانى دراوسێ كاریگەریان هەبووە لەسەردانانى وەزیرەكان تاكى كورد هیچ گرنگیەكى پێنەدراوە ، كابینەكەى رابردوو و كابینەكەى ئێستاش جگە لەلیستى كوردستانى لەچەند لایەنێكى تر پێكهاتووە بەڵام سەرۆكى هەردوو كابینەكە دەڵێن ئێمە بەرنامەى لیستى كوردستانى جێبەجێ دەكەین ، ئەى بەرنامەى لایەنەكانیتر چى بەسەرهات؟ ئەى ئەولایەنانە سەدان بەلێنیان بەهاوڵاتیان داوە و ئێستا بەشدارن لەحكومەت كوا بەڵێنەكانیان؟ئەمەیە ماناى شەراكەتى راستەقینە؟كابینەیەك كەتەمەنى لەدووساڵ كەمتربێت چۆن دەتوانێت ڕوبەڕوى لێشاو و لافاوى گەندەڵى ببێتەوە كەلیژنەكەى سەرۆكایەتى هەرێم دانى پێداناوە؟ چۆن دەتوانێت سەدان وهەزارەها گەندەڵ لەكارەكانیان دووربخاتەوە و بیانداتە دادگا؟ چۆن دەتوانێت هەراجكردن و تالانكردنى خاكى هەرێم رابگرێت بەناوى وەبەرهێنان و ئاورێك لەخانەوادە خێر لەخۆ نەدیو و بێ خانە و لانەكانى ئەم هەرێمە بداتەوە كەدەیان سالە بەدەست كرێى خانووە دەناڵێنن ؟ چۆن دەتوانێت سەدان كێشەى ئاڵۆزى نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربكات؟ چۆن دەتوانێت كۆتایى بەسیماى دووئیدارەیى بهێنێت و پێشمەرگە و ئاسایش یەكبخاتەوە و باڵانسى لایەنەكان لەناودامودەزگاكانى هەرێم رابگرێت و هەموو كوردێكى كارا و كارامە بخرێنە كایەجۆراوجۆرەكانى سیستەمى حوكمرانى هەرێم؟ چۆن دەتوانێت دیاردەى بەرتیل و رۆتینیات و خزمخزمێنەو گەندەلى ناو دامودەزگاكان كۆتایى پێبێنێت؟ چۆن دەتوانێت سیستەمى حوكمرانى لەسیستەمێكى كاغەزى بكاتە سیستەمێكى ئەلیكترۆنى؟چۆن دەتوانێت هەزارەها فەرمانگەى حكومەت لەبیناى كرێوە بكاتە خاوەن بینا؟ چۆن دەتوانێت خزمەتگوزارى بگەیەنێتە هەزارەها كون و كەلەبەرى خێر لەخۆنەدیوى ئەم هەرێمە؟ چۆن دەتوانێت كۆتایى بێنێت بەتەخشان و پەخشانكردنى بودجە و قووتى هەولاتیان؟چۆن دەتوانێت ڕێگە لەسەدان پرۆژەى خزمەتگوزراى ماوەبەسەرچوو و كوالێت نزم و فاشیل بگرێت؟ چۆن دەتوانێت ڕێگە بگرێت لەپێدانى تەندەر بەكاربەدەست و خزمەكانیان و لێنەپرسینەوە لێیان لەئەگەرە چاوەڕوانكرەكە كەتەواونەبوونى پرۆژەكانە لەوادەى خۆیان و تەرخانكردنى پارەى زیادە بۆیان و درێژكردنەوەى ماوە بۆیان ؟
چۆن دەتوانێت ئەوسەدان و هەزاران كاربەدەستە بداتە دادگا كەچەندساڵێكە لەسەر قووتى خەڵكى هەرێم دەژین و ڕاست و چەپ سەروەت و سامانیان كۆكردۆتەوە؟ چۆن دەتوانێت ڕێگەبگرێت لەدەستوەردانى حیزبى و كەسى لەكارەكانى دادگا و پێشێلكردنى بڕیارەكانى داداگا؟ ئەم كێشانە و سەدان كێشەیتر یەخەى ئەم كابینە و كابینەكانى رابردووى گرتووە و ئەستەمە ئەم كابینەیەى ئێستاش بتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوەو چارەسەریان بكات ، بۆیە نابێت و ناكرێت خەڵك چەواشە بكرێت بەوەى واپیشانى خەڵك بدرێت كەئەم كابینەیە فریادرەسى خەڵكى كوردستانە و كەشتییەكەى پێغەمبەر نوحە سەلامى خواى لێبێت كەهەموو ئەوكەسانەى خەریكە بەهۆى لافاوى گەندەڵى و ناعەدالەتى نغرۆببن ڕزگاریان بكات و واپیشان بدرێت كەئەم كابینەیە عەساكەى پێغەمبەر موسایە سەلامى خواى لێبێت و لەگەڵ هەڵدانى عەساكە گەندەڵكاران و سەرجە م كارە ناشیرینەكانى سیستەمى حوكمرانى هەرێم لەناوببات ، ناكرێت واپیشان بدرێت كەئەم كابینەیە پەپوەكەى پێغەمبەر سولەیمانە سەلامى خواى لێبێت و هەر كارێكى پێى ڕابسپێردرێت لەكورتترین ماوەدا جێبەجێى بكات.


 

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست