<

شارى سلێمانى بۆتە جەهەننەمێك كە بۆنى گوڵى تیا نەماوە!

21/04/2011, 12:00 (GMT+1)






نەنگییە بۆ ئەو كەسەى گۆرانى دەڵێت و ڕۆماش بسووتێت
(نیرۆن/ شاعیرى جیهانى)
كاتێك پارەو كورسى سەروەر بوون، خۆرى ئازادى و ژیاندۆستى ئاوا دەبێت
(پەندێكى رووسى)
(بەشى یەكەم)
ئەوەى لەم نووسینەمدا دەینەخشێنم، نە سیاسەتەو نە دیپلۆمات، نە لۆژیك و فەلەسەفەش بە كەس دەفرۆشمەوە، بەڵكو وەكو هاووڵاتى و هاونیشتمانییەكى كوردستان و دڵسۆزێكى شارى سلێمانى دوور لە لایەنگیرى بۆ هیچ لایەنێك، چونكە خۆم ئازادم و سەر بە هیچ حزب و لایەن و دەزگاو كۆمەڵەو سەندیكاو رێكخراوێك نیم لە گەردووندا.. نە مووچەم هەیەو نە پارەو دراو لە هیچ كەسێكى كوردستانەوە وەرئەگرم.. دیارە ئەوەش ئەیسەلمێنێت بۆ هەموو دونیا كە ئازادێكى عەیارە 24 بم و لە هیچ رۆژنامەو گۆڤارو رادیۆو تەلەفزیۆنێكیشەوە دەرناكەوم و ئەندام و سەرنووسەرو سەرنۆسەریش نیم.
ئەوەى بەندە وەكو چاودێرێك و نووسەرو كۆمەلچناسێك هەستى پێدەكەم، دواى ئەوەى پازدە ساڵى غوربەتم لە هەندەران بردە سەر، بڕیارمدا بگەڕێمەوە زێدى بیرەوەرى و نیشتمانى باوو باپیرانم بۆ ئەوەى ئەگەر چەند ساڵێكم لە ژیاندا ماوەو بتوانم لە نزیكەوە لەگەڵ براو كەسوكارو هاوڕێكانى نیشتمانەكەمدا بەرمە سەر، ئەگەر كراش وەكو دەرچوویەكى زانكۆى ساڵى 1986 ى كۆمەڵناسى زانكۆى سەڵاحەدین، كارى توێژەرى كۆمەڵایەتى بكەم و دابمەزرێم ئەوا باشتر و دەتوانم بەردەوامى بە ژیانى سادەى خۆم و هاوسەرگیریى و خێزانیش مەیسەر بكەم، بەڵام لەبەرئەوەى ویستم بە ئازادى بمێنمەوەو نەچمە پاڵ هیچ حزبێك، ئەوا نزیكەى حەوت ساڵە لە سلێمانى دەژیم و نەمتوانى دابمەزرێنم و ئومێدیش نییە بەو هیوا بچووكەم بگەم و ئەمێستاكە نانى رەق بەڵام ئازادانە دەخۆم و بە قەناعەتەوە هەژارانە دەژیم.
ئەوەى گرنگە وەكو چاودێرێك دەربارەى رەوشى سیاسیى ناو شارى سلێمانى لێوەى بدوێم ئەوەیە كە ئەوەى لەم حەوت ساڵەدا دەیبینم ئەوەیە كە ژیانى تاك و گوزەرانى خێزان و كۆمەڵگاى ناو شارى سلێمانى زۆر نائاساییەو ژیان زۆر دژوارو نەهامەتییە، بەڕێوەبردنى دامودەزگاكان زۆر خراپن.. دامەزراندنى دەرچووان زۆر خراپەو هەرگیز داوەرى تیا نییە، بە واستەو خزم خزمێنەیە، بەتەلەفۆن و ناسینى بەرپرس و پشتوپەنابوون دەچێت بەڕێوە.. جیاوازى و جیاكارى نێوان حزبییەك (واتە یەكێتییەك) لەگەڵ ناحزبییەكدا ئەرز و ئاسمانە..
حزبییەكان هاووڵاتى پلە یەكن و خەڵكى ئازاد پلە نزمەكانن و موعارەزەش پلەكانى ژێر سفر.. جادەو كۆڵان و گەڕەك و رێگەوبانەكان هەتاكو ساڵى 2010 زۆر زۆر خراپ بوون (ئێستاكە تۆزێك باشترە!!)..
خزمەتگوزارى نێو نەخۆشخانەو خوێندنگەو مزگەوت و چێشتخانەو میوانخانەكان زۆر خراپن.. زۆریى سەیارەو خراپى و تەسكى جادەكانى سلێمانى شڵەژان و نائاسوودەیى و نائارامى و تووڕیى لاى دانیشتوان دروستكردووە.. خزمەتى بەنزینخانەو سەیرانگاكان زۆر خراپن.. جێگەى ئازادو خۆڕایى لە گشت سەیرانگاكانى سلێمانى و دەوروبەریدا نەماوەتەوە، سەیرانگاكان و دەشت و دۆڵ و دۆنمە زۆرو بێشومارەكان موڵكى ئەندامانى سەركردایەتى و مەكتەبى سیاسى یەكێتین.. هەموویان و بنەماڵەو كەسوخزمیان وەكو حوت و نەهەنگ و كەشتى بێسنوور لە سامان و بودجەو ماڵ و موڵكى ئەمشارە هەتیوو بێكەسە دەخۆن..
بەرپرسەكان خۆیان ژن و ماڵ و مناڵیان لە خێرو بەرەكەتى ئەمشارەیان خواردووەو هەژارانیش رۆژ دواى رۆژ لەزیادبووندان بەتایبەت ئەوانەى بە ئەسڵ خەڵكى شارەكەن، لە شارۆچكەو ناحیەكانى دەرەوەى ئەمشارەدا دەگوزەرێن، چونكە كرێچین و كرێى خانووش لەمشارەدا ئاگر ئەكاتەوە، بۆیە ناچار بەرەو دەرەوەى شار ڕەو دەكەن. شاریش لەلایەن ئەم حزبەوە داگیر كراوە.
ژیان لە شارى سلێمانیدا، نائارامترو نائاسوودەترە لە ژیانى كەسێكى ناو هەولێر یان دهۆك یان سۆران، هەژار لەو شارانەشدا هەن بەڵام وەكو هەژارى سلێمانى بە كولەمەرگى و نەهامەتى و بێئومێدى و دوور لە نازو میهرەبانى ژیانى كەساسى ناژى.
بۆیە ئەوەى لەمشارەدا رەخساوە، ئەو پەندەمان دێنێتەوە یاد كە دەڵێت: ((چى بچێنیت هەر ئەوە دەدوریتەوە)).. ئەم حزبە ستالینییەو بارگرژى بۆ ژیانى تاكەكان دروستكردووە، رەفتارەكانى زۆر لە بەعسییەكان دەچێت، سكرتێرەكەى نزیكەى پەنجا ساڵە سكرتێرەو ئاغاو گەورەى یەكەم و دواهەمینى ئەم حزبەیە.. گۆڕان و ئاڵوگۆڕكردنى مەحاڵە و پلەو پایەو مەقامى ئەم سكرتێرە نزیكبۆتەوە لە خواوەندێكى فیرعەونى یان ئەفەریقى!!
چەندان كەسى بەتواناى وەكو كێ و كێ هەن، كەچى دژایەتى دەكرێن و فەرمانەكانى ئەو سەرۆكى حكومەتە ناگاتە تاسلوجە، پووچەڵكراوەتەوە. ئەمەش كارەساتنە، چونكە لەمشارەدا فرەكوێخایى هەیەو ئەمەش گوزارشتێكى دەقاودەقى نێچیرڤان بارزیانییەو زۆر راستیشە!
مامەڵەى ئەم حزبە لەگەڵ كۆمەڵگاى شارى سلێمانیدا، مامەڵەیەكى ستالینیزمى-بەعسیزمە، جیاكارى و نادادوەرى و غەدرو نایەكسانى بۆتە عورفو عادەتێكى رۆژانە، ئەگەر تۆ ئازاد بیت، لە ئاست مامەڵەى ئەواندا، هەست بەوە دەكەیت كە بوونەوەر نیت و شتێكى خشۆك یان جڕو جانەوەریت و شێوەت لە قالۆنچە ئەچێت نەك بوونەوەرى سێ سووچ.
بۆچى؟ چونكە، نە ئەبیتە خاوەنى زەوى یان خانوو یان دوكان، یان كورسى یان پلەو پایە یان سەیارە یان پارە یان........تاد.
بەكورتى و بەكوردى ئەگەر تۆ لە شارى سلێًمانیدا یەكێتى نەبیت ژیانت نزیك بۆتەوە لە دۆزەخ و جەهەننەم، بوویتە دراوسێى جانەوەرو حەشەرات، هیواكانت وەكو گەڵاى پایز دەوەرن، ژیانت كلۆر دەبێت و چاوت كوێر دەبێتەوە، دەستەكانت هەڵدەلەرزن و قاچەكانت كزۆڵ و لەرزۆك و باریك دەبنەوە، گیرفانەكانت ساردوسڕ دەبنەوەو بەكرێێتى و زەلیلى و سەفیلى ژیانى مردوو ئاسا دەبەیتە سەر. لەنێو ئاخ و حەسرەت و ئازارو مەینەتى و نامۆییدا بەكەنار دیوارو حەسارو بن گوێسوانە رزیوەكاندا گوزەر دەكەیت، كەس بە هیچت نازانێت.. چونكە تۆ نیت، تۆى ئازاد لە سلێمانیدا هاوڕێى قالۆنچەو دەعباو جڕو جانەوەریت..!
ئەو كەسەى لەمشارەدا بڵێت:
من ئازادم و زەنگین و ئاسوودە بێت درۆ ئەكات درۆى شاخدار.. ئەو كەسەى بڵێت من كارى ئازادانە دەكەم و بەختەوەرو مووچەدارو سەیارەدارو ڤیلەدارم، یان سەرى بۆ ئەم حزبە دانەنەوانبێت و سەرسەرێتى بۆ نەكردبن.. درۆ ئەكات درۆى شاخدار..
(بەشى دووەم)
یەكێتى لە حوكمڕانى خۆیدا لە مێژووى دوورو نزیكى ئەمشارەوە، چ لە شاخ و چ لەنێو شارەكەدا، هەمیشە خەریكى دووبەرەكى و ئاژاوەنانەوە بووە لەنێو پێكهاتە جیاجیاكان و ڕەنگ و دەنگە جیاوازەكاندا، لە نانەوەى ئاژاوەو پشێوى و هاژو هوژدا، لە مەیدانى سیاسى و عەسكەریدا پشكى گەورە بەر یەكێتى دەكەوێت، دوواكەوتن و پاشەكشەى رەوشى كۆمەڵایەتى و هزرى و مەعریفى خەڵكى سلێمانى لە ئەستۆى ئەم حزبە ستالیینیەدایە، بەحزبیكردن و بە عەسكەرتاریكردنى شارو شارۆچكەكانى دەڤەرى سلێمانى لە ئەستۆى ئەم حزبەدایە كە هەمیشە لە رەفتاردا وەكو بەعسییەكان بۆ دووبەرەكى نانەوەو نەمانى متمانەى نێوان تاكەكانى ئەمشارە رۆشنبیرو ئازایە تێكۆشاوە.
شارى سلێمانى پێش راپەڕین، جۆرێكى دیكە بوو لە ستراكتۆرى كۆمەڵایەتىو سایكۆلۆژیى، بە واتایەى كە تەبایى و برایەتى و دەستى هاوكارى و ئاستى متمانەى نێوان تاكەكانى و خێزان و گەڕەكەكانى زۆر بەرزترو بەرفراوانتر بوو، بیرەوەرى هەموومان بۆ جوانییەكانى ئەمشارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانى پێش راپەڕین، بەڵام دواى راپەڕینى خەڵكى ئازاو بوێرى ئەمشارە دژى بەعس و جەبەرووتەكانى، ستراكتۆرو پێكهاتەو پەیوەندى تاكەكان و كەسو خزمان لە شارى سلێمانیدا ئەوەندە گۆڕاوە كە گەرمى پەیوەندى و ویژدان تەبایى و برایەتى و متمانەى نێوان كەسەكان نزیك بۆتەوە لە ژمارە سفر..
چونكە بەرژەوەندى و خۆپەرستى و دوور كەوتنەوە لە نیشتمانپەروەرى زاڵبووە بەسەر هەموو كەسێكدا، پارەپەرستى و خۆفرۆشى و نەفس نزمى و ماستاو ساردكردنەوەو ملكەچى و مەرام پیسى و كورسى و پایە پەرستى جێگەى چەمكە جوانەكانى دیكەى مرۆڤى راستەقینەى گرتۆتەوە.. یەكێتى سیاسەتێكى پیادەكردووە لەمشارەدا كە كەس متمانەى بە كەس نەمێنێت، ژیاندۆستى و مرۆڤدۆستى گەیشتوونەتە پلەكانى ژێر سفر، تەبایى و برایەتى تەواو تێكچووەو وێنەى جوانى مرۆڤ و هاوڕێیەتى و خزمایەتى خاپوور و داغان كراون.. بەجۆرێك ژیان قێزەون بووە و خەڵكان بەیەكتر نامۆ كراون كە ئەگەر وردبینەوە لە:
مامەڵەى نێوان كڕیارو فرۆشیار، دراوسێكان، مامۆستاو قوتابى، بەڕێوەبەرو فەرمانبەر، تەنانەت پەیوەندى نێوان ژن و مێرد، باوك و كوڕ، دایك و كچ، دكتۆرو نەخۆشەكانى، شۆفێرى تاكسى و سەرنشینەكانى....تاد. زۆریتر لەو وێنانەى نێو كۆمەڵگاى شارە جوانەكەى سلێمانى ئەوەندە وێران و ڕماون كە بە دەیان و سەدان ساڵى دیكەش ناگەڕێتەوە بارودۆخى جارانى (واتە پێش راپەڕینیش كە بەعسى فاشى حوكمى دەكردین!!)..
خۆشەویستى و ڕێز،.. پەیمان و گفتى رۆژانەى نێوان كەسەكان،.. وشەى جوان و وێناى ناسك و رۆمانسیانەى نێوان كەسەكان وەكو مرۆڤ،.. پتەوى و تینى هاوڕێیەتى و دڵسۆزى ئەوان بۆ یەكتر،..پەیوەندیى خۆشەویستى نێوان كوڕان و كچان،.. پەیوەندیى نێوان دوكاندارەكان،.. تەنانەت پۆلیسەكانیش، هەموو ئەمانە سەرەونخوون كراونەتەوە، كەس نامەى كەس ناخوێنێتەوە، كەس بە فریاى كەس ناكەوێت، ئینتیما بۆ خێزان و گەڕەك و شەقام و شارو نیشتمان كزو كزتر بوونەتەوە..گەیشتۆتە ئەو رادەیەى كە ئینتیما بۆ ژیان و خودى مرۆڤیش نەماوە..
كەسەكانى هاوشارى و هاو گوندى لەم دەڤەرەى سلێمانییەدا كە جاران بۆ یەكتر دەسووتان و خۆبەخش و قوربانى بوون، براو برادارو هاوڕێ و كەسوكار بوون، ئەمڕۆكە تەواو پێچەوانە بوونەتەوە بە حوكمى سیاسەتى ستالینییانەو بەعسیییانەى ئەم یەكێتییە (كە نیشتمانى و كوردستانى نییە!!) براش لە ئاست برادا بەرژەوەندخوازو خۆپەرستەو گیانى قوربانى خۆبەخشى تیادا بەتاڵ بۆتەوە.. هاوشارى لە ئاست هاوشارى خۆیدا بیرى لاى قۆڵ بڕین و ئەتككردن و سەرنگونكردن و لەخشتەبردن و ماشینەوەى سامان و دراوو غەدر كردنییەتى لە ماف و خەونەكانى..
رۆحى نیشتمانپەرەوەرى و كوردایەتى و خەونى بەدەوڵەت بوونمان لە گیانەڵاو شەڵاڵى مەرگدایە.. سیاسەتى پارەبەخشینەوەو خۆپەرستى و چاوچنۆكى و داوێن پیسى و خۆ دەوڵەمەندكردن و سامانى دزراو كۆكردنەوەو چاوخستنە سەر شەرەف و نامووسى ژن و خوشكى یەكتر، واتاى بەرزى بۆ ژیان و مرۆڤ و نیشتمان و كوردستان نەهێشتۆتەوە، ژیانى لە مەرگ نزیك كردۆتەوە، ماناو واتاى بۆ موحیبەت و خۆشەویستى و متمانەو رێز لەیەكترگرتن و عەشق و مرۆڤایەتى و دیندارى و خواپەرستى و .....تاد. بە پلەى 180 پێچەوانە كردۆتەوە.
بە كورتى و كوردى: ئەوەى ئەمێستاكە لەمشارە جوان و قارەمانەدا دەگوزەرێت، لە هیچ شارێكى دیكەى كوردستان و عەرەبستاندا ناگوزەرێت، چونكە تەنیا شتێك كە گرنگى پێنەدرێت و بەسەنتەرى تۆژینەوەو بایەخ پێدان و خزمەتگوزارى پێشكەشكردن نەكرابێت ، مرۆڤە، هەموو رۆژێك بیناو باڵەخانەو هۆتێل و بەنزینخانەو هەزاران دۆنمێك بۆ سەیرانگاو رابواردن و بەسەربردنى شەوانى سوورى بەرپرسانى ئەمشارە دروست دەكرێت، رۆژانە مەلهاو قومارخانەو شارى یاریى گرانبەهاى قۆڵبڕ لەمشارە كڵۆڵەدا قووت دەبێتەوە..
یەكێتى نوشتمانى كوردستانى بۆتە كۆمپانیایەكى گەورەى پارە پەیداكردن و خۆ دەوڵەمەندكردن و بازرگانیكردن بە مرۆڤى كوردەوە، بەرپرسەكانى ئەم حزبە ستالینییە، خۆیان ژنیان و منداڵیان و كوڕزاو كچەزایان بوونەتە ملیاردێر، شەق لە دۆلارو دینار هەڵدەدەن، بە دەیان هەزاریش لە مرۆڤى پیرو گەنج و منداڵ و ژنان لەمشارەدا عەلاگەو بنێشت و لوقم و گوڵەبەڕۆژەو بەنەخوێن و تەزبیح دەفرۆشن یان قۆنەرەى بەرپرسانى ئەم حزبە قەشەنگە نیشتمانپەروەرە بۆیاخ دەكەن و دەیبریسكێننەوە.. لەوەش زیاتر بە دەیان پیاو و پیرەپیاو دەبینین، شەوانە لە لا كۆڵان و شەقامە بێبەزەییەكاندا دەخەون و دەژین و رۆژانەش، سواڵ دەكەن و دەستى بێنازو قڵیشاویان لە مرۆڤى كەساس و بێنەواو خەمبارو بێئومێدى ئەمشارە پاندەكەنەوە..
بۆیە رۆژ دواى رۆژ لە شوێنى خۆشەویستى، رق و كینە زیاتر دەبێت.. لە شوێنى ئارامى و هێورى و سەبرو تەحەمول، تووڕەیى و بێزارى و نائارامى جێگەى دەگرێت.. لە شوێنى دەستى یارمەتى درێژكردن، یەكتر بەقوڕدا بردن دێتە ئاراوەو تەشەنەى زیاتر دەكات.
دەرەنجامیش، متمانە بە ناخى زەویدا دەچێت، رێزو حورمەت بۆ مرۆڤ و خەونەكانى و ئارەزووكانى دەچێتە ژێر گڵەوە، تا وای لێدێت دەبێتە دۆزەخ و جەهەننەم، تام و چێژى هیچ شتێكى تیا نەمێنێت، بەجۆرێك كەس بیر لە بۆنكردنى گوڵێك نەكاتەوە، چونكە لە دۆزەخدا كوا گوڵى جوان و بۆندار دەڕوێت!!!؟
* تێبینى: من وەكو كۆمەڵناس و چاودێرێك تەنیا باسم لە رەوشى شارى سلێمانى و دەوروبەرى كردووە لەڕووى سۆسیۆ-سایكۆلۆژییەوە، ناتوانم باسى هەولێرو دهۆك بكەم، چونكە لەو دەڤەرانە نەژیاوم، ئەوەش ئەركى كۆمەڵناس و چاودێرێكى ئەو دەڤەرانەیە. دەسەڵاتیش لەمشارەدا بەدەست یەكێتییەوەیە، هەرچییەكیش لێرە بگوزەرێت، خەتابارو بەرپرسیارى گەورە ئەوە. نەك هیچ لایەن و حزبێكى دیكە.
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست