تکایە لەدایک بوون ڕاگرن
14/04/2012, 12:00 (GMT+1)

کەی محەمەدولمەهدیەکەی کورد لەدایک دەبێت؟
کەی مەسیحەکەی کورد لەدایک دەبێت و دیواری ستەم و خیانەت و خاک فرۆشی شەق دەکات بە هاتنی؟
غاندیەکەی کورد چ ساڵێک و سەدەی چەن دێتە ژیانەوە؟
هەموو ڕۆژێک کوردێک لەدایک دەبێت و دەچێتە ڕیزی فیدائیەکانی سەرۆکەوە و هاوار دەکات "بالروح بالدم بژی سەرۆک"
تا زەرادەشتێک لەدایک دەبێت و دێتەوە ناو کوێستان و چیاکانی ئێمە، هەموو ڕۆژێک خاک فرۆشێکی بچکۆلە لەدایک دەبێت و گەورە دەبێت و دەبێتە سەرۆک.
تا پێشمەرگەیەک لەدایک دەبێت و دەچیتە قەندیل، فەوجێک زێرەڤانی چەکدار دەکەن.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا ، کەسێکی تر دەچێتە ڕیزەکەوە تا دوای قسەکانی سەرۆک چەپڵە لێبدات.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، کەسێکی تر دێتە ناو مێگەلەکەوە و هاوار دەکات بژی بژی.. بژی سەرۆکی قارەمان و ماندوو نەناس.
هەموو ڕۆژێک، ڕۆژنامەنوسێکی خۆفرۆش و قەڵەم فرۆشێکی تر زیاد دەکات.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، ئەندام پەڕلەمانێکی ئەنفالچی و وەزیرێکی کۆنە جاش و ئەندام مەکتەب سیاسیەکی شەڕواڵپیس زیاد دەکات.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، سەفیرێکی جاسوس و باڵوێزێکی عەمیل زیاد دەکات.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، کتێبێک لێوڕێژ لە درۆ چاپدەکرێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، گۆرانیبێژێکی تر هاواردەکات بۆپێشەوە پێشمانکەوە سەرۆک.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، شاعیرێکی تر شانامە بەسەر گەڵ و گیپاڵی سەرۆکدا ئەهۆنێتەوە.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، فیشەکێکی تر ئەنرێت بە ناودەمی سەردەشت عوسمانەوە و سۆرانێکی تریش ئەکوژرێت.
هەموو ڕۆژێک، لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، عارەبەکان دەبنەوە بە دەستە برای ئێمە.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، ناوی شەهیدێک کاڵتر دەبێتەوە.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، کوردێک ئەکوژرێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، جەهل بستێکی تر زیاد دەکات و گەمژەیی هەنگاوێک دەنێتە پێشەوە.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، ژورێک بۆ زیندانێک زیاد دەبێت و راپۆرتنووسێک دەست بەکار دەکات و هەژاری لەدایک دەبێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، پەتێک بۆ هەڵواسین و دادگایەک بۆ ستەم و فتوایەک بۆ کوشتن هەیە.
لەم هەرێمەی ئێمەدا هەموو ڕۆژێک، بەشێک لە خیانەت گەشەدەکات و دەمامکێکی تر لەدایک دەبێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، دیکتاتۆرێکی گرگن و دیموکراسخوازێکی جیهادی لەدایک دەبێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، نوسەرێکی جاهیل و سیاسیەکی گەمژە و بازرگانێکی بێ ویژدان زیاد دەکات.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا و هەموو ڕۆژێک ، نیشتیمان پەروەرێکی جاش و خاک فرۆشێکی قارەمان لەدایک دەبێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، درۆ گەز گەز باڵا دەکات و برسێتی لەوسەرەوە بە گەدەی بەتاڵی منداڵان پێدەکەنێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، عەوامێک دێتە دونیا کە لەخوێنی ڕژاوی خۆی خۆشئەبێت و جەلادەکانی خۆی دەپەرستێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، وێنەیەکی تری سەرۆک بە ژورسەری مەلۆتکەیەکی بەریئدا هەڵدەواسرێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، مەترێکی تر لە نیشتیمان ئەفرۆشرێت و درەختێکی تری کوێستانەکان دەبڕنەوە و کانیەک ئەخنکێنن.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، بیرە نەوتێک ئەکەنە پاکەتی دیاریەوە و ئەینێرن بۆ ئەستەمبوڵ و تاران و واشنتۆن و تەلئەبیب.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، گەرێلایەک قیمە ئەکەن و ڕۆژێکی تر لە زیندانیکردنی ئۆجەلان زیاد دەکات.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، مەدالیای شەرەف بە خائینێک دەبەخشرێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، ژنێک ئەکوژرێت و کچێک ئەتک دەکرێت.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، نەفەرێکی تر زیاد دەکات تا ڕۆژی سێ شەممە بە کۆستەر بیانبەن بۆسەر مەزاری بارزانی و لەوێ بڵێن بژی بژی بژی..
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، گێلێک دێتە پێش تەلەفیزیۆنەکە و شیکاری هەواڵەکان دەکات و مژدەی گەورە بە بینەران دەدات و دەڵێت چاوەڕوانبن تا نەورۆز.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، ئەندام پەڕلەمانێکی دز خانەنشین دەکرێت بە نرخی شیرباییەکەی دایکی لەسەر حسابی منداڵانی ئەنفالەکان.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، کۆنە ئیستیغباراتێکی بەعس بە پلەی وەزیری پێشمەرگە خانەنشین دەکرێت بە هەمان نرخ.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، بریندارێکی تری کیمیاباران لە ناوجێگەی کەسیفیدا دیق دەکات.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، قازی محەمەدێکی تر لە مهاباد لەسێدارە دەدەن و مەلا مستەفایەکی تریش ئاش بەتاڵ دەکات.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، بارزانیەک ٣١ ی ئاب دروست دەکات و تاڵەبانیەکی تر لە تورکیا پەنجە ئەکات بە لوتیا و ئەڵێ "خەونی شاعیرانەیە"
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، ئەندام پەرلەمانێکی ئۆپۆزسیۆن کەرامەتی خۆی ئەدات بە شوقەیەک و هاوار دەکات ماست ڕەشە.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، کوردێکی تر ئەکەن بە کەباب و عەلی بۆسکانیەکی تر تیرۆردەکەن و مامەڕیشەیەکی تر دەنێرنە ناو کەمین و عەلی عەسکەریەکی تر بە چەکی گەورە دێتە کوشتن و ئەو پردانەی کە دروستکردنیان لە دەرەوەی لۆژیک ومەنتیقی سەرۆکدایە، دەڕوخێنرێن.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، ئومێد هەنگاوێکی تر دوردەکەوتەوە و منداڵانی مەکتەب خەونی ناخۆش دەبینن و کچ قەیرەکانی نیشتیمان شەوانە تووشی کابوس دەبن.
لەگەڵ لەدایک بوونی هەر کوردێکدا، ژمارەی ملیۆن ملیۆنمان ئەچیتە سەرەوە و کەچی کەس لەبیری نەوەکانی ئایندەدا نیە.
تکایە ئیتر لەدایک بوون راگرن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









