<

گوتارى بارزانی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

13/07/2010, 12:00 (GMT+1)

توركیا و ئێران ساڵانێكی زۆرە بەبیانووی بوونی گەریلاكانی پژاك و پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكەن و خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانەش ئاوارە و ماڵوێران دەكەن و رەز و باخ و ماڵات و سەرچاوەكانی ترى ژیانیان لی خاپوور دەكەن، بەڵام دەبینین تا ئێستا هەولێكی جدی لەلایەن دەسەڵاتە خۆماڵییەكەى خۆمان نەدراوە، بۆ بەرگری كردن لە گیان و مالًَی هاونیشتمانمان لە دەڤەرە سنوورییەكان، لە راستیدا نەنگی شورەییە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرگری لە خەڵكی ئەو ناوچە سنوورییانە نەكەن، كە لانكەى شۆڕش و جموجۆڵە سیاسییەكانی كورد بوون، لە سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو.
لێرەدا پێویستە پێداچوونەوەیەك بكەین، لە گوتارى سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ئەو تۆپبارانانە لە داهاتوو و ئێستادا، ئەویش ئەوەیە كە هەموومان بیرمانە و لە یادمان ناچێ، كاتێ لە ساڵی 2007 ئەمەریكا گڵۆپی سەوزی بۆ سوپاى توركیا هەڵكرد بۆ بەزاندنی سنوورى هەرێمی كوردستان لە دژى گەریلاكانی پەكەكە، مەسعوود بارزانی لە گوتارێكدا بۆ خەڵكی كوردستان و دنیا راى گەیاند "دەبێ سوپاى توركیا بەسەر لاشەی ئێمە سنوورى هەرێمی كوردستان ببەزێنێ"، هەر ئەو كاتیش بوو گەورەترین خۆپێشاندان لە هەولێر ئەنجامدرا، دژى سنوور بەزاندنی سوپاى توركیا و لە شكركێشی بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، هەروەها پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانیش ئامادەبوون دەست بدەنە چەك و رووبەرووی لە شكرى توركیا بوەستنەوە.

بەڵام ئەگەر بەراوردێكی گوتارى بازرانی لەو كات و ئێستا بكەین، چیمان بۆ روون دەبێتەوە، بێگومان هەموومان ئاگادارین كە بارزانی كاتێ لە سەفەرەكەى لە توركیا و چەند وڵاتێكی ترى ئەوروپا گەڕایەوە لە فرۆكەخانەى نێودەوڵەتی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی "ئیدانەى ئەو رەفتارانە دەكەین كە لەلایەن چەند حزب و لایەنێكەوە لە دژى چەند ئامانجێك لە توركیا و ئێران دەكرێ"، هەروەها ناڕەزایی خۆشی لەوە دەربڕی كاتێ ئەو سەردانی توركیاى كردووە، پەكەكە دەستی بەشەڕ كردووە.

سەیركەن بارزانی لەماوەى 3 ساڵدا چۆن هەڵوێستەكانی گۆڕان، رێگرتن بەجۆرێ كە بەسەر لاشەى ئێمەدا تێپەڕێ و ئیدانەكردنی جموجۆڵەكانی پەكەكە، چەند لێك دوورن، دەبێ سەرۆك لە بەر چ هۆكارێك و چۆن و بۆچی ئەو هەڵوێستەى ئاوەژوو بووبێتەوە، تۆ بڵێی ئەمە نهێنییەكی لە پشتدا نەبێ و واى لە سەرۆك كرد بێ لە بۆچوونەكانی پێشترى پاشگەزبێتەوە و رێك پێچەوانەى گوتەكانی پێشترى قسە بكات، ئەگەر نهێنییەك هەبێ، دەبێ ئەو نهێنییە چی بێ، كە واى لە بارزانی كردووە لە نێوان 3 ساڵدا لەسەر پرسێكی گرنگی نەتەوەیی 2 بۆچوونی تەواو دژ بەیەك بدات.

ئەى ئەگەر ئێستا سەركردایەتیی سیاسی كوردستان بێ هەڵوێست بێ، لە بەرامبەر بۆردمانی ناوچە سنوورییەكان و خەڵكی سڤیلی ئەو هەرێمەش لە ناوچە سنوورییەكان ئاوارە بن، كێ خەمیان بۆ بخوا! یان دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر بەقسە كردن داواى راگرتنی تۆپباران بكەن، چۆن چارەسەرى ئەو كێشەیە دەبێ.
 

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست